لایەنێکی تر لە شەڕی ئەمریکا و ئێران

 

ڕۆڵی روسیا و چین لەم شەڕەدا

عوسمانی حاجی مارف

چین ئامانجی ئەوەیە پێش ناوەڕاستی ئەم سەدەیە، خۆی وەک پێشەنگی ئابووری جیهان جێگیر بکات، هەروەها نایەوێت دەستبەرداری هاوپەیمانێکی ئابووری چارەنووسسازی وەک ئێران ببێت، کە ڕێککەوتنێکی ٢٥ ساڵەی لەگەڵدا هەیە، ساڵی ٢٠٢٥ پەکین نزیکەی ٨٠٪ ی نەوتی ئێرانی لە ڕێگەی گواستنەوەی بارهەڵگری دەریاییەوە هاوردە کردووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا چەندین جار چینیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا سیستەمی بەرگری ئاسمانی و پێکهاتەکانی سووتەمەنی مووشەکی بۆ ئێران دابینکردووە. هەر لە سەرەتای ململانێی ئێستاوە، هەمان ئەو دەزگا میدیایانە باسیان لەوە کردووە کە پەکین ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی مووشەکی پێشکەوتووی دژە کەشتی بۆ تاران دابین بکات، پێشتریش چەکی بۆ ئێران دابینکردبوو، لەوانە مووشەک و فڕۆکەی جەنگی. لەهەمانکاتدا چین لەبەرامبەر داڕمانی ئەگەری یەکێک لە هاوپەیمانە گرنگەکانی بێدەنگ نابێت، هەربۆیە چین و روسیا لەم شەڕەشدا کۆمەکی زۆریان بە ئێران کردووە، لە پێدانی چەك و زانیاری سەربازی.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، کە بۆچی ڕژێمی ئێران بۆ چین ئەوەندە گرنگ و چارەنووسساز دادەنرێت؟ لەواقیعدا ئێران بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیەکەی و گرنگیەکەی لە دابینکردنی سەرچاوەی وزە، شتێکی هاوشێوەی هێڵی بەرگری یەکەمە بۆ پڕۆژەی چینی کە هەوڵی سەرکردایەتیکردنی ئابووری جیهان دەدات، دەیەوێت سیستەمی نێودەوڵەتی بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی فرە جەمسەری کە چیتر ئەمریکا زاڵ نەبێت.

ئەو میحوەرەی تاران لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایمەزراندووە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە سەرقاڵکردنی واشنتۆن بە تیشک خستنە سەر بەرگریکردن لە ئیسرائیل، ئەمەش وای لە ئەمریکا کردووە، کە دەخالەتی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا بکات و هەوڵئەدات بە هەمووجۆرێک کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات، تا توانای پڕۆژەی چینی لاواز کات. بەم پێیە شاراوەنیە کە چین لە خەمی مانەوەی ڕژێمی ئێراندا بێت، بەوەی کە ئێران بە ئاشکرا دوژمنایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.

زەحمەتە بتوانین تێگەیشتنێکی هەمەلایەنە لەو شەڕە بەدەست بهێنین، کە ئەمریکا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران بەڕێوەی دەبەن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی زەمینە نێودەوڵەتیە فراوانترەکەی نەکەین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو هەڵوێستانەی کە لەبارەی شەڕەوە گیراوەتەبەر، پێویستە کاردانەوەکانی بۆ زلهێزەکانی دیکەی سیستەمی نێودەوڵەتی ببینین، بەتایبەتی لەسەر ڕووسیا و چین.

لە ماوەی ١٥ مانگدا چین دوو هاوپەیمانی لە سەر شانۆی نێودەوڵەتی لەدەستداوە، ئەوانیش بەشار ئەسەد لە سوریا و نیکۆلاس مادۆرۆ لە فەنزوێلا، هەروەها مەترسی لەدەستدانی سێیەم هاوپەیمانیشی نزیک دەبێتەوە، ئەگەر ئیدارەی ترەمپ سەرکەوتوو بێت لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە شەڕی دژی ئێراندا.

پێگەی ستراتیژێکی ئێران و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ هەردوو ڕووسیا و چین، لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی شەڕی ئەمریکایە لە بەرامبەر ئێراندا. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، کە هەڵوێستی ڕووسیا لە ئیدانەکردنی زارەکی تێنەپەڕیوە، چین تەنیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا بە هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران یاسا نێودەوڵەتیەکان پێشێل دەکات!.

ئێران گرنگترین وڵاتی زلهێزی ناوچەییە لە ڕۆژئاوای ئاسیا، یەکێکە لە گەورەترین وڵاتەکانی ناوچەکە، ئێران خاوەنی دووەم گەورەترین یەدەگی غازی سروشتی جیهانە لەدوای ڕوسیا، سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتە دوای ڤەنزوێلا و سعودیە، هاوسنوورە لەگەڵ ١٩ وڵات و ڕووی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی جیهانە.

لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨، تاران سیاسەتی قوڵکردنەوەی هاوبەشی لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین وەک پایەیەک لە دژی فشارەکانی ڕۆژئاوا گرتۆتەبەر. ئەم سیاسەتە بە ڕێکەوتنی درێژخایەن و هاوکاری سەربازی و تەکنیکی و مانۆڕی هاوبەش لە کەنداودا بەهێزتر بووە، بەڵام ڕاپۆرت و لێکدانەوەکانی ڕۆژئاوا کە لە هەفتەکانی پێش لێدانەکە بڵاوکراونەتەوە، بەڕوونی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم پەیوەندیانە سەرەڕای پەرەسەندنیان، ناگاتە هاوپەیمانیەکی بەرگری پابەندکەر، ڕەنگە مۆسکۆ و پەکین پێیان باشتر بێت قەیرانەکە بە شێوەیەکی سیاسی بەڕێوەببەن نەک بەشداری سەربازی بکەن.

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا بە داننان بە گرنگی ئێراندا، لەدەستدانی هاوپەیمانێکی لە ئێران لە دوای ڕووخانی شا لە ساڵی ١٩٧٩ بە گەورەترین خەسارەتی ستراتیژی ئەمریکا بەدرێژایی شەڕی سارد وەسف کرد، وەرگرتنەوەی ئەم هاوپەیمانیە خەونی هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا بووە، لە جیمی کارتەرەوە تا جۆ بایدن، لەنێویاندا ڕۆناڵد ڕیگان، جۆرج بوش، بیل کلینتۆن، باراک ئۆباما، ئێستاش دۆناڵد ترەمپ، کە هیوادارە بە چارەسەرکردنی ئەم پرسە کە لەلایەن سەرۆکەکانی پێش خۆیەوە بەئەنجامێک نەگەیشتووە، هەوڵئەدات بەم شەڕە مێژوویەکی گرنگ بۆ خۆی تۆماربکات!.

لەکاتێکدا ترەمپ هیچ نهێنیەکی لە تەماحەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئێران نەشاردۆتەوە، وەک ئەوەی لە فەنزوێلا کردی، بە هەمان شێوە هەوڵی لاوازکردنی چین دەدات بە بێبەشکردنی لە یەک بە یەکی هاوپەیمانەکانی و دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی وزە، ئەگەر ئەمریکا لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بێت و بتوانێت ئێران کۆنترۆڵ کات، لە ٧٠٪ ی سەرچاوەکانی وزەی چین له هەردوو دیوی کەنداو کۆنتڕۆڵ دەکات.

لەلایەکی تریشەوە چین گەورەترین سوودمەند بووە لە شەڕەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و وڵاتانی ناوبراو بە ئیسلامیدا، لەنێوان ساڵانی “٢٠٠١ بۆ ٢٠٢١”، کەهاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی خێرای چین لەباری ئابووریەوە. چین پێی باشە ئەمریکا تێکەڵ بە شەڕێکی دیکەی درێژخایەن بێت لە ناوچەکەدا، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە، کاتێکی زیاتر دەدات بە چین بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لە داهاتوودا. لەهەمانکاتدا ڕووسیا دەخوازێت شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا درێژخایەن بێت و وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) ڕابکێشرێنە ناو ئەو شەڕەوە، تا سەرنجیان لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لابدەن و سەرچاوەکانیان ئاراستەی مەیدانێکی تر بکەن. لەواقیعدا شەڕ لەگەڵ ئێران نوێنەرایەتی بەرچاوترین دەرفەتی پوتین دەکات بۆ لاوازکردنی ئەوروپیەکان و کۆتایهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا لەسەر مەرجەکانی، بەڵام ئەگەر واشنتۆن بەخێرایی ناکۆکی لەگەڵ ئێران بە قازانجی خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئەوا حساباتەکان بۆ هەموو لایەک بە تەواوی جیاواز دەبن.

چین لە قبوڵکردنی ئەو واقیعەی ئەگەر واشنتۆن بە توانا سەربازیە ترسناکەکانی هەژمونی ئیرادەی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، هەروەها لە قبوڵکردنی هەندێک دەوری لە ڕێکخستن سەبارەت بە نەوتی ئێران، بە دڵنیاییەوە بۆ لە هەوڵەکانیدا بۆ هەژمونی بەسەر جیهاندا لە بەرامبەر ئەمریکادا لاوازتر دەمێنێتەوە. تاکە سوودێک کە چین دەتوانێت لەم ئەزموونەدا بەدەستی بهێنێت، وەرگرتنی وانە ستراتیژیە گرنگەکانە بۆ داهاتووی ململانێی لەگەڵ ئەمریکا، چونکە بێگومان چین ناتوانێت دەستبەرداری تەماحەکانی و پێگەی خۆی بێت لە جیهاندا.

هەڵبەتە ئەگەر شەڕەکە پەرە بسێنێت و چین بە ناچاری بچێتە ناو شەڕەکەوە، ئەوا پێش ئەوەی بەر فشارەکانی واشنتۆن بکەوێت، ئەو کارە دەکات، بەڵام ئەو کاتە جیهان دەچێتە ناو جەنگی جیهانی سێیەمەوە!. دەرئەنجامێکی لەو شێوەیە پێویستی بەوە دەبێت چین هەموو تواناکانی لەگەڵ ئەمریکادا لەدەست بدات، شتێک کە پێناچێت واشنتۆن بیەوێت جیهان بەرەو شەڕ پاڵ پێوە بنێت، بەتایبەتی کە هێشتا توانای سنووردارکردنی تەماحەکانی چین و هەڕەشەکردن و فشارخستنە سەری و سەرقاڵکردنی بە چەندین پرسەوە ماوە. جگە لەوەش واشنتۆن توانای ئەوەی هەیە کە بە ناچاری گۆڕانکاری لە سروشتی ڕژێمی ئێراندا بکات بەبێ ئەوەی چین لە سوودە ئابووریەکانی لە نەوتی تاران بێبەش بکات.

لە ساڵانی ڕابردوودا، ئێران هەوڵی داوە تۆڕێکی پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ ڕووسیا و چین بنیات بنێت، لەسەر ئەو بنەمایەی کە گۆڕانی پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو فرە جەمسەری دەچێتە پێشەوە، ئەمەش بوارێکی زیاتری پێدەبەخشێت بۆ مانۆڕ لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکادا، ئەم هاوبەشیانەش لە ڕێکەوتنە درێژخایەنەکانی هاوکاری، ڕێکەوتنە سەربازییەکان، مەشقی هاوبەشی دەریایی و قووڵکردنەوەی هاوکاری لە بوارەکانی وزە و تەکنەلۆژیادا دەرکەوتووە.

ڕێڕەوی پەیوەندیەکانی ئێران و ڕووسیا و چین لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان دامەزراوە، نەک پابەندبونێکی گشتگیر لە بواری بەرگریدا، کە مانۆڕە دەریایە هاوبەشەکان لە کەنداوی عومان و گەرووی هورمز، سەرەڕای هێما سیاسیەکانیان، لە ڕووی پانتایی و تواناکانیانەوە سنووردار ماونەتەوە، بەراورد ناکرێن لەگەڵ کۆکردنەوەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئەوە ڕۆشنە کە مۆسکۆ و پەکین زیاتر یارمەتی ئابووری و تەکنەلۆژیایان بۆ تاران دابینکردووە، نەیانگۆڕیوە بۆ ڕێگریەکی سەربازی کە لە درێژماوەدا، توانای بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی ئەمریکای هەبێت. پێدەچێت روسیا و چین بژاردەی بەشداریکردنی سنوورداریان هەیە و خۆیان تەنها لە هەڵوێستێکی سیاسیدا قەتیسکردووە، نوێنەرایەتی ڕێبازێکی هاوسەنگ دەکەن لە نێوان پاراستنی هاوبەشییان لەگەڵ تاران و دوورکەوتنەوەیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لەگەڵ ئەمریکادا.

ئەگەر گۆڕانی ڕژێم لە ئێران ڕووبدات، گورزێکی گەورەی جیۆپۆلەتیک لە مۆسکۆ و پەکین دەدات. بەمانای لەدەستدانی هاوپەیمانێکی سەرەکی کە بەشداری لە پڕۆژەکانی بنیاتنانی جیهانێکی فرە جەمسەریدا دەکرد، دەوریان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سنوردار دەکات، هەروەها لەدەستدانی متمانەیانە لەنێوان چەند وڵاتێکی جیهاندا، لە ئاسیای ناوەڕاستەوە تا ئەفریقا، کە وەک هاوپەیمانی روسیا دەناسرێن. کاریگەریەکانی ئەمە لەسەر سروشتی ئەو نەزمە نوێیە جیهانیە دەبێت، کە ڕووسیا و چین هەوڵی دامەزراندنی دەدەن. لەهەمانکاتدا شکستی ئەمریکاش لەدوای شەڕی ئێران، نەتوانینی جێگیرکردنی سەقامگیریە لە ناوچەکەدا، هاوسەنگی پێگەی روسیا و چین بۆ بەردەوامی دەخالەتیان لە ناوچەکە و ململانێیان بەرامبەر جەمسەرە زلهێزەکان لە جیهاندا دەباتە پێشەوە.