عوسمانی حاجی مارف
هێرشی غافڵگیرانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، کە خەڵکی ئەو ناوچانەی نزیکی کەرتی غەزەی لە خەو هەڵسان، چەکدارەکانی حەماس هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی تەنیشت کەرتی غەززە، بەهاویشتنی موشەک لە غەززەوە بەرەو تەلئەبیب و قودس و شارەکانی باشوور کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە، ڕۆژگارێکی سەخت و شۆکهێنەر و کارێکی نائیسانی و ناڕەوابو، سەدان کەس بەدیل گیران و سەدانی دیکەش کوژران.
لە بەرامبەریدا کاردانەوەی هیزەکانی ئیسرائیل، بە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە، بۆردومانی ناوچەکانی غەززەیان ئەنجامدا، کە لەئەنجامدا بەهەزاران کەس بە کوژراو و بریندار لەهەردولا بونە قوربانی، پاشان کارەسات و کوشتاری بە کۆمەڵ و وێرانکاریەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و ژیانی لە غەززەدا کردە ئەستەم.
لە ڕاستیدا دواتر ئەوەی خستە پێشچاومان، کە بڵێین “لافاوی ئەلئەقسا” کردارێکی کوتوپڕ و بێ پێشینە نەبو، واتە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو سیاسەت و مامەڵە نائینسانیانەی، کە حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر دانیشتوانی فەلەستین پەیڕەوی کردوە و سورە لەسەریان و بەردەوامی پێ ئەدات، ئەم حکومەتەی ئێستاش کە بە توندڕەوترین حکومەت لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیلدا پێناسە دەکرێت، بەجۆرێک کوشتنی فەلەستینیەکان ڕادەگەیەنێت، بەئاشکرا و بێ بەزەییانە داوای قڕکردنیان دەکات، پێم وایە گەر حەماسیش ئەو هێرشەی نەکردایە، ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا درەنگ یا زوو دەچووە ناومەیدانی ئەو شەڕەوە کە دەیەوێت پاکتاوی خەڵکی فەلەستین بکات، لە هەمانکاتدانایەوێت بە هێچ جۆرێک باس لە چارەسەری کێشەی فەلەستین و پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین بە فەرمی بناسێت.
بۆیە پەرچەکرداری هێزەکانی حەماس، بەجۆرێک لە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکدایە، کە پێشوەخت دەوڵەتی ئێستای ئیسرائیل هێرشەکەی بۆ سەر دانیشتوانی فەلەستین ڕاگەیاندووە، ئەمەش ئەو فرسەتە دەخاتە بەر بزوتنەوەی حەماس کە مەرامە سیاسیەکانی و جوڵەی سەربازی لەم ڕێگەیەوە بەکار بهێنێت و کارەساتێکی لەو چەشنەی لافاوی ئەلئەقسا بخولقێنێت.
بەڵام ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم کردارە سەربازیەی حەماس و خولقاندنی کارەساتێکی لەو چەشنە، لەوە واوەترە کە تەنها وەک پەرچەکردارێک لەلایەن حەماسەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت، بەڵکو ئەمجۆرە کردارە بەکارهێنانی فرسەتێکە، بۆ ڕاگەیاندن و عەمەلی کردنەوەی جەنگی حەماس، لە بەرامبەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیدا کارێکە لە دەرەوەی ویست و چوارچێوەی ئەو دەخالەت و سیاسەت و نەخشەو پڕۆژانەیە کە لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە پیادە دەکرێت، بۆ ئاڵوگۆڕێک بە ئامانجی زیاتر سەپاندنی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، کە لەئاکامدا هەوڵئەدەن ئیسرائیل بکەنە قەڵایەکی باڵادەست، بەبێ ئەوەی ئاماژەیەک بە چارەسەری کێشەی فەلەستین بدرێت.
هەڵبەتە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە دوای نزیکەی چەندین دەیە لە نائارامی و گێژاوی ناجێگیری سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەئاسانی نایەتە دەست، چەندین گرفت و کێشە لە بەردەم ئەم پرۆسەیەدا خۆی مەڵاسداوە، بەتایبەتی کێشمەکێشی نێوان تەواوی لایەنەکان بەتایبەتی کێشمەکێشی نێوان ووڵاتانی زلهیزی دنیا، کە جیاوازی بەرژەوەندیەکانیان گرفتێكی بەرجەستەو گرانە لەم پرۆسەیەدا.
بزوتنەوەی حەماس کە لە ناوچەی غەززە تاڕادەیەک توانیویەتی وەک هێزێکی بەرگریکار لە سەر کێشەی فەلەستین خۆی بەرجەستە کاتەوە، هەوڵیدا لە ئاڵوگۆری هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا پێگەیەک بۆ خۆی و جێگایەک بۆ ئایندەی کێشەی فەلەستین بکاتەوە.
بەڵام وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە حەماس، ڕاگەیاندنی جەنگ بو لەبەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا، ناتانیاهو وەک لایەنی ئیسرائیل ئەوەی دوپاتکردەوە، کە لە ئامادەباشیدان بۆ جەنگ و تۆڵەسەندنەوەیەکی توند لە حەماس و پاکسازی خەڵکی غەززە، بەم شێوەیە دۆخێکی زۆر نالەبارتر لەسەر دانیشتوانی ناوچەکەیان خوڵقاند، تاماوەیەکی نادیار دۆخی شەڕو مەترسی کاری تیرۆرستیان خستە ناو ژیانی خەڵکەوە.
هۆکاری سەرەکی ئەم ئاراستەیە، لە ناواخنی بەرژەوەندی سیاسەتی فاشستیانەی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دژی چارەنوسی فەلەستینیەکان هەڵدەقوڵێت، بە پاڵپشتی بێمەرجی دەوڵەتی ئەمریکاو حکومەتەکانی ڕۆژئاواو دەزگاکانی پڕوپاگەندەیان کە ڕێخۆشکەرو هاندەری ئەم کوشتار و بەربەریەتە بون.
بەڵام چارەسەری کێشەی خەڵکی فەلەستین کە گرێ و مەسەلەیەکی مێژوی و جدیە، پێویستە بەڕێگاچارەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین کۆتایی بەم کێشەیە بهێنرێت، تا ئەم کێشەیە بەهەڵواسراوەیی بمێنێتەوە، ئارامی و ئاسودەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەحمەتە فەراهەم بێت!.
دواتر هێرشەکان و توندوتیژی بۆردومانی بێبەزییانەی دژی دانیشتوانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، نیگەرانی جیهانی وروژاند، بەتایبەتی ئەم نیگەرانیە زیاتر بۆ فەلەستینیەکانی گەمارۆدراو لە غەززەی دەگرتەوە، هەوروەها پەرەسەندنی ئەم هێرش و ململانێیە شەڕێکی ناوچەیی مەترسیدارو گەورەتری وێرانکەری هێنایە سەر شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە تائێستا ناوچەکەی لە دۆخێکی تری نە ئاشتی نە شەڕ بۆ کاتێکی نادیار لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتووە
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان و هەڕەشە لە ئێران، ناوچەکەی تەواو خستە نێو دۆخێکی تەواو ناجێگیر و نائارامترەوە. ئەو توندوتیژیەی ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان ئەنجامیاندا، بۆئەوە بو لەم رێگە نائینسانیەوە کێشەی فەلەستین بخەنە کەنارەوە و گورزێکی گەورەش لە حەماس بدەن، تا بەم کردارە قێزەونە ئیعتباری هاوسەنگی هێز بۆ ئیسرائیل و دەسەڵاتی ناتانیاهو بگەڕێنرێتەوە.
هێرشی وێرانکاری و دڕندانەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر خەڵکی بێتاوانی فەلەستیندا، لەو کاتەدا بووە جێگای بەڕێخستنی ناڕەزایەتی جەماوەرێکی بەرفراوان لە جیهاندا، وە خواستی ڕاگرتنی شەڕو سەرکۆنە کردنی کردارەکانی ئیسرائیل، ئەو ناڕەزایەتیانەش لە بەرەیەکی ئینسانی و ئازادیخوازی بەرفراواندا سەریان هەڵدا، کە بەمانای بەرگری لە ژیان و گوزەران و دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل بوو.
چۆنیەتی بەربەریەتی داگیرکاری و هێرشی ئیسرائیل، بۆ سەر خەڵکی فەلەستین بە ئاگادری ئەمریکاو ڕۆژئاوا، یەکەم کۆمەڵکوژی نەبو کە ئیسرائیل ئەنجامی بدات، دواهەمینیش نابێت، بەجیا لەمەش ڕوی هەرە ناشرین و بۆگەناوی دیموکراتیەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوای خستۆتە سەر بەڕە.
کاتێک فەلەستینیەکان بێدەنگ دەبن، پشتگوێ دەخرێن، کاتێک بەڕەنگار دەبنەوە بە شەیتان ناوزەند دەکرێن، تەواوی ڕووداوەکان لە بەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا، مەترسیەکانی پشتگوێخستنی پرسی فەلەستین نیشان ئەدەن، نەک نەیانویست ڕێگاچارەیەکی عەمەلی و ئینسانیش بدەن بەدەستەوە، بەڵکو ئیسرائیل گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی توندوتیژتر دەستپێبکات بۆ لەناوبردنی ئەوان.
دوای ئەوەی ئیسرائیل دڵنیابو کە بۆردومانە ئاسمانیەکانی، باڵەخانە و تونێلەکانی وێران کردووە، هێرشەکانی بەردەوامی پێدا و هێزە سەربازیەکانی بەکارهێنا، لەهەمانکاتدا دەستدرێژیەکانی لەڕووی پانتاییەوە فراوانتر کرد و ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتووانەکەیدا چۆڵی بکەن، بەناوی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە بەدەست حەماسەوەن، بەڵام ئەمجۆرە لە هەڵگیرسانی شەڕ، سیاسەتی پاکتاوکردنە بۆ مەرامێکی سیاسی تر نەک ڕزگارکردنی بارمتە گیراوەکانی لای حەماس.
لەڕاستیدا ئیسرائیل لەڕێگەی وەزارەتی ئیستخباراتەوە، دانی بەوەدانا کە پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە، بەشێکە لە پاکێجی چەمکی سیاسەت و مامەڵەکردن لەگەڵ فەلەستینیەکاندا، دروستکردنی هەلومەرجێک بۆئەوەی ژیان لە کەرتی غەززەدا نەتوانرێت بەردەوام بێت، کە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ میسر یان کەنداو و هەرشوێنێکی تر.
لایەنگرانی ئیسرائیل، لە ئەمریکا و لە ڕۆژئاوا زۆرباش ئاگاداری ئەم نەخشەو سیاسەتەی ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل بون، هەنگاوە عەمەلیەکانی سیاسەتی پاکتاوکردنیان فەرامۆش دەکرد، زۆر بێشەرمانە بێدەنگیان لێدەکرد، بەپاساوی بەدیهێنانی ئاسایش بۆ ئیسرائیل، واتە دەبێت سەروو دوو ملیۆن لە خەڵکی غەززە بەزۆرەملێ لەناو بیابانەکانەدا جێگایان بۆ بکرێتەوە، تاوەکو ئیسرائیل بەم شێوەیە دەوڵەتە دینی و فاشیستەکەی پارێزراوبێت.
ئەوەی بەتایبەتی جێگەی سەرسوڕمانە، ووڵاتانی ڕۆژئاوا چاودێری هەموو ئەو کارەسات و ڕوداوە نائیسانیانەی ئیسرائیل بون، بەڵام کارە دڕندەکانی حەماس کە لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ئەنجامیدا، دەکەنە بیانوویەک بۆ عەمەلیکردنەوەی سیاسەتی پاکتاوکردنی تەواوی دانیشتوانی غەززە، لەلایەکی تریشەوە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەوروپی ڕەتیانکردەوە شاڵاوی بەربەریەتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوەستێنن، تائێستاش تەنها بەردەوامن لە دەربڕینی ئیدانەکردن بەرامبەر کوشتنی ئیسرائیلیەکان لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەرئیسرائیل. بۆیە ئەوە دەرکەوت ئەم کارەی ئیسرائیل دەیکات بەپشتیوانی هاوپەیمانەکانی لە رۆژئاواو و ئەمریکا، تۆڵەکردنەوەی کاریگەری قوربانیەکانی هێرشەکەی حەماس نیە! سیاسەتێکی پێشینەی پاکتاوکردنە بۆ دەرچونی ئیسرائیلە لەو قەیرانانەی هەفتا ساڵە لەبەرامبەر کێشەی فەلەستیندا دەرگیریەتی، لەهەمانکاتدا بۆ ڕوبەڕبونەوەی ئەو قەیرانەیە کە ئێستا لە پەیوەند بەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکهاتوە، ئەوە بێجگە لەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەیەوێ بەپاکتاوکردنی فەلەستینیەکان پێگەی داهاتووی خۆی بچەسپێنێت و باسێکیش دەربارەی دەوڵەتی فەلەستین لەئارادا نەبێت.
بە جیا لەوەی ئیسرائیل شکاندنێکی گەورەی بەخۆوە بینی لە هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، لە هەمان کاتدا هەموو جیهان بینیان کە ئیسرائیل ئەوەندە بەهێز نییە وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، لەسەرەتای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئیسرائیل لە حاڵەتی شەڕدایە، ڕایگەیاند تا سەرکەوتن لەم شەڕەدا ئامادە نیە هیچ جۆرە سازش و دانوسانێک بکات، بەڵام دوای چل و پێنج ڕۆژ زیاترلە بۆردومان و داگیرکاری و وێرانکاری وهێرشی دڕندانەو شەڕێکی نابەرابەردا، لە بەرامبەر بەڕەنگاری هیزێکی میلیشیای وەک حەماس، ناچار بو سازش قەبوڵ بکات!.
یەکێک لە مەرجەکانی ئاگربەستەکە مسۆگەرکردنی هاتنە ژوورەوەی یارمەتیە مرۆییەکان بو بۆ ناو غەززە، کە ئەو کاتە بۆ فەلەستینیەکانی غەززە گرنگیەکی باشی هەبوو، ئەمەش بۆ لایەنەکانی بەڕەنگاری لەڕادەبەدەر گرنگ بو بۆ ئەوەی وزە دابین بکەن. بەم شێوەیە لایەنە خۆڕاگریەکانی فەلەستین سەرکەوتوو بوون لە ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ هاتنە سەر مێزی دانوستان، کە فشارە جیهانیەکان و هێزی بەڕەنگاری توانی ئەم هەنگاوە بەدەست بهێنێت.
بەردەوامی داگیرکاری و کۆمەڵکوژیەکانی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی مەدەنی و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شەڕەکەدا، بۆ هەموان ڕون بوەوە کە چەند دیفاکتۆی ژیانی خەڵکی فەلەستین ئەو راستیە دەسەلمێنێت، بەڕەنگاری پێداویستیەکی زیندوی ژیان و خەباتی فەلەستینیەکانە، کە بۆ رزگاری و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە.
غەززە تەواوی ململانێی چەند ساڵەی فەلەستین و ئیسرائیلی لەخۆگرت، تیشکی خستەسەر ئەو دژایەتیە بنەڕەتیەی دەوڵەتی ئیسرائیل کە لە بەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا هەیەتی.
هەڵوێست و کاردانەوەی دژە ئینسانی دەوڵەتی ئیسرائیل، شکاندنی دەرگای درۆی دیموکراسی و مافی مرۆڤیان نیشانداین. دڕندەیی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و گەورەیی زیانە مرۆیی و مادییەکان، خراپترین کابوسی نیشان داین، ئەو ململانێیە بووەهۆی گیان لەدەستدانی هەزاران منداڵ لە غەززە و بووە هۆی وێرانکاریەکی بەرفراوان بۆ کەرتی غەززە. لێکەوتەکانیش کاریگەریان لەسەر تەواوی جیهان دانا، بەو پێیەی پایتەخت و شارەکانی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ووڵاتە عەرەبیەکان ڕێپێوان و خۆپیشاندانی بەرفراوانی بێوێنەیان نمایشکرد، ئەو نمایشەی کە دەوڵەتانی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ئیسرائیل و بانگەوازی دیموکراتیەتەکەیان و شەڕەکەیانی تیا شەرمەزار کرا.
بەرزبونەوەی ئاستی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل دەوری بینی لە قووڵکردنەوەی زیاتری ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەیەکتر جیادەکاتەوە، ڕۆژئاوا جگە لە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و کاری هەرزان شتێکی تری لە ڕۆژهەڵات ناوێت، بۆ ئەمەش بەهەر بەهایەکی نامرۆیی بێت دەیانەوێت کاری لەسەربکەن، دەوڵەتی ئسرائیل بەو قەڵا پتەوە دەبینین کە لەلایەک بۆ پاراستن لە ململانێ و مەترسیەکانی شەڕی جەماوەری ڕۆژهەڵات بیان پارێزێت، لەلایەکی ترەوە هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر جەمسەرە زلهێزەکانی بەرامبەریان ڕاگرن، بەڵام لایەنگری ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ ئەو دڕندەییەی ئیسرائیل ئەنجامیدا، بەرگریە لە ترسی هەرەس هێنانی قەڵاکەیان.
لە ماوەی سێ مانگدا، دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بە جینۆسایدێکی بێوێنە ئەژمار دەکریت، بۆردومانەکەی ئیسرائیل وێرانکاریەکی گەورەتری لەوەی ئەڵمانیا لێکەوتەوە، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا تووشی بوو.
ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە غەززە بوونە قوربانی زیاتر لە ٧٤٠٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاند، بۆیە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستی دەستبەجێی ئەم داگیرکاریەیان کرد.
هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، یەکێکە لە توندترین هەڵمەتی سزادان بە دژی خەڵکی مەدەنی لەمێژوودا، بێگومان دەتوانرێت بخرێتە ڕیزی یەکەمی لیستی وێرانکەرترین هەڵمەتەکانی بۆردومان تائێستا لە جیهاندا.
ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا گورزێکی پڕ لە ئازار بوو لە پێگەی بەناوبانگی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی، بەتایبەتی دوای ئەو شکستانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و عێراقدا تووشی بوون، لە سەر چارەنوسی شەڕی ئۆکرانیاش بێ ئومێد وەستاون، ئەم لافاوەش سەرسامی کردن و نازانن چۆن پێگەو ئعتباری بەرەکەیان بگەرێننەوە، ئێستا لە ناو گەورەترین کوشتار و وێرانکاریدا ململانێ و شەڕی جەمسەرەکان دەکەن.
ئەو جینۆسایدەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیداوە، تێگەیشتن لە ئامانجی ستراتیژی ئیسرائیل ئاسان دەکات، تەنانەت ئەگەر هێشتا بارودۆخی کەرتی ڕۆژئاوا وەک غەززە لەبارنەبێت، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئامانجی ستراتیژی ئیسرائیل سنوردار دەبێت، مانای ئەوەیە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی هەلومەرجی گونجاو، لە بەکارهێنانی هێرش بۆ سەر دانیشتوانی فەلەستین و لکاندنی ناوچەیەکی فراوانی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە.
دیدگای ستراتیژی ئیسرائیل، بەهیچ شێوەیەک باوەڕی بە ئاشتی نییە، لەسەر بنەمای ئەو قەناعەتە هەڵسوکەوت دەکات، کە دەسەڵاتی سەربازی خۆی ڕێگەی پێدەدات هەر یاسایەکی نێودەوڵەتی پێشێل بکات، کە بە بەربەستی بزانێت لەبەردەم پڕۆژەکەیدا، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت یان پرسیاری لێبکرێت.
ئیسرائیل بەردەوامه له پێشێلکردنی سەروەری سوریا و لوبنان وهەروڵاتێکی تر لە ناوچەکەدا، زیاتر ڕێبازێک دووپات دەکاتەوه، که لەسەر بنەمای هێز و فراوانبون و باڵادەستیە، هەر بەو جۆرەش وەک هاوپەیمانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران، نەک شەرعیەتی نێودەوڵەتی یان پێداویستیەکانی سەقامگیری ناوچەکه، وەک هێزێکی ئیقلیمی بە پشتیوانی ئەمریکا لە هەوڵی باڵادەستیە بەسەر ناوچەکەدا، بۆ ئەم نەخشەو پرۆژەیە دەوڵەتی فەلەستین جێگای نابێتەوە، ئەوەی شایانی باسە ئیسرائیل بەدوای هێرشەکانی بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان و بۆسەر ئێران نەک پرۆژەکانی سەرکەوتو نەبو، لە هەمانکاتدا هەوڵی بۆ بونی بە قەڵایەک لە ناوچەکەدا پاشکشەی پێکراوە.
ئەوەی دەتوانێت بەربەستێکی تەواو گەورەبێت لەبەرامبەر ستراتیژی شەڕنگیزی و پاوانخوازی ئیسرائیل و هەوڵی کۆنەپەرستانەی ترامپ لەسەر کێشەی فەلەستین و دووڕویی وڵاتە ئەروپیەکان، فراوانبونی ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریە لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا لەبەرامبەر هەردەخالەتێکی وڵاتانی زلهێزی دنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە هەمانکاتدا فەراهەم هێنان و دابینکردنی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
مبارزان کمونیست