بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان!
دۆخی سیاسی کوردستان لەناو بنبەست و گێژاوێکی کوشندەدا گیری خواردوە. هەلومەرجی ژیان و گوزەران و ئایندەی سیاسی خەڵك لەژێرسایەی دەسەڵاتی دوو حزبی میلیشیایی بنەماڵەییدا بەرەو وێرانی و داڕمان چووە. قەیرانی ئابوری کەمەرشکێن، پوکانەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتیەکان، بێکاری فراوان، نەدان و دواخستنی مووچەی کرێکاران و کارمەندان، گرانی و سەپاندنی چەندین جۆر باج و سەرانە بەسەر خەڵک و کاسبکاراندا و فروانکردنەوەی هەژاری، کەمەری خەڵکی کوردستانی چەماندوەتەوە. سەرەڕای ئەوە هەردوو حزبی بنەماڵەیی لەناو بێئاسۆیی و قەیرانی سیاسیدا گیریان خواردوە. نزیك بە دووساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارتۆنی هاوبەش پێکبێن.
دابەشبوونی یەکێتی و پارتی بەسەر کارەکتەرە ناوچەییەکانیدا( ئێران و تورکیا)، بەتایبەتی لەم دۆخە نادیارە سیاسیەی ناوچەکەدا کە بەهۆی شەڕ و ململانێی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا هاتۆتە ئاراوە و هەلومەرجی سیاسی- ئەمنی- ئابوری ناوچەکەی رووبەرووی گۆڕانکاری گەورە کردۆتەوە، وایکردوە کە نەتوانن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستە ئیداریەکان لەنێوان خۆیاندا رێكبکەون. بەکردەوە دەسەڵاتی دوو ناوچەو دوو زۆن پەیڕەو دەکەن. تەنانەت لە پەیوەند لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا وەکو دەسەڵاتداری ناوچەی سەوزو زەرد مامەڵە دەکەن و پەیوەندی و کۆبونەوەکانیان بەشێوەی حزبی، نەك حکومی، لەگەڵ حکومەتی ناوەند و بەرپرسانی بەغدا ئەنجام دەدەن! بەوجۆرە لەناو بێئاسۆیی سیاسیدا گیریانخواردوەو چاوەروانی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە ئەکەن!
بەشێوەیەکی گشتی لەئاکامی ئەم گۆڕانکاریانەوە، بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد لە ناوچەکەدا لە گیژاودایە، پاشەکشەی کردوەو پێگەی لە هاوکێشە سیاسیەکاندا لاوازبووە. لەسوریا دوای ئەوەی ئەمریکا پشتیوانیەکانی خۆی لە هێزەکانی هەسەدەوە گواستەوە بۆ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، ناچاربوون دەستبەرداری هێزو دەسەڵاتیان ببن و بچنە ناو حکومەتی ئیسلامی- عروبی سوریاوە! لە تورکیا پەکەکە بەتەواوی بنبەست و بێئاسۆ بووە و لەژێر فشار و لەسەر داواو پێداگری ڕێبەرەکەی ڕادەستی دەسەلاتی دەوڵەتی تورکیا بووە! لە کوردستانی ئێران دوای شکستی پرۆژەی بوون بە لەشکری پیادەی ئەمریکاو ئیسرائیل، چارەنوسێکی سیاسی نادیار چاوەڕێیان دەکات. لە عێراقیش بەهەمانشێوە پارتی و یەکێتی لەبنبەست و بێئاسۆیی سیاسیدا رۆژەکانی تەمەنیان دەگوزەرێنن و ئاراستەی رووداوەکان بەرەو ئەوە دەچێت حکومەتی ناوەندی زیاتر کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەرێمدا قایمتر بکات.
پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەکاتێکدا کە هێشتا پرسی شەڕی لەگەڵ ئێراندا یەکلایی نەبۆتەوە، بەمانای جێهێشتنی عێراق نیە بۆ ئێران، بەڵکو ململانێکان لەسەر ئایندەی سیاسی عێراق بەشێوەیەکی توندتر دەچنەپێشەوە. ئەگەر ئێران هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تا عێراق وەکو حەوشەی پشتەوەی هێزو نفوزی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، ئەوا ئەمریکاش لەرێگای توندکردنەوەی فشارە سیاسی و ئابوریەکانەوە هەوڵ دەدات هەژمونی خۆی بەسەر دەوڵەت و دۆخی سیاسی عێراقدا بسەپێنێت. لەم چوارچێوەیەدا رووی لە بەهێزکردنی پایەیەکانی حکومەتێکی ناوەندی کردوە. کشانەوەکەشی لە کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا مانای دەستبەرداربونی لە حزبەکانی کوردایەتی نیە و هێشتا کاری پێیان ماوە، بەڵام دەرەنجامەکەی بە لاوازبوونی پێگەی سیاسی ناسیۆنالیزمی کورد دەگات و ئایندەی حکومەتی هەرێم لێڵ و تاریکتر دەبێت!
بێگومان یەکێتی و پارتی بەشێوەی سیستماتیک هەوڵدەدەن ئاسەواری ئەو گیژاوەی تیایدا چەقیون و ئاکامەکانی ئەم دۆخە هەڵواسراوە سیاسیە لە هەموو بوارەکانی ئەمنی، سیاسی، ئابوریدا بەسەر خەڵکی کریکار و بەشمەینەتی کوردستاندا بشکێننەوە. ئەمەش کاریگەری زۆری بووە لەسەر لێڵبوونی ئایندەی ژیانی خەڵک و لەپاڵ کاریگەریەکانی شەر و ململانێی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەوەندەی دیکە ئەو دۆخەی خراپتر و تاریکتر کردووە. یەکێتی و پارتی، سەباری سەپاندنی دۆخێکی سەختی ژیان و بێبەشی و هەژاری بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا، هاوکات فەزای جەنگەکەیان قۆستۆتەوە بۆ توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی و خنکاندنی هەر دەنگێکی نارازی و رێگاگرتن و داپڵۆسینی هەرجۆرە نارەزایەتیەکی جەماوەری دژی دەسەڵاتەکەیان و دژی ئەو بێمافی و ستەمەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە.
لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی، بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەوە، وەکو خزمەتکار و ڕاوێژکاری سیاسی یەکێتی و پارتی رەفتاردەکەن و هیچ پەیوەندیەکیان بە مەسەلەو خواستەکانی جەماوەری زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستانەوە نیە. تەنها بەشوێن ئەوەوەن کە لەو خوانەی دەسەڵاتی گەندەڵ و چەتەگەری بارزانی و تالەبانی لەبەردەمیاندا دایانناوە، بەشی خۆیان بخۆن!
بەمجۆرە چ دەسەڵاتی میلیشیایی- بنەماڵەیی کورد و چ ئۆپۆسیۆنی بۆرژوازی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی، لە بنبەستێکی واقعیدا بەسەردەبەن. بەڵام بەشیک لە بورژوازی هێشتا دەیەوێ دەرچون لەم مەرگەساتەی خەڵک ببەستێت بە ڕێککەوتنی یەکیتی و پارتیەوە. ئەمە ئاراستەیەکی کۆنەپەرستانە و دژی خەڵکیە. هیچ ئومێدیک بۆ باشتربونی ژیانی خەڵک نە لە ڕێکەوتن و نە لە ناکۆکی دوو حزبی دەسەڵاتداردا نیە. لە هەموو ئەگەرەکاندا ئەوان تەبان لەسەر بێدەرەتانکردنی خەڵک. گشت کارکردی ٣٥ سالەی دەسەڵاتیان ئەمەی سەلماندوە. بە داتەکاندنی گیرفانی خەڵک و سەپاندنی نەهامەتی هەمەجۆر، سامانی بێسنور و ژیانی شاهانەیان بۆ خۆیان و خێزان و نەوەکانیان مسۆگەر کردوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بەرەو وێرانبوون و کارەسات بردوە.
بەشیکی تری بورژوازی کورد راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەیەوێ مەیلی گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەندی، وەکو ڕێگایەک نیشانبدات بۆ دەرچوون لە بنبەستی ئێستا و شکاندنی تەوقی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی. بۆ ئەمە مژدانەی ئەوە بە خەڵک دەدەن کە بەوجۆرە کێشەی گرانی و مووچە و سوتەمەنی و.. ئەم جۆرە شتانە چارەسەر دەبێت. ئەمە مەیلێکی شکستخواردوە، بۆ رزگاربون لە دەسەڵاتی بنەماڵە پەنا دەبات بۆ دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستتر. دەسەڵاتی ئیسلامی تائیفی-ناسیۆنالیستی تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانەی عیراق ناتوانێ رزگارکەر و جیگای ئومێدی خەڵکی کوردستان بێت. شەڕی دەرهاتنی خەڵکی کوردستان لە نەهامەتیەکانی ئێستا هەر لێرەیە؛ لە کوردستان، لەگەل بارزانی و تالەبانیەکان. ڕێگاچارە کۆتایهینانە بە دەسەڵاتی ستەمکاری بنەماڵەیی، دوای ئەوە دەسەڵاتێکی سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی خەڵکەوە دەتوانێ لە روانگەی بەرژەوەندی خەڵکەوە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دیاری بکات.
لەسەر بنەمای ئەوانە و بەوپێیەی کە:
١/ دەسەڵاتی میلیشیایی دوو بنەماڵە کابوسێکە ناکۆکی لە چارە نەهاتوی لەگەڵ خواست و ویست و ئاواتەکانی خەڵکی شارستانی کوردستان هەیە و هەر رۆژێک مانەوەی دەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی زیاتری کوێرەوەری ژیانی خەڵک و تاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان.
٢/ دابەشکردنی کوردستان بەسەر دوو ناوچەی نفوزی چەکداری- سیاسیدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی بێبەشکردوە لە پێناسەیەکی هاوبەشی یاسایی هاوڵاتی و پێناسەیەکی ناوچەیی پێبەخشیوون. بەوجۆرەش لەرووی خزمەتگوزاری و مافەکانیانەوە جیاوازی لەنێوانیاندا دروستکردوەو ئەوەشی کردۆتە بابەتێکی سیاسی بۆ دروستکردنی کینە و ناکۆکی لەنێوان هاوڵاتیانی زۆنی سەوزو زەردا.
٣/ ئەم دەسەڵاتە دوو زۆنیە، ژیانی خەڵکی لە دوو ناوچەی دەسەلاتیاندا کردۆتە بارمتە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی میلیشیایی بنەماڵەیی و مافیایی خۆیان.
٤/ بوونی دوو ناوچەی دەسەڵات و نفوزو ململانێی نیوان هەردوو حزبی فەرمانڕەوا دەرفەتی ئەوەی رەخساندوە کە دەوڵەتانی ناوچەکە هەمیشە دەرفەتی دەستێوەردانیان هەبێ لە دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و نائارامکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان.
٥/ نەبوونی حکومەتێكی سەراسەری پستبەستوو بە ئیرادەی خەڵک ڕێگرە لەوەی پەیوەندیەکی سیاسی- یاسایی شەفاف لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا دابمەزرێنێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان. ئەمەش خەڵكی کوردستانی خستوەتە ناو گێژاوی ململانێی بەرژەوەندیە سیاسی و ئەمنیە کۆنەپەرستانەکانی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمەوە و ژیان وگوزەرانی خەڵک و ئایندەی سیاسی کۆمەڵگا بەرەو نابوتی دەبات.
٦/ شکستی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی لە بەدیهێنانی هەرجۆرە چاکسازیەكی سیاسی و ئابوری و بوونیان بە خزمەتکار و راوێژکاری سیاسی و شەریکە بەشی یەکێتی وپارتی، بواری بۆ هیچ جۆرە خۆشباوەریەکی بە چاکسازی لە سیستەم و حکومەتی بۆرژوایی- میلیشیایی هەرێم نەهێشتوەتەوە.
تەنها ڕیگاچارەی دەرچون لە بنبەستی ئێستا و بوژانەوەی گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی کوردستان لە ململانێ و شەڕ و جەنگی هێزە شەرکەرەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە،لە هەنگاوی یەکەمدا گرێی خواردوە بە کۆتایهینانی دەسەڵاتی بنەماڵەییەوە وەکو فۆڕمیکی دەسەڵاتی چینی بورژوازی کورد. هاوکات دەبێ لەجێگای ئەو دەسەڵاتە بنەماڵەییە، دەسەڵاتێکی سیاسی سەراسەری یەکگرتوو پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵک لەسەر ئاستی هەموو کوردستان دابمەزرێ کە کۆتایی بە دابەشبوونی ناوچەیی و دوو زۆنی ئیستا بهێنێت. دەسەڵاتێکی سیاسی و حکومەتێك کە لەسەر بنەمای بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵك پێکبێت و بەرپرسانی حکومی لەهەموو پلەوپایەکاندا لەبەردەم جەماوەردا قابیلی لێپرسینەوە و لابردن بن. گونجاوترین و کارسازترین بەدیل حکومەتی کۆنگرەی سەراسەری شوراکانی کوردستانە. ئەم حکومەتە دەتوانێ هەنگاوی بەپەلە بنێ بۆ بوژانەوەی ژیانی خەڵک و دابینکردنی خواست و مافەکانیان، هاوکات شێوازی پەیوەندی سیاسی و یاسایی هەرێم لەگەل حکومەتی ناوەندی بەجۆرێک ڕێکبخات کە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکات.
کۆتایهینان بە دەسەڵاتی بنەماڵەکانی بارزانی و تالەبانی لەڕێگای بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری شۆڕشگێڕانەوە مەیسەردەبێت کە سنوری سیاسی خۆی لەگەڵ ئەو بزوتنەوە و حزبە سیاسیە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیانە جیابکاتەوە کە بوونەتە پاشکۆ و ڕاوێژکاری دەسەڵاتی بنەماڵەکان. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە رێكخراوە جەماوەریەکانی کریکاران و خەڵکی ستەمدیدە لەهەموو ناوەندێکی کارو خزمەتگوزاری و گەڕەکێکدا پیکبهێنرێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی کرێکاران و ژنان و جەماوەری ناڕازی کوردستان و هەموو ئەولایەن و کەسایەتیە ئازادیخواز و پێسکەوتنخوازانە دەکات کە ئایندەیەکی گەشاوەو ئارام و ئازادیان بۆ خەڵکی کوردستان دەوێت، پیکەوە شانبەشان لە دەوری ئەم ئاسۆیە ڕێکخراو یەکگرتوبین و خەباتی خۆمان پەرەپێبدەین.
مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦
مبارزان کمونیست