ژیانئاوای لە ناکاوی هاوڕێ جەلیل عەبدال شەهباز

ژیانئاوای لە ناکاوی هاوڕێ جەلیل عەبدال شەهباز چەندە ناخ هەژێن و خەمێکی سەختە بۆمان، لە هەمانکاتدا بۆشاییەکی لە بەردەم هەڵسورانی سیاسی و فکری حزبمان دروستکرد، هەروەها مایەی کەلێنێکە بۆ هەڵسورانی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ناوچەی بادیناندا.
هاوڕێ جەلیل کەسایەتیەکی ڕابەرو ناسراوی کۆمۆنستی ناوچەی بادینانە، کە لە ماوەی چلوپێنچ ساڵ زیاتر دەوری دیوە لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی کۆمۆنستی و خەباتی کۆمۆنستیدا و جەختکردنی لەسەر حزب و حزبیەتی کۆمۆنستی لە ڕابەریکردنی شۆڕشی کرێکاریدا، بەو مانایەی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری وەها ناسیوە کە ئامڕزای دەستی خەباتی چینی کرێکارە بۆ شۆڕشی سۆشیالستی.
دوای هەرەس هێنانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ساڵی ١٩٧٥ دا لە ڕێگەی کەسوکاریەوە چووە سوریا و پەیوەندی کرد بە یەکەم دەستەی هێزی چەکداری یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، بە سەرکردایەتی برایم عەزۆ، هەروەها لە سوریا چووە ناو دەورەی دراسەی ئەلقە مارکسیەکانەوە.
لە مانگی شەشی ١٩٧٦دا ئەو دەستە چەکدارە هاتنە ناوچەی بادینانی کوردستانی عێراق، دواتر برایم عەزۆ هاوڕێ جەلیلی ڕاسپارد، کە نامەیەکی جەلال تاڵەبانی بگەیەنێت بە شاسوار جەلال ناسراو بە(ئارام) لەڕێگەی شازاد صائبەوە. لە گەڕانەوەیدا لە سلێمانیەوە بۆ دهۆک و لە هەوڵی پەیوەندکردنەوەی بە برایم عەزۆوە ماوەیەکی خایاند، پێش هەوڵدانی پەیوەند کردنەوەی بەدەستەکەوە، برایم عەزۆ تیرۆرکرا، هەروەها هاوڕێ جەلیلیش لەو ماوانەدا دوو جار دەسگیرکرا، کە توانی بەڕەنگاری بکات و بە سەلامەت دەرچێت.
پاشان هەوڵیدا خوێندی ئامادەیی تەواو کات و دواتر درێژە بە خوێندن بدات لە دانشگای موسڵ، کە لە بەشی کارگێڕی و ئابوری لە ساڵی ١٩٨٠- ١٩٨٤ بەشی ئابوری تەواو کرد.
لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەوە لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی یەکێتی تێکۆشانی کارگەران، دەبێتە ئەندامێکی چالاک، لە ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ بەرپرسی بادینانی ڕێکخراوی کارگەران دێتە سلێمانی پەیوەندی بە عوسمانی حاجی مارفەوە دەکات، بۆ قسەو باس لەسەر کاروباری ڕێکخراوی کارگەران و چۆنیەتی ڕێکخستن لە ناوچەی بادینان و دانشگای موسڵ.
پاش ئەوەی بەرپرسی ڕێکخراوی بادینانی کارگەران لە ساڵی ١٩٨٢ئەمری گرتنی دەردەچێت، دهۆک بە جێدەهێلێت و پەیوەندی بە هاوڕێیانی دەرەوە دەکات لە ناوزەنگ.
هاوکات هاوڕێ جەلیل تەواوی پەیوەندیە ڕێکخراوەییەکانی کارگەران وەردەگرێت و سەرکەوتوانە بەڕێوەیان دەبات.
هاوڕێ جەلیل وەک کادرێکی پێشکەوتوی ڕێکخراوی کارگەران، توانی ڕۆڵێکی پێشڕەوانە، لە ناو دانشگای موسڵ و ناوچەی بادیناندا ببینێت، کەسانێکی زۆری لە ئەندام و دۆست بەدەوری خۆیدا ڕێکخست، جگە لە بەڕێوەبردنی هەڵسورانی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە دانشگای موسڵ و ناوچەی بادینان، لە هەمانکاتدا پەیوەندی و هاوڕێیەتی فراوانی لە گەڵ کەسانی مارکسی غەیری ڕێکخراوی کارگەراندا هەبو.
بەدوای ساڵی ١٩٨٥ و هەڵوەشاندنی رێکخراوی کارگەران، دواتر لە دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنستەوە، بەهەمان شێوە لە ڕیزەکانی ڕەوتی کۆمۆنستدا درێژەی بەکاروباری ڕێکخستنی ڕێکخراوەیی لە ناوچەی بادیناندا دا، هەروەها لە ڕێگەی دانشگاوە تۆڕێکی بۆ ڕەوت لە بەغدا دروست کرد
ئەوەی شایان باسە لە ساڵانی ١٩٨٨دا کارێکی لەگەڵ کۆمپانیایەک لە باشوری عێراق پەیداکرد، لە هاوینێکی گەرمدا وەک ئەرکێکی ڕێکخراوەیی بۆ پەیداکردنی سەرچاوەیەکی دارایی ئەو کارەی ئەنجامدا، لە ئەنجامدا دەستکەوتێکی باشی دارایی بۆ ڕەوتی کۆمۆنست بەدەست هێنا، لەو کارەیدا توانی زیاد لە بیست هەزار دیناری سویسری بەدەست بهێنێت، ئەتوانم بڵێم ئەو بڕە پارەیە ئاسۆی کاری سیاسی ڕەوتی کۆمنستی بەرزکردەوە، ڕەوتی خستە ئاستێکی تر لە خەباتی سیاسیدا، کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی دڵسۆزی و بەرجەستەیی هاوڕێ جەلیل، چونکە توانیمان ئەو چاپخانە نهێنیەی پێشتر بومان، چاکی بکەین و گەشەی پێبدەین، کتێب و نوسراوەکانی ڕەوت چاپ بکەین و بڵاوی کەینەوە، ئەو چاپخانەیە و بڵابونەوەی نوسراوەکان بە شێوەیەکی فراوان لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنستی ئەو کاتەدا، سەروسەدایەکی تایبەتی دا بە ڕەوتی کۆمۆنست.
بەهەمان شێوە هاوڕێ جەلیل لە دامەزراندنی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراقدا لە ساڵی ١٩٩٣وە، وەک کادرێکی پێشڕەوی حزب لە ناوچەی بادینان ڕۆڵی پێشڕەوانەی دی، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی بیستدا،هاوڕێ جەلیل و هاوڕێ نەزیر عومەر دوو هەڵسوڕاوی پێشڕەوی حزب بون، بەڵام بەداخەوە کە ڕفاندنی هاوڕێ نەزیر عومەر و دواتر تیرۆرکردنی، مەحدودیەتی بۆ هەڵسورانی حزب پێکهێنا.
لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی بیستدا هاوڕێ جەلیل سەفەریکرد بۆ ئەڵمانیاو لە شاری بەرلین جێنشین بو، لە بەرلینیش وەک کادرێکی پێشڕەوی ڕێکخراوی دەرەوەی حزب کاروبارەکانی ئەنجام ئەدا.
لە دوای ژیانئاوای هاورێ مەنسور حکمت، ئختلافاتێک لەڕیزەکانی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری ئێران پێکهات و ئاکامەکەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا جیابونەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانی لێکەوتەوە، ئەم جیابونەوەیە کاریگەری لەسەر حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراقیش دانا، دواتر هاوڕێیانێک لە حزبی عێراق جیابونەوە و حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراقیان دامەزراند، هاوڕێ جەلیل لەو ئختلافاتانەدا ڕیزی خەباتی سیاسی گواستەوە بۆ ناو حکک چەپی عێراق، لەو حزبەدا وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەردەوامی بە کاری سیاسی خۆیدا، ئەوەی جێگای تەقدیرە لەگەڵ ئەو جیابونەوەیشدا هاوڕێ جەلیل نەک پەیوەندی هاورێیەتی لەگەڵ هیچ کەسێک لە حزبی ئێمە دانەبڕی، بەڵکو بەردەوام فرسەتی دروست دەکرد بۆ قسەو باس لەسەر ئختلافاتەکان و باسی سیاسی، هەروەها بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو حزب.
بە جیا لەوەی لە لندن و بەرلین یەکتریمان بینی، هەمو گەڕانەوەیەکی بۆ کوردستان بۆ چەندین جار دەهات بۆ لام بۆ سلێمانی و هەر دانیشتنێک تا شەوانی درەنگ قسەو باسمان دەکرد.
لەم دواییانەدا لەدوای ساڵی ٢٠٢٠وە هاتنەکانی بۆ سلێمانی فرسەتی زیاتری دروستدەکرد بۆ قسەو باس بە تایبەتی بەدوای ٢٠٢٢ وە بە تایبەتی کە بڕیاریدا بە یەکجاری لە دهؤک جێنیشین بێت، بەشێوەیەک باسەکانی دەکرد کە دەورو کاریگەریمان لەسەر ناوچەی بادینان بەگشتی و دهۆک بە تایبەتی چۆن بێت، لەم بارەیەوە ئاراستەی کارەکانی لەسەر ئەو ئەڵقە مارکسی و ڕۆشنفکرانەی لەم دواییانەدا سەریان هەڵداوە، کە لە دهۆکدا وەک گروپ پێکەوە دراسە دەکەن، هاوڕێ جەلیل پەیوەست بووە پێیانەوەو بەشدار بووە لە ڕۆشنکردنەوەی باسەکانیاندا، لە هەمانکاتدا بینینی ئەو کەسانەش کە هەریەک بە جۆرێک ناڕازین لەدەوری پارتی لە زۆنی زەردا.
بەگشتی دەربارەی دەورومان لە بادینان بەردەوام لە هەوڵدا بوین کە چۆن رێزی ئەڵقەکان و ناڕەزایەتیەکان ڕێک بخەین و کۆمۆنزمی کرێکاری لەو ناوچەیە پێگەیەکی بەهێز پەیدا بکات.
ئەوەی ڕاستی بێت بەدوای ٢٠٢٤وە هاوڕێ جەلیل باسی ئەوەی دەکرد لەگەڵ ئەو ئەڵقانەدا لەگەڵ هەر دراسەیەکدا دەیکەن بۆ خۆی تەئکیدی لەسەر ئەوە بووە لە گەڵیاندا، کە گرنگی بونی حزب بۆ شۆڕشی سۆشیالستی جێگاو ڕێگا و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەم پرۆسەیەدا مەبەستی کارکردنی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستانە، کە چۆن دەور ببینین لە چونیەتی ڕێکخستن لە دهۆک و ناوچەی بادیناندا، چۆنیەتی سەرپەرشتی کارەکانمان، کەلەم بارەیەوە لە دانیشتنی تایبەتدا قسەمان لەسەر ئەو نەخشانە بوو کە پێویستە ئەنجامی بدەین، لە هەمان کاتدا تەئکیدمان لەسەر چۆنیەتی کارکردنمان بە پارستنی باری ئەمنی هاورێ جەلیل بەهۆی دۆخێکی تایبەتی هەلومەرجی نائەمنی دهۆکەوە.
بەڵام بەداخەوە کە ژیانئاوای هاورێ جەلیل لە ٤/٥/٢٠٢٦ بۆ دواجار بەجێی هێشتین و کەلێنیكی بۆ ئەو کارانەمان دروست کرد، بەڵام خۆشبەختانە کە ڕایەڵەیەکی بۆ ناسین و پەیوەندی بۆ دروستکردین، کە هەوڵبدەین ئەو کەلێنە تێپەرێنین.
لە کۆتایدا ئەتوانم بڵێم کە هەوڵئەدەین دریژەدان بە دەوری خەباتی دژی سەرمایەداری و خەبات و ریکخستنی کۆمۆنستی هاوڕێ جەلیل ئەرکی ئێمەیە و پێویستە بۆشاییەکەی پڕ بکرێتەوە.
هاوکاتیش سەرەخۆشی لە هاوژینی هاوڕێ جەلیل، بیرڤان و کورەکانی نیبار و دلوار و نژیار و خوشک و برا و کەسوکار و هاورێکانی دەکەم
بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێ جەلیل
عوسمان
٢٤/٥/٢٠٢٦