نادر عەبدولحەمید
1. هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا
لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان وەک بەشێک لە عێڕاق و لە ڕێگەی کێشمەکێشێکی جیۆ-سیاسی و جیۆ-سەربازی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاڵوگۆڕێکی هەمە لایەنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیووە، و وەک باقی وڵاتان و کۆمەڵگەکانی تری جیهان، لەو کاتەوە چووەتە ناو جیهانێکی تازەی یەک جەمسەری ئیمپریالیستی و تێکەڵبوون بە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و باڵادەستی نیولیبرالیزم لە هەموو بوارێکی ئابووری، سیاسی، فکری و کلتووری و مۆڕاڵیی و ….هتد.
ئەم ڕەوەندە، ڕەوەندێکی جیهانییە و لە هەر وڵاتە و هەر کۆمەڵگەیەکدا پڕۆسەیەکی تایبەت و دیاریکراوی بەڕێکردووە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کرۆکی ئالوگۆڕە مێژووییە جیهانییەیەکەی ئەو سەردەمەی لە خۆیدا ڕەنگ پێ داوەتەوە.
ئەڵبەتە ئەم پڕۆسە مێژووییە جیهانییە لە باڵادەستی نیولیبرالیزم لە بنبەستدایە، و جەمسەری تری ئابووری و سیاسی و سەربازی ئیمپریالیستی دەرکەوتوون لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەڵام هێشتا نیولیبرالیزم و بلۆکی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا، بەتایبەت هەژموونی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەگەڵ پاشەکشەی بەردەوامیدا باڵادەستی خۆی لەدەست نەداوە، سەردەمی ئێستا قۆناغێکی ڕاگوزەرە وەک قۆناغی نێوان جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم (١٩٢٠-١٩٤٠).
هەرێمی کوردستانی عێڕاق، لەو ڕەوەندە مێژووییە جیهانییە باڵادەستییەی نیولیبرالیزمدا، پڕۆسەیەکی تایبەت و دیاریکراوی خۆی هەبووە و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە کە هەر قۆناغە تایبەتمەندی خۆی هەبووە و دابەش بووە بەسەر چەند قۆناغی بچووکتردا. لەوانە قۆناغی (١٩٩١-٢٠٠٣) لە ڕاپەڕینەوە تا ڕووخانی ڕژێمی (بەعس)ی فاشیست و لە وێشەوە تا ڕاگەیاندنی (سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووری کوردستان) واتا ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠١٤) و لەو کاتەشەوە تا ئێستا (٢٠١٥-٢٠٢٦).
وتارەکە چوونە ناو باسی ئەو قۆناغبەندییانە نییە، بەڵکو ئاماژەدانە پێیان بۆ خستنەبەرچاوی تابلۆ گشتییەکە، کە چۆنچۆنی بورژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتداری هەرێمەکە، بە فشار و گوڕ و تینێکی بەهێزەوە پاڵی ناوە بە کۆمەڵگەی کوردستانەوە بۆ ناو جەرگەی ئەو پڕۆسە جیهانیـیە و چارەنوسی ملیۆنەها ئینسانی زەحمەتکێشی هەرێمەکەی گرێداوە، بە بەرژەوەندیـیە سیاسی و ئابووریـیەکانی خۆی و برابەشەکانی لە بورژوازی دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمپریالیستی. ئەم بارودۆخەی کە ئێستا لە ئارادایە بەرهەمی ئەو پڕۆسە مێژوویـیەیە.
2. خەباتی جەماوەری زەحمەتکێش و مێژووی هەرێمەکە
لەم پڕۆسەیەدا، سەرمایەداری لە کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کۆمەڵگەی کوردستانی دابەش کردووە (وەک هەموو کۆمەڵگەکانی جیهانی ئەمڕۆ لە ئاسیا، ئەفریکا، ئەوروپا و ئەمریکا)، بەسەر چین و توێژی کۆمەڵایەتی جیاجیادا و لە بنچینەشدا بەسەر دوو چینی زۆرایەتی جەماوەرێکی زەحمەتکێش و کەمایەتییەکی مشەخۆری سەرمایەدار.
تەواوی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیـیەکانی هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکانی کۆمەڵگەکەی، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری جیهان، تەنها لە شکڵ و فۆڕم و شێوازی دەرکەوتن و پەرەسەندنیاندا تایبەتمەندی خۆیان هەیە و لە ناوەڕۆکدا کێشەی کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینە باڵادەستەکەی بورژوا-ناسیونالیستیـیە.
بەدرێژایی ماوەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوو، جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستانی عێڕاق بە توێژە جیاجیاکانی مووچەخۆران، فەرمانبەران و مامۆستایان و توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، کوڕان و کچانی خوێندکار و بێکار، ژنان و ئازادیخوازان بەردەوام لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕیندا بوون دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە.
ئەم ناڕەزایەتیـیانە چەندین جار لە پەرەسەندنی خۆیاندا بوونەتە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری نەک هەر بە خواستە پیشەیی و ئابووریـیەکانیاننەوە، بەڵکو بەرزیش بوونەتەوە بۆ ئاست شەپۆلێکی سیاسیش بە دژی حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی و نەک هەر بە زەبروزەنگ سەرکوت کراون، بەڵکو زۆرجاریش شەڵاڵی خوێن کراون، ئەمە جگە لە تیرۆر و گرتن و شکەنجەدان و ڕاوەدوونانی چالاکوانان.
بەم شێوەیە مێژووی ئەم هەرێمە مێژووی کێشمەکێش و خەباتێکی جەماوەری زەحمەتکێشە بەرامبەر ئۆڕگانێکی ڕێکخراوی دەسەڵات کە خاوەن میلیشیای حزبی و ئاسایش و پاراستن و دادگا و زیندان و میدیایەکی زەبەلاحە و بە پیادەکردنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمیش تەواوی سەروەت و سامان و دارایـیەکانی کۆمەڵگەی قۆرخکردووە بۆ کەمایەتیـیەک کە خۆیان لە سەنتەری ئەو کەمایەتیـیەدان، و بێکاری و هەژاری و بێ خزمەتگوزاریشیان سەپاندووە بەسەر زۆرینەی هەرەزۆری جەماوەری هەرێمەکەدا.
3. بارودۆخی تازە
ئەوەی شایەنی باسە ئەم کێشمەکێشە چینایەتیـیە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی تەواو جیاواز لە ئارادایە لەچاو بارودۆخی دە – پانزە ساڵ لێرەو پێش. بەشێکی پێکهێنەری ئەم بارودۆخە تازەیە جێگەوڕێگەی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدارە لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێڕاق و هاوکێشە هەرێمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تا دێت بەرەو لاوازی دەچێت، ئەمە جگە لە ناکۆکی ڕیزەکانی ناوخۆی و نەتوانینی لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە حکومەتی هاوبەش. ئەمە و پڕۆسەی سازانی ڕەوتی ئۆجەلانیش لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی شەرع لە سوریا، ئەو چاوەڕوانییەی کە ناسیونالیزمی چەپی کورد هەیبوو لەم ڕەوتە توشی نیگەرانی و جۆرێک لە نائومێدی سیاسی کردووە.
لێرەدا نامانەوێت؛ نە بچینە ناو باسی جێگەوڕێگەی ڕوو لە لاوازی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار، وە نە بچینە ناو باسی ڕەوتی ئۆجەلانی و نائومێدی سیاسی ناسیونالیزمی چەپ لە کوردستاندا، بەڵکو ئەوەی مەبەستی ئێمەیە ئەوەیە کە هاوڕای ئەم دوو ئاڵوگۆڕە و لەم کەشە فکری و سیاسییەدا کە ناسیونالیزمی کوردی تێکەوتووە، دوو تایبەتمەندی کۆنەپەرستانەی ناسیونالیستی لەناو کۆمەڵگەدا پەرەیان سەندووە، کە ئەویش لایەک پشتیوانی کردنە لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئیسڕائیل، و لاکەی تریشی پەرەسەندنی ڕاسیزمێکی ئاشکرا و بێ پەردەیە.
دیارە ئەمەش دیاردەیەکی تەنها کوردستانی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانییە و بەشێکە لە قەیرانی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتە بورژوازییەکانی. ئەوەتا لە جەرگەی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا لە ئەوروپا و ئەمریکادا ڕەوتە فاشیست و ڕاسیستەکان ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندندان وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوازی.
هێشتا ئەم تایبەتمەندییە فاشیستی و ڕەگەزپەرستییە لە کوردستاندا دوورە لەوەی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و بەرجەستە خۆی بنوێنێ، بەڵام هاوکاتی بنبەستی دەستەڵاتی هەرێمەکە و نائومێدی ناسیونالیزمی چەپ، کاریگەری خۆی بەجۆرێک دادەنێت لەسەر کێشمەکێشی چینایەتی ناو کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، بۆیە خوێندنەوەی ئەم دیاردانە و لەبەرچاوگرتنیان پێویستن لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و کرێکارانی ڕابەڕ و سۆشیالیستەکانەوە.
4. ئاڵوگۆڕەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی
خاڵێکی تر لەم کەش و هەوا تازەیە ئەو گۆڕانکاریـیانەن کە لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا هاتوونەتە ئاراوە لە سێ چوار ساڵی ڕابردوودا.
بینیمان ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێڕاق) پاش پڕۆسەیەکی خۆ یەکلا کردنەوەی چەندین ساڵە لە (٢٧-٩-٢٠٢٥) لە ڕێگەی بەیاننامەیەک خۆیان هەڵوەشاندەوە کە تێیدا خوازیاری هەمان ئەو ئەلگۆیە بوون بۆ عێڕاق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر لە کوردستانی سوریا لە ئارادا بوو، کە ئێستا تێکەڵ بۆتەوە لەگەڵ دامودەزگای حکومەتی ئەحمەد شەرع.
لە لایەکی تریشەوە مەیلی ڕیفۆڕمیستی لەناو بزووتنەوەی چەپدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێ بە پێ ڕووخساری خۆی کامڵتر و بەرجەستەتر کردۆتەوە لە ڕێگەی خزانە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ حزبی شیوعی (کوردستان و عێڕاق) و ئومێد بەستن بە هەڵمەتی “دژە گەندەڵی” سەرەک وەزیرانی عێڕاق.
بەم شێوەیە لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشدا جەمسەرگیرییەکان ڕۆشنتر بوونەتەوە، بەشێک پەیوەست بوون بە ئەلگۆی ناسیونالیزمی چەپ و بەشێک بەڕێوەن بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتەکانی حزبی شیوعی کوردستان و لەو نێوەشدا (بەدیلی کۆمۆنیستی) لەسەر خەتی مارکسیزمی ڕادیکاڵ و ئینەتەرناسیوناڵی خۆی بەردەوامە.
5. دەربازبوونی مارکسیزم لە بازنەی ڕۆشنگەری
جیا لەوەی ئاماژەی پێکرا، چەندین مەحفەل و گرووپ و ڕێکخراوی تریش لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا هەن لەوانە (ئاڵتەناتیڤی سۆشیالیستی) و (سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان) کە چالاکی ئەو مەحفەل و گرووپ و ڕێکخراوانە لایەک برەودانە بە باسە تیۆرییەکانی مارکسیسزم بەشێوەیەکی گشتی و لایەک پڕوپاگەندەیە دژی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و قەیرانە لەچارنەهاتووەکانی و دەسەڵاتی بەڕبەڕی بورژوازی، لەگەڵ پڕوپاگەندەکردن بۆ سۆشیالیزم و یەکسانی و ئازادی. ئەوەش جێی دەستخۆشانەیە و کارێکی پایەیی کۆمۆنیستیـیە و بەردەوام دەبێ ئەنجام بدرێت، بەڵام چالاکی کۆمۆنیستی نابێت تەنها لەم بازنەیەدا بمێنێتەوە، چوونکە ئامانجی چالاکی کۆمۆنیستی گۆڕینی جیهانە بە عەمەلی، ئەمەش بە پڕاتیکێکی شۆڕشگێڕانەی ڕێکخراو کە تیۆری شۆڕشگێڕانە زاڵە بەسەریدا دێتە دی، نەک تەنها بە پڕوپاگەندە و ڕۆشنگەری فکری و سیاسی.
ڕاستە قەیرانی سەرمایەداری لە ئارادایە، ناتوانایی دەسەڵاتی بورژوازیش هەیە کە چارەسەری پێ ناکرێت جگە لە سەرکوتی ناوخۆیی و شەڕ و پێکدادانی دەرەکی، هەروەها ناڕەزایەتییش هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی کۆتایی بەسەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی بهێندرێت و کرێکار و زەحمەتکێش بتوانن دەسەڵاتێک دابمەزرێنن کە ئیرادەی خۆیان بێت و پایەکانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی دابمەزرێت، پێویستە ئەو ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتی و جەماوەریـیانە بەرزبکرێنەوە بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی چینایەتی سیاسی ڕێکخراو و یەکگرتوو بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی ئینتەرناسیوناڵیـیەوە. مێژووی هەموو کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان لەوانەش لە عێڕاق و هەرێمی کوردستانەکەیدا لێرەدا گیری کردووە و ئەمە گرێوگۆڵە سەرەکییەکەی خەباتی چینایەتییە لەمڕۆدا.
هەرچەندە، کاری ڕۆشنگەری دژی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بوورژوازی کارێکی پایـیە و بەردەوام دەبێت ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوەی ئەسڵە لێرەدا، ئەوەیە کە دەبێ یەک خەتی سیاسی مارکسیستی و کۆمۆنیستی شۆڕشگێری ئینتەرناسیوناڵ و سەراسەری لە عێڕاقدا بخرێتەڕوو بۆ کار و چالاکی کۆمۆنیستی کە هەرێمی کوردستان بەشێکی لێکهەڵپێکراوی بێت، وەک ئەوەی کە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) پێی هەڵدەستێت. لە ئێستادا ئەرکی کۆمۆنیستەکان ئەوەیە بە موشەخخەسی.
هەر ئەم خەباتە سیاسییە کۆمۆنیستییەشە کە سەربەخۆیی چینایەتی و ڕیزی سەربەخۆی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان دەپارێزێت لە ئەجیندای ڕەوتە فکری و سیاسیـیەکانی بورژوا ئۆپۆزسیۆنی قەومی-ئیسلامی، و ڕێگریش دەکات لە تەشەنەکردنی ڕاسیزم و فاشیزم بۆ ناو ژینگەی جەماوەری زەحمەتکێش و ئاڕاستەکردنی توڕەیی و بێزاریـیان لە سیستەمەکە و لە دەسەڵاتی بورژوازی بۆ دژایەتی کردنی بەشێکی تری کرێکار و زەحمەتکێش بەناوی نەتەوە و ئایین و … هتد.
کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە لەبەرامبەر گشت ئاڵتەرناتیڤە ڕەنگاوڕەنگەکانی بورژوا ناسیونالیست و لیبڕاڵ – ڕیفۆڕمیست و ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە فاشیستەکاندا، ئەمەش کارێکە واوەترە لە ڕۆشنگەری سۆشیالیستی و پڕوپاگەندەی دژە سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی.
١٨ ئەیلولی ٢٠٢٦
مبارزان کمونیست