عوسمانی حاجی مارف
لە ٢٨ی شوباتەوە، دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێو جەنجاڵی شەڕدا گیر خواردووە و تا ئێستاش لە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو شەڕەدا ژیان بەسەر دەبەن، شەڕێک کە بژاردەی خۆیان نییە و خوازیاری نەبوون. هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دۆخی ناوچەکەی بە تەواوی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێکی نائارام و نائاسودە، و پرسی نائەمنی و قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر کردووە. ئەم دۆخە دانیشتوانی خستووەتە چاوەڕوانییەکی بێکۆتایی، دۆخێک کە نە شەڕە و نە ئاشتی!
لە هەمان کاتدا، کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دوای ٧٠٢ ڕۆژ ڕاگرتن، بە بێباکییەوە بانگەشەی کاراکردنەوەی خۆی ڕاگەیاند. ئەمە تەنها ڕووداوێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو ئاکامی بنبەست و چەقبەستویی سیاسیی نێوان هەردوو بنەماڵەیە و پەیوەندی بە ئاڵۆزیی دۆخی سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. لە ژینگەیەکی ئاوادا، هەڵپەساردنی دوو ساڵەی پەرلەمان و پاشان بانگەشەی کاراکردنەوەی بە فەرمانێکی بارزانی، لەلایەک ئاکامی چەسپاندنی سیاسەتی ململانێ و دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەیە و لەلایەکی دیکەوە، ئاشکرای دەکات کە حیزبەکانی کوردایەتی، دوای ٣٤ ساڵ قۆرخکردنی دەسەڵات، بنبەستی حوکمڕانی و شکستی سەودا و مامەڵەیان بە مەسەلەی کوردەوە ڕاگەیاندووە.
لەنێو ئەم دۆخەدا، ئەوەی زۆرترین کێشەی بۆ باڤڵ و یەکێتیی نیشتمانی لە کاتی قەیرانی دانیشتنەکەی پەرلەماندا دروست کرد، نە ئەو ناکۆکییە بوو کە پارتی ڕایگەیاند کە پەرلەمان کارا دەکاتەوە، نە ئەو ڕیزبەندییانەی سەریان هەڵدا، بەڵکو پەیوەستبوونی چەند ئەندامێکی یەکێتی و نەوەی نوێ بوو بە بانگەشەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان. وا دیارە پەیوەستبوونی ئەندامانی یەکێتی بە دانیشتنەکەی پەرلەمان، بۆ تاڵەبانی هەستیارتر و ئازاربەخشتر بووە لە وردەکارییەکانی خودی قەیرانەکە و ڕاگەیاندنی کاراکردنەوەی پەرلەمان.
سەرکردایەتیی یەکێتی لەبری ئەوەی باس لە قەیرانەکە و هۆکارەکانی لەدەستدانی ئەندامەکانی بکات، سەرنجی خستە سەر تاوانبارکردنی بارزانی، وەک ئەوەی بەرپرسیارێتیی ڕۆیشتنی ئەندامەکانی لە ئەستۆی ئەو کەسانە بێت کە پێشوازییان لێکردوون، نەک لە ئەستۆی ئەو حیزب و بنەماڵەیەی کە نەیانتوانیوە ئەندامەکانیان ڕابگرن و بیانهێڵنەوە. ئەمەش کاردانەوەیەکی نابەرپرسیارانەی دوای دانیشتنەکەیە و لە هەمان کاتدا، بێمانایی و پووچیی ئەو پەرلەمانە کارتۆنییە دەردەخات کە چەندین ساڵە یاریی پێ دەکرێت.
حیزبێک کە پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕوون و دامەزراوەیەکی یەکگرتووی هەبێت، یاخیبوون و لادانی ئەندامەکانی وەک پیلان و دەستێوەردانی ڕکابەرەکانی لێک ناداتەوە، بەڵکو سەرەتا بەدوای ئەو هۆکارانەدا دەگەڕێت کە وای لە ئەندامەکانی کردووە لە حیزبەکە دوور بکەونەوە. ئاسانە هەرکەسێک لە حیزبێک بچێتە دەرەوە بە تۆمەتبار بناسێنرێت، یان ئەو کەسانەی پێشوازییان لێ دەکەن ببنە نەیار. ئەگەر مەسەلەکە تەنها لە ڕۆیشتنی پەرلەمانتارێک یان ئەندامێکی ئاساییدا سنووردار بوایە، ئەوە ڕووداوێکی ئاسایی دەبوو. ئەگەرچی هەندێكجار ناکۆکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی، تاکەکان ناچار دەکات هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن، بەڵام بارودۆخی یەکێتیی نیشتمانی و دەوری باڤڵ لەوە تێپەڕیوە، چونکە ڕۆیشتنەکان بەرەو سەرکردەکانی ناو مەکتەبی سیاسی و کەسایەتییە پلە یەکەکان و تەنانەت ئەو دامەزرێنەرانەی کە بەشدارییان لە دامەزراندنی یەکێتی و داڕشتنی ناسنامەکەیدا کردووە، درێژبۆتەوە.
ئەمە دۆخێکی خوێنبەربوونی سیاسی و ڕێکخراوەییە کە سەرکردەکانی یەکێتی لە ئەنجامی مامەڵەی باڤڵدا تێیدا گیر خواردوون. سەرکردایەتیی یەکێتی بە ئاسانی خۆی خستووەتە ژێر هەژمونی و دەسەڵاتی بنەماڵەوە. لەبەر ئەوەی دوای جەلال تاڵەبانی هیچ کەسێکیان نەیتوانیوە ئۆتۆریتەی سەرکردایەتییەکەیان بپارێزێت، ناچار ئەندامێکی نامۆیان خستووەتە پێش خۆیان و سەریان بۆ نەوی کردووە. لە کاتێکدا جەلال تاڵەبانی بەهۆی هەندێک لە سیفەتە کەسییەکانییەوە توانیی یەکێتی بپارێزێت، ئەوانەی دوای ئەو سەرکردایەتییان گرتە ئەستۆ، ئەو سیفەت و تواناییە پێویستەیان نەبوو بۆ پاراستنی قەوارەی یەکێتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕکابەری و ململانێ لەگەڵ بارزانیدا.
یەکێتیی نیشتمانی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لە مەیدانی سیاسیی کوردستاندا، سەرنجی خستووەتە سەر ململانێ و کێبڕکێ لەگەڵ پارتیدا. ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوون و ڕاگەیاندنی یەکێتی. هەر بەو مانایەش بە درێژایی ساڵانی هەڵسوڕانی سیاسی خۆی نەیتوانیوە پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بخاتەڕوو، یان دید و هەڵوێستێکی پێشڕەو و جیاوازتر لەسەر ستەمی میللی و مەسەلەی کورد لە بەرامبەر بارزانیدا نیشان بدات. بۆیە «ڕێبازی مام» لە کۆتاییدا ئەوەی لێ دەردەچێت، چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵە و پەرلەمانەکەشیان ببێتە تۆپی شەقشەقێنی سەرکردەی بنەماڵەکان.
لە لایەکی دیکەوە، ڕوونە کە پارتی لەژێر هەژمونی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانیدا دەچەرخێت. ئەم حیزبە مەسەلەی کوردی کردووەتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵە، لەپێناوی بەرژەوەندیی سیاسی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی کوردستاندا.
دامەزراندنی یەکێتی لەبنەڕەتدا کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر پێگە و دەوری بارزانی وەک هێزێک لە ناو بزوتنەوەی ناسیۆنالستیی کوردیدا، نەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێویستییەکانی چارەسەری کێشەی کورد. لە سەرەتاوە، هەر هەنگاوێکی سیاسیی هەردوو لایەنەکە کاردانەوە بووە بەرامبەر بە یەکتر، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پێگەی سیاسی و چەسپاندنی هێزی خۆیان. لە ئەنجامدا، هەردووکیان لە بازنەی کاردانەوە و وەڵامدانەوەی بەرامبەر یەکتردا گیریان کردووە. واتە ئەوەدەیسەلمێت کە بۆچی تا ئەمڕۆش دیدێکی سیاسیی ڕوونیان نییە، نایانەوێت بیر لە چارەسەری کێشەکانی کوردستان بکەنەوە و ناتوانن دامەزراوەی حکومەتێکی یەکگرتوو لە هەرێم پێکبهێنن. ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە هیچ کات نەیانویستووە پێداویستی و خزمەتگوزاری و سوودی بەرجەستەی خەڵکی کوردستان دابین بکەن و داواکارییەکانیان وەڵام بدەنەوە.
شایانی باسە، لە زۆربەی قۆناغەکانی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیدا، لە هاوکێشە سیاسییەکاندا پێگەی بارزانی باڵاتر بووە. پارتی وەک هێزی یەکەم مامەڵەی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکەدا کردووە و ئەمەش ئەو زەمینەیەی ساز کردووە کە تاڵەبانی زۆرجار ناچار بووە بە کەمتر ڕازی بێت و لە دەرەوەی پەرلەمان مامەڵە و ساتوسەودا بکات.
ئەم ئەدای سیاسییە بێبریقەی پارتی و یەکێتی، یان بە واتایەکی دیکە هەردوو بنەماڵە، لە سەرەتاوە بووەتە هۆی دابەشبوونی هەرێم بە دوو زۆن و دوو دەسەڵات. ئەم دابەشبوونە تا ئەو ئاستەی گەیشتووە کە پاش نمایشی دانیشتنی ئەم دەورەیەی پەرلەمان، دۆخێکی تەواو هەستیار لەسەر شانۆی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە دروست بووە. ئەوان لەگەڵ ئەوەی دابەشبوونی دوو ناوچەکە فەرمی دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا لە بنبەست و چەقبەستوییەکی سیاسییدا گەمە و مامەڵەی خۆیان دەکەن و ئایندەی کوردستانیش ناڕوونتر دەکەنەوە. هەروەها ناتوانن هاوسەنگیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا بپارێزن. هەر لایەک لە بارزانی و تاڵەبانی بەدوای ڕێکەوتن و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی خۆیەوەیە، بەڵام کێشەکان کاتێک گەورەتر دەبن کە ئەو پەیوەندییانە بۆ لاوازکردنی پێگەی یەکتر بەکار دەهێنن. لێدوانێکی باڤڵ کە دەڵێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا بەهێزترە لە پەیوەندییەکانی ئەوانی دیکە، ئەم پرسیارە دەوروژێنێت: پەیوەندییەکی وا بەهێزی لەگەڵ کام لایەن هەیە؟ چ سوودێکی لێ وەردەگرێت و چ ئومێدێکی بەو پەیوەندییەوە هەیە؟ بۆیە پەیوەندییە سیاسییەکانی هەردوو بنەماڵە، جگە لە ملشکاندنی یەکتر، هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی خەڵکەوە نییە. شانازیکردن بە پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا زیاتر لەوەی شانازی بێت، ڕیسوایییە.
هەوڵی جیاکردنەوەی سلێمانی و کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئەو مەبەستە، هەنگاوێکی تووڕەییئامێزی باڤڵە و وەڵامدانەوەیەکی توندە بەرامبەر بە یاریکردن بە دانیشتنی پەرلەمانەوە. بەم کارەیان پەرلەمانیان بە تەواوی بێبەها کردوە و دەریدەخات کە ئەوان چیتر کاریان بە پەرلەمان نەماوە. ئەمەش بە تەواوی لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا یەک دەگرێتەوە کە لە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و قەیرانەکاندا نازانن چییان بەسەر دێت و پێویستە چی بکەن.
ململانێی ئەم دواییەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، وەک دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانی، دیاردەیەکی نوێ نییە. بەڵام ئەوەی ئەم ململانێیە لە ململانێکانی پێشوویان جیا دەکاتەوە، سروشتی گۆڕانەکەیەتی، گۆڕانێک لە ڕکابەریی حیزبی و سیاسییەوە بۆ ململانێیەک کە بە تەواوی تێکەڵ بە بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییە ڕاستەوخۆکان و حساباتی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بووە. ململانێکەیان بە ڕواڵەت سیاسییە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئابووری و دارایی و تاڵانچێتی و دەستبەسەراگرتن و چۆنیەتیی دابەشکردنی سەروەت و سامانی کوردستانە.
ئەم سیستەمە تەنها بە هەردوو بنەماڵەی کوردستانەوە سنووردار نییە، بەڵکو تایبەتمەندییەکی دیاری سیستەمێکە کە لە تەواوی عێراقدا باوە. هێزە تائیفییەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هەمان چوارچێوەی پێکهێنانی حکومەتی بەغداددا تاڵانچێتی دەکەن و خۆیان لە سەرووی هەر پەرلەمان و حکومەتێکەوە دادەنێن. چڕبوونەوەی ئەم دیاردەیە، کۆتاییی کاریکاتۆریانەی پەرلەمانێکە کە ئەندامەکانی کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت.
لەکۆتاییدا، عێراق و کوردستان پێویستییان بە ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە بۆ ئاڵوگۆڕێک؛ ئاڵوگۆڕێک کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و تائیفی کۆتایی پێ بهێنێت، دەور و دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسییدا دابین بکات و حکومەتێک لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دابمەزرێنێت.
مبارزان کمونیست