گەندەڵی لەگەروی حوتەکاندا

 

عوسمانی حاجی مارف

هەڵمەتی دژی گەندەڵی، وێنەی کۆشکی گرانبەها و ئەسپی بەنرخ و کیسەی دۆلار و دیناری شاردراوە لە کێڵگە و ماڵەکاندا، ڕوخساری ناشرینی سیستەمی گەندەڵی حکومەتی تائیفیان ئاشکرا کرد، چونکە گەندەڵی لە عێراق تەنها دزی تاکە کەسی نیە، بەڵکو بۆتە قەوارەیەکی ئۆرگانیک کە لە خوێنبەرەکانی دەوڵەتدا درێژدەبێتەوە، کە نیوەی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لە کاتێکدا تەنێک زێڕ و ئۆتۆمبێلی لوکس لە خەزنەکانی ئەو کەسانەی کە لە ڕووی سیاسیەوە پارێزراون، کەڵەکە بون.

تێڕوانینەکان لەسەر کەسایەتی عەلی زەیدی و پاڵنەرەکانی جیاوازن، لەکاتێکدا هەندێک وەک پاڵەوانێک دەیبینن، گوایە هەوڵی گەڕاندنەوەی شکۆمەندی دەوڵەت دەدات!، هەندێکی تر بە بێهەڵوێستی دەزانن و وەک کەسێکی دەخالەتگەری دەرەکی سەیری دەکەن، زەیدی بەرهەمی ئەم سەردەمەیە کە وەک بازرگانێک  لەناو سیستمەکەدا بەرزبۆتەوە و لەچوارچێوەی تۆڕەکانیدا کاردەکات، یان کاری پێدەکەن، بۆیە دەشێ بۆ دەوری زەیدی چەند حاڵەتێک دەستنیشان بکرێت، دەکرێ وەک ڕوخسارێکی نوێ بێت بۆ دامرکاندنی رای گشتی بازاڕ و  ناڕەزایەتی جەماوەری بەرامبەر گەندەڵی، یان لەڕێگەی ڕێکەوتنە ناوخۆیی و دەرەکیەکانەوە هەوڵئەدات قۆناغێکی راگوزەر بەڕێوەببات بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی ئابووری، هەروەها یان هاوبەشێکی پراگماتی ئەمریکایە، کە هەوڵدەدات کەرتی دارایی عێراق کۆنترۆڵ بکات و هەندێک سەرچاوەی کاریگەری ببڕێت. لەهەمانکاتدا گۆمانی تیا نیە کە دەیەوێت وەک سەرۆکەکانی پێشخۆی هاوسەنگیەک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەبەرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین زەیدی لەناو گێژاوێکدا یاری بە چارەنوسی عێراق و خۆی دەکات.

لەناو ئەم گێژاوەدا و لە دنیای واقعدا ڕاستیەکی تاڵ دێتە ئاراوە کە گوزارشت لە ترسی گشتی دەکات بەرامبەر ئەم هەڵمەتی دژی گەندەڵیە، هەر لەسەرەتاوە ناوەڕۆکی هەڵمەتەکە پوچی خۆی دەسەلمێنێت، چونکە هەوڵدان بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو زلهێز و کەسانەی چەندین ساڵە بنەمای نەخشە داڕێژی سیستمی تاڵانچێتی و گەندەڵین، ئاکامەکەی هەڵکەندنی گۆڕی خۆتە و دەبیتە ژەمی خواردنی داهاتووی نەهەنگەکان. ئەم هەڵمەتە هەر لەسەرەتای پرۆسەکەوە پەکی دەکەوێت و ئیفلیج دەبێت، لەکاتێکدا دەڵاڵی دەسەڵاتی ڕاستەقینە و ئەوانەی پاراستنی حزبیان هەیە دەست لێنەدراون و گەندەڵیش دەورانەکانی ڕاناوەستێت.

تەرکیزکردن تەنها لەسەر فەرمانبەرە بچوکەکان یان چەند ئەندام پەرلەمانێك، کێشەکە چارەسەر ناکات؛ بەڵکو بەرگریەکی زیاتر بە ماسیە گەورەکان دەبەخشێت بۆئەوەی لە داهاتوودا بەبێ سزا مامەڵە بکرێن.

ڕەنگە مەترسیدارترین دزەپێکردن لەم هەڵمەتەدا قسەکانی زەیدی بوبێت سەبارەت بە ئەگەری یەکلاکردنەوەی هەڵمەتەکە و ڕاگرتنی لێپێچینەوەکان بەرامبەر بە گێڕانەوەی پارەکان یان بەشێکی لەلایەن سەرە گەورەکانی دزی و گەندەڵەیەوە!، دەوڵەتێک کە دانوستان و ڕێکەوتن لەگەڵ دزەکان بکات، دەسەڵاتی خۆی لاواز دەکات و ئەو پەیامە دەنێرێت کە دزینی سامانی گشتی کارێکی بازرگانی قازانج بەخشی گەرەنتیە، ئەگەر دزەکە ئاشکرا بوو، بەشێک لە پارەکە دەگەڕێنێتەوە و ئەوەی دیکەش دەهێڵێتەوە، لەگەڵ ئازادیەکەی. لە ژینگەیەکدا کە متمانەی دامەزراوەیی نییە، یەکلاییکردنەوە چارەسەر نییە، بەڵکو دەرچوونێکی سەلامەتە بۆ پاراستنی گەورەکان و داخستنی کەیسە هەستیارەکان.

لەلایەکی ترەوە ڕەنگە ئەم هەڵمەتە هەوڵێک بێت بۆ بڕینی باڵی نەیاران، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی چڕبونەوەی دەستگیرکردنەکان لەسەر تۆڕەکانی سەر بە هێزە سیاسیە دیاریکراوەکان، جگە لەوەش فشاری ئەمریکا کە لە پێویستی ڕێکخستنی سیستەمی دارایی و ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارەدا دەردەکەوێت، سێبەرێک دەخاتە سەر کارەکانی زەیدی، ئەمریکا وەک هەندێک دەیبینن، وەبەرهێنان لەگەڵ تاکەکان ناکات بەڵکو لە دەرئەنجامەکاندا وەبەرهێنان دەکات کە گەرەنتی سەقامگیری وەبەرهێنان و بەرژەوەندیەکانی لە ناوچەکەدا دەکات.

لەکاتێکدا نەهەنگەکان و دزە گەورەکان لە لێدوانەکانیاندا پشتگیری لە هەڵمەتەکە دەکەن و دەستخۆشی لەزەیدی دەکەن، زەیدیش پێشوازی لێدەکات و سوپاسگوزاریان دەبێت، لە غەنیمەتە تائیفیەکاندا دەتوێتەوە و ستایشیان دەکات، ئەوە تەنها دەبێتە فێڵێک بۆ ئارامکردنەوەی ڕای گشتی.

ئەو هاووڵاتیەی کە بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی مووچەکەی دەکات، چیتر بەرگەی بینینی ئەو دیمەنانە ناگرێت و نەفرەت لەو هەڵمەتە و لەو دادگایەش دەکات کە بەدواداچونی فایلی کەیسەکانی دەستی زەیدی دەکات، چونکە گەندەڵیەک گەر لە بنەڕەتدا بنبڕ نەکرێت ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێندەی تر خراپتر و وێرانکەرتر گەشە بکات.

ئێستا پرسیارەکە ئەوە نییە ئاخۆ سبەی کێی تر دەستگیر دەکرێت؟ ئایا زەیدی و حکومەتەکەی بوێری ئەوەیان هەیە شەفافیەت لە داهات و دارایی  دەوڵەت پەیرەوەی بکەن؟، یان ئازایەتی ئەوەی هەیە لە کۆشکەکەیدا ڕوبەڕوی نەهەنگەکان ببێتەوە؟ ڕۆژانی داهاتوو ئەوە دەردەخەن کە ئەمە هێرشێکی ڕاستەقینەی دژی گەندەڵی نییە و تەنها سەرابێکە.

چەکدارە لایەنگرەکانی ئێران نوێنەرایەتی ئاڵۆزترین و هەستیارترین لایەن دەکەن لە حکومەتی عێراقدا، ئەم فراکسیۆنانە وەک عەسائیب ئەهلی حەق و مقاوەمەی ئیسلامی و کەتائیبی ئیمام عەلی و گروپی تر، بەدرێژایی ساڵان دەستیان بەسەر سامانە ئابوریە بەرفراوانەکاندا گرتووە، سەرقاڵی قاچاخی ڕێکخراوی نەوت و سەرچاوەکانی دیکە بوون، دەروازە سنووریە گرنگەکانیان کۆنترۆڵکردووە، هەروەها بەشێکی بەرچاو لە سامانی عێراقیان لادا بۆ پشتیوانیکردن لە ئەجێندای دەرەکی.

حکومەتی زەیدی لەم گێژاوەدا ئەم هەڵمەتە دەبەستێتەوە بە بنیاتنانەوەی ناوبانگی ئابووری عێراق وەک دەرخستنی ژینگەیەکی بەئاسایشی ئومێدبەخش بۆ وەبەرهێنان، بەڵام ڕاپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی و شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە گەندەڵی و بڵاوبونەوەی چەک دوو ڕێگری گەورەن بۆ کارکردنی کۆمپانیا بیانیەکان لە عێراقدا، زەیدی دەیەوێت ئەو پەیامە بدات بە کۆمپانیەکان کە دەوڵەت بەهێز بووە و توانای دەستوەردانی لە گرنگترین ساتەکاندا هەیە بۆ پاراستنی یاسا و وەبەرهێنان. بەڵام وەک سروشتی پێکهاتەی حکومەتی تائیفی و هێزەکانی حەشدی شەعبی نیشانی ئەدەن، پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق ناتوانێت لەو دوو ڕێگریە “گەندەڵی و هێزی میلیشا” بێتە دەرەوە، خودی زەیدیش هەڵبژاردەی هێزە تائیفی و میلیشیاکانە. ئەم هەڵمەتە هیچ گۆڕانکاریەک لە پێکهاتەی حکومەتی ئێستای بەغدا ناکات، تەنها کاری میدیاییە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی سیاسی “چوارچێوەی هەماهەنگی” و هاوپەیمانەکانی.