دۆستایەتی” نا دڵسۆزانە لە ژێر ناوی دۆستانەدا
وەڵامێک بە حیزبی حیکمەتیست
حیزبی حیکمەتییست لەڕۆژی ٢٠٥/١١/٤ نامەیەکی ناوخۆییان بۆ ڕابەری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان ناردوە، گوایە کۆمەڵێک ڕەخنە وسەرنج و پێشنیاری دڵسۆزانە “صمیمانە”یان ئاڕاستەی دوحیزب کردوە، دەربارەی تاکتیکی حزبمان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. لەو نامەیەدا داوایان کردوە نامەکە بدرێت بە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەردو حزب. پاش سێ ڕۆژیش ڕەحمانی حسین زادە لە گفتوگۆیەکدا هێرشێکی “صمیمانە”ی بۆ سەر دو حیزب دەستپێکردوو و هاوکات بەشێک لەنامەکەی بڵاوکردوەتەوە. کە لێرەدا بەکورتی لەوەڵامی نامە و شێوەو ڕەوشتی ئۆپۆرتۆنیستانە و “ناصمیمانە”یاندا، چەند خاڵێک باس دەکەین و دواتریش بەشێوەی تر وەڵامی وشە بە وشەی باسە سیاسیەکانیان دەدەینەوە.
١/ نامەکەی ئەواون بە بەرواری ٤/١١/٢٠٢٥ نوسراوە، هەمان ڕۆژ گەیشتنی نامەکەیان پێ ڕاگەیەندراوە و بەڵێن دراوە کە نزیکترین دەرفەتدا وەڵامیان دەدرێتەوە. لە رۆژی ٦/١١ لە کۆبونەوەی رۆتینی مەکتەبی سیاسیدا قسەو باسێکی لەسەر کراو ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی وەڵامیان بدەینەوە و تەنانەت ئامادەیش نیشان بدەین بۆ کۆبونەوەی هاوبەش کە ئەوان لە نامەکەیاندا داوایان کردبوو. ڕۆژی ٧/١١ وەڵامەکەیان ئامادەبوو بۆ ناردن، لەو کاتەدا ئاگادار بوین کە بەشیک لە نامەکەیان بڵاوکردۆتەوە بۆیە ناردنی وەڵامی نامەکەیان بۆ ئێمە ئیتر مەوزوعیەتی نەما و نەنێردرا.
٢/ پێش هەر شتێک ئەوان ئەگەر بەڕاستی “سەمیمانە” ومەسئولانه نامەی ناوخۆیان بۆ ڕابەری دو حزب ناردوە، ئەوا کاری ڕابەری دو حزبە و خۆیان دەزانن لە چ ئاستێکدا دەیدەن یان نایدەن بە ریزەکانیان. ئەمە ئیتر ڕەوشتێکی نەشیاو و ناسالمە کە دەیانەوێ لە قاڵبی دۆستانەدا بە حیسابی خۆیان کۆمیتەی ناوەندی لەدژی مەکتەبی سیاسی هانبدەن. بەڵام ئەمە محاسبەیەکی هەڵەیە، ئەم باسە پێشتر لە پلینۆم کراوە و کۆمیتەی ناوەندی هەردو حزب لەوە هوشیارتر و مونسەجیمترن کە ئەوان بتوانن لە دژی مەکتەبی سیاسی هەڵیانخڕێنن و تەفرەقە و ئینشقاق بخەنە ناو ڕابەریەوە. بێگومان پێشتریش لەمجۆرە کارەیان کردوە و هیچ دەسکەوتێکیان لێی نەچنیوەتەوە.
٣/نامەکەیان گوایە دۆستانەیە و لە قاڵبی هاوڕێیانە و “صمیمانە”دا ئاراستەی ئێمە کراوە. واتە شێوازەکەی بەو جۆرەیە کە ئێمە دۆستانە ئەم قسانە هەر بەخۆتان دەڵێین و ئێوەش بیدەن بە کۆمیتەی ناوەندی. بەڵام هاوکات و تەنانەت بەرلەوەی نامەکەش بنێرن وەکو سوننەتی هەمیشەییان، کەمپینی پروپاگەندەی سۆسیال میدیا و تەلفون کردن بۆ کادرانی حزبیان دەست پێکردوە. ئەم شێوازە نە تەنیا ناسالمە، تەنانەت پیلانگێڕانەیەو نیشانیدەدات کە نامە “دڵسۆزانەکەیان” پێشەکیەک بوە بۆ کەمپینیکی نەیارانە. هەنگاوی دواتریان نیشانیدەدات کە ئەو نامەیە تەنها وەکو بەڵگەیەکە بۆ زەمینە سازی هێرشی دواتریان. ئەگەر نامەکەتان هاوڕێیانە و دۆستانە و ناوخۆییە و تەنها بۆ ڕابەری هەردو حزبە، بۆچی تەنانەت بەرلەوەی وەڵامی ئیمە وەرگرنەوە بڵاوی دەکەنەوە؟!
٤/ ئەگەر باسی سیاسی و ڕەخنەی سیاسیتان هەیە، کەس داوای لێ نەکردون بیشارنەوە، ئێمە کێشەیەکمان نیە بە ئاشکرا باس و ڕەخنەکانتان بڵاوبکەنەوە. ئێمەش وەڵامتان دەدەینەوە. بە شێوەیەکی سیاسی و موتەمەدنانە جەدەلتان لەگەل دەکەین. ئەمە زۆر شارستانی تر و هەتا بەڕێزانەترە لەوەی لە پێشدا لەبەرگی دۆستانەدا خۆتان نیشان بدەن و بڵێن ئەم سەرنج و ڕەخنانەمان هەیە و هەر خۆشتان بەر لەوەی وەڵامی ئێمە وەرگرنەوە، دەست بەرن بۆ هێرشی نەیارانە. ئەوە بەجێی خۆی کە ئەمە رەوشتیکی کۆمۆنیستی نیە، تەنانەت سیاسی و سالم و موتەمەدینانەش نیە کە ویستوتانە قسە و مەرامەکانتان بەڕێگای پێچ و دەوەران بەرنە پێشەوە. ئاخر کەئێوە چاوەڕیی وەلامی نامەی خۆتان ناکەن و نیازتان ئەوەیە نامەو بۆچونەکەتان بڵاوبکەنەوە ئیتر چ پیویستی بەناردنی نامەو پێشنیارکردن وداوای کۆبونەوە لەئێمەدەکەن؟!
٥/ ئەمە یەکەمجار نیە کەئێوە ئەم دووحیزبە لەگەڵ ئەم ڕەوشتە نادروستەدا بەرەوروبکەنەوە، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەمان بۆ دەست هەڵگرن لەم شێوازە، بەڵام ئەمجارە ئەوە دەسەلـمێنێ کە ئێوە بە دوای پەیوەندی دۆستانەوە نیین لەگەلمان. لەمەش زیاتر دەیسەڵمێنێ کە ئیوە جیگای باوەڕ نیین. چونکە هەر نامەیەک لەلایەن ئێوەوە بێت، ئیمە دەبێ حیساب لەسەر ئەوە بکەین کەکەمپینێکی پیلانگێڕانە دژی ئەم دو حزبە لە پشتیی نامە “دۆستانە” و “ناوخۆی”یەکەتانەوە خۆی مەڵاس داوە.
٦/ ئەم جۆرە لەشێواز و مامەڵەیەی ئێوە لەگەل دو حزبی ئێمەدا، نیشانی دەدات کە دوری نێوان ئێمە و ئێوە تەنها ئیختلافی سیاسی نیە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئیختلافێکی قوڵە لە بواری فەرهەنگی سیاسی و پرەنسیپەکانی خەباتێکی سیاسی شەفاف و پیوەندی نێوان ئەحزاب.
٧/ بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ئێوە نامە “ناوخۆی”یەکەتان بڵاوکردوەتەوە، ئێمەش ئەم وەڵامەی خۆمان لە ئاستی گشتیدا بۆ ئاگاداری هەموان بڵاو دەکەینەوە.
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
هەردو حزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق و کوردستان ١١/١١/٢٠٢٥
مبارزان کمونیست