گفتوگۆی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب دەربارەی پلینۆمی ٣٣ی کۆمیتەی ناوەندی
ئۆکتۆبەر: هاوڕێ عوسمان، وەکو ئاشکرایە پلینۆمی ٣٣ی کۆمیتەی ناوەندی لە هەلومەرجێکی سیاسی زۆر هەستیاری ناوچەکە و کوردستانیشدا بەڕێوەچوو، دەکرێ لەوبارەیەوە جێگاو بایەخی سیاسی پلینۆم و ئەو ئاراستەی سیاسیە کە دەکرێ پلینۆمی ٣٣ی حزبی پێ بناسرێتەوە، ڕوون بکەیتەوە؟
عوسمانی حاجی مارف: کاتێک باس لە هەلومەرجی هەستیار دەکەین پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە ئەو دۆخە هەستیارە چیە؟، ئاشکرایە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ لە ٢٨ی شوباتەوە بۆ سەر ئێران چ دۆخێکی نالەباری لە ناوچەکەدا خولقاند، بەجیا لەوەی ژیانی خەڵکی ئێرانی لە تەواوی شەڕی ئەو چل رۆژەدا کردە دۆزەخ، لە هەمانکاتدا مەترسی ئەوە دەکرا ئەم شەڕە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە، چل ڕۆژ تەواوی دنیا چاودێری ئەو شەڕە و ئاکامەکانیان دەکرد و بینەری کارەساتەکانی بوین.
دوای ئەو چل رۆژە لە ٧ی ئەپریلدا ئاگربەستی دوو هەفتەیی لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام حاڵەتێکی زۆر نالەباری وەهای لە ناوچەکەدا پێکهێنا کە تا ئێستا وەستانی شەڕەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، واتە نەشەڕ نە ئاشتی، ئەمەش ئەو هەلومەرجە هەستیارەیە کە دۆخێکی تەواو ئاڵۆزی خستۆتە سەر شانۆی سیاسی ناوچەکە، کە ئاراستەی ململانێکان و کۆتاییەکەی بە کوێدەگات، نادیار و شێواوە، تەواوی ووڵاتان و هێز و لایەنەکان و دانیشتوانی ناوچەکە لە حاڵەتێکی چاوەڕوانیدایە، هەربۆیە پلینۆمی ٣٣ جەختی لەسەر ئومێد و ئاسۆیەک بوو کە چۆن بزوتنەوەی کرێکاری و خەڵکی کوردستان دەرکێشین لە کاریگەری نەرێنی ئەو دۆخە و حزب هەنگاوی بەرەو پێش بگرێتەبەر و لە هاوکێشە سیاسیەکاندا دەورێکی پێشڕەوانە بگێرین، تا لەمەیدانی شەڕێکی چینایەتەتیدا دژ بە تەواوی پۆخڵەواتەکانی بورجوازی کوردستان حزورمان هەبێت و بجەنگین، واتە دەوری ئێمە و خەڵکی ئازادیخواز لە ئێستادا هەوڵدانە بۆ تێپەڕاندنی ئەو چاوەڕوانیەی کەخەڵکی ناڕازی و توڕە بەدەسەڵاتی ئێستای بزوتنەوەی کوردایەتی ڕاگرتووە، هەربۆیە بەرنامە و باسەکان و بڕیارەکانی پلیۆنۆمی ٣٣ کە جەختی لەسەر ئەو ئاڕاستەیە کردبوەوە، کە ئاسۆ بەخش بێت، بۆ بەرزکردنەوی پێگەی حزب، بە حزوری لە مەیدانی ململانێ و ئەو شەڕەی بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی پێداویستیەکی حەیاتی و سیاسی و کۆمەڵایەتیە.
ئۆکتۆبەر: لە ڕاگەیاندنی کۆتایی پلینۆمدا ئاماژەتان بەوە کردوە کە پلینۆم کۆمەڵێك بابەتی سیاسی گرنگی لە بەرنامەی کاری خۆیدا جێگاکردۆتەوەو خراونەتە بەر قسەوباس و بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە دراوە، ئایا بە بڕوای ئێوە گرنگترین باسەکانی پلینۆم و لە دەوری چ پرس و مەسەلەیەکی عەمەلی کۆبوەتەوەو ڕاوەستاوە؟
عوسمانی حاجی مارف: سەرەتا باس لەسەر دۆخی سیاسی حزب بە فراوانی کرا، ئەم باسە گرنگیەکی جدی و تایبەتی هەبوو لە نێو باسەکانی پلینۆمدا، هەر بۆیە رێژەیەکی زۆری لە کاتەکانی پلینۆمی بۆ تەرخانکرا، تەواوی هاوڕێیان بەشداریەکی کاریگەر و پێشڕەو و هاوبەشیان بوو لەسەر هەڵسەنگاندنی دۆخی حزب دەربارەی کەموکورتی و پێشڕەویەکانی، لە هەمانکاتدا چۆنیەتی چونەپێشەوەی کاروبارەکانی ئایندەی حزب، ئەوەی لەم باسەدا جێگای بایەخە، جەختکردن بو لەسەر کارکردن بە ئۆمێد و ئاسۆیەک کە پێویستە ببێتە بنەمای ئاڵوگۆڕ لە جێگاوڕێگای حزب لەنێو هاوکێشە سیاسیەکان و بەرزکردنەوەی پێگەی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمەڵگەدا، ئەمەش پێوستی بە ئامادەبونی ڕابەریەکە ئەو ئاسۆیە بەردەوام بەرز ڕاگرێت، خودی ئەم باسە بە ئەنجامگیری ئیجابی گەیشت و دۆخێکی ئامادەکاری و شۆڕوشەوقێکی باڵای لەنێو هاوڕێیاندا بەدیهێنا.
باسێکی ترکە لەسەر هەلومەرجی سیاسی کوردستان بوو، لەم بابەتەدا زیاتر تیشک خرایە سەر دەوری هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بەردەوامی ئەم هەلومەرجە و کاریگەری لەسەر ناوچەکە، بەگشتی و دۆخی سیاسی کوردستان بە تایبەتی، لەم بارەیەوە باس لەسەر ئەوە کرا کە دۆخی سیاسی کوردستان، ئاڵۆگۆری جدی بەسەردا هاتووە و بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کورد لە تەواوی ناوچەکە بە گشتی لە قەیراندایە، هەروەها هاوکێشەکان گۆڕاون و پێگەی هێزە سیاسیەکانیش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، کێشەکانی کوردستان لە ناوخۆ و لە پەیوەند بە عێراقەوە گرفتی تازەی هێناوەتە پێشەوە، کە پێوست دەکات قسەی جدیان لەسەر بکرێت، بەهەر لێکدانەوەیەکی دروست کە پێشتر بومانە لەسەر دۆخەکە و دەوری ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕانە بەردەوام پێویست دەکات حزبمان لەم بارەیەوە باسی زیاتر و ڕۆشنکردنەوەی زیاتر بدات و ئەولەویاتەکانی دیاری بکات.
هەروەها لە درێژەی باسی هەلومەرجی سیاسی کوردستان، قسەوباس لەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتی بنەماڵە و حکومەتی تائیفی کرا، جەخت لەسەر کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو جۆرە دەسەڵاتانە بە پێویستی گەشەی خەبات و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانەوە گرێدراوە، لە هەمانکاتدا پێویست دەکات حزبمان دەوری پێشڕەو و کاریگەری هەبێت لە بەڕێخستنی بزوتنەوەیەک لە ئاستی عێراق و کوردستاندا بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیی. بەدوای ئەو باسەشدا دەربارەی گرانی و هەژاری کە خەڵکی کوردستانی خستۆتە دۆخێکی نالەبار و نەخوازراوەوە قسەو باسکرا، هەر لەو بارەیەوە بڕیارنامەیەک پەسەندکرا، هەروەها سەبارەت بە سیاسەتی ڕێکخستن لەناو کرێکاران و کۆمەڵگەدا قسەوباسی تەفسیلی کرا، لەهەمان کاتدا لەوبارەیەشەوە بڕیارنامەیەک پەسەند کراوە.
ئۆکتۆبەر: یەکێك لە بەڵگەنامەکان و لە وەڵامەکەی ئێوەشدا ئاماژەی پێکراوە، بەڵگەنامەی خەبات دژی گرانی و هەژاری بوە. بایەخی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەیەکی لەوجۆرە لە ئێستادا لە چیدایە؟ هەروەها ئەو هەنگاوە عەمەلیانە چیە کە دەتانەوێ بۆ بەئاکام گەیاندنی ئەو بەڵگەنامەیە دەستی بۆ بەرن؟
عوسمانی حاجی مارف: ئەو بەڵگەنامەیە لە چوارچێوەی ئەو واقعەوە دەرکێشراوە، کە بۆرجوا ناسیۆنالیستی کورد لەگەڵ ئەوەی لەبەرامبەر هەر قەیرانێکی سیاسیدا دەرگیر بون و بەجۆرێک بە بنبەست گەیشتوون، بەڵام پاوانخوازیان بە سەر سەروەت و سامانی کوردستاندا و چڕکردنەوەی زیاتری کەڵەکەی سەرمایە بە جەردەیی و تاڵانچێتی، هەروەها ئیستغلال کردنی زیاتر بە سک هەڵگوشینی کرێکاران و زەحمەتکێشان، هەڵکشانی بێکاری و نەداری، ئاشکرایە کە هەوڵدەدەن فەلاکەت و هەژاری بسەپێنن و بیکەنە واقعێکی سروشتی و ژیانێکی قەبوڵکراو بەسەر ڕیزێکی بەرین لە دانیشتوانی کوردستاندا، بەم شێوەیەیە دەیانەوێت هەژاری وەک بە فەرمی ناسینی دیفاکتۆی ژیانی خەڵک قەبوڵ کرێت، ئەم بەڵگە نامەیە و باسەکەی لە پلینۆمدا جەختی لەسەر ئەوە بو کە پێشبینی دەکرێت بورجوازی کورد، خەڵکی کوردستان بخاتە بەردەم مەترسی ئایندەکی نەخوازراو، بەم شێوەیەش ناڕەزایەتیەکان لە قاڵب بدات، دۆخی ئاواڵە بۆ کەڵەکەی سەرمایە زیاتر بخاتە سەرپشت، لەم واقعەوە بەڵگەنامەکە ڕێگای خەبات و هەنگاوە عەمەلیەکانی بەڕەنگار بونەوەی ئەو واقعە تاڵەی خستۆتە ڕوو، کە پێویستە پێشوەخت ڕێگە بە تەشەنەی هەژاری و برسێتی بگرین.
ئۆکتۆبەر: لە یەکێك لە بەرنامەکانی پلینۆمدا باسی دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەکەن، ئایا دەتانەوێ لەوبارەوە چی بڵێن؟ بۆچی ئەم باسە هاتۆتە ناو بەرنامەی کاری پلینۆمەوە؟ بەدیلی سیاسی بۆ ئەمجۆرە دەسەڵاتە چیە؟
عوسمانی حاجی مارف: هەڵبەتە ئەم باسەش وەک درێژکراوەی هەمان ئەو باسانەی پێشووە، کە لەئاراستەی ئامادەیی خەباتی سیاسی حزبە بۆ دەورو دەخاڵەتی لەو ئاڵوگۆڕانەی کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق تیا دەچەرخێ، دیمان کە بەدوای ١٩٩١ لە کوردستان و ٢٠٠٣ لە عیراقدا، چۆن هێزە میلیشیاکان لە ئەحزابی ناسیۆنالیست و ئیسلامی هێژمۆنی خۆیان بە هێزی چەکداری بەسەر حکومەتدا جێگیرکرد، حکومەتێکی بەشبەشێنەیان لە نێوان هێزی تاتیفی و بنەماڵەییدا دامەزراند، چوارچێوەی حوکمرانیان بەو شێوەیە کردە واقعیەتی سەپێنراو بەسەر عێراقدا. ئەتوانم بڵێم ڕەسمیەتدان بەم دەسەڵاتە و درێژەپێدانی بۆتە کابوسێک بەسەر ژیانی دانیشتوانی عێراق و کوردستانەوە، لەهەماکاتدا ئامڕازێکی دەسەڵاتە کە مایەی ئەوپەڕی وێرانکاری و فەلاکەت و قوربەسەریە بۆ خەڵکی، لەهەمانکاتدا وەک پێکهاتەیەک بۆ پاراستنی سەرمایە و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە، سەرچاوەی عەزابی توندی کرێکاران و زەحمەتکێشانە، سەرچاوەی زیاتر هەژار کردن و برسی کردنە، هەڵبژاردنی حزبمان بۆ جەختکردن لەسەر وەستانەوە دژی دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵە و خەباتکردنە بۆ کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، لە هەمانکاتدا بەرزکردنەوەی دروشمی “کۆتایهێنان بە حوکمی تائیفی و بنەماڵە”، “نابۆدەسەڵاتی بنەماڵە” لەو واقعیەتەوە باسی لەسەر کراوەو پەسەند کراوە، تا کاری لەسەر بکەین، لەهەمانکاتدا پەیوەست بونە بە ڕیزێکی بەرینی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و عێراقەوە، کە بێزرا و توڕە و ناڕازیە لەبەرامبەر ئەم پێکهاتەیەدا، خواستێکی بەرین و واقعی خەڵکی عیراق و کوردستانە کە دەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفی لە گەڵ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیاندا بەهیچ جۆرێک ناگونجیت.
ئۆکتۆبەر: ئەگەر شتێكی دیکە کە خۆت پێتوایە گرنگە لەسەر پلینۆم باسی بکرێ لەو پرسیارانەدا نەهاتوە؟
عوسمانی حاجی مارف: ئەتوانم بڵێم ئەو بنبەست و بێدەنگیەی لە ئاستێکی دیاریکراودا کە زۆر کەس و لایەن لەبەرامبەر ئاڵۆزی و نالەباری دۆخی سیاسی ئێستای ناوچەکەدا هەیانە بێئاسۆیی و سەرگەردانیان پێوە دیارە، ئەم پلنۆمە بە باسەکان و ئامادەییەکانەوە هەنگاوێکە بۆ کردنەوەی دەرگای ئاسۆیەک کە پێوێست دەکات پەیوەندیەکی پتەوتر لەگەڵ یەکتر و کەسان و لایەنی تردا رێکبخەین، لەهەمانکاتدا هەوڵبدەین دەوری رێكخەر و پێشرەو لەنارەزایەتیەکاندا بچەسپێنین.
مبارزان کمونیست