لە ٢٨ی گەلاوێژەوە تا «ژن، ژیان، ئازادی»

نسان نودینیان

هێرشی سەربازی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، بە فەرمانی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨، یەکێکە لە خوێناوییترین پەڕەکانی مێژووی هێرشەکانی ڕژێمێکی سەرکوتکەر. لە ماوەی ئەم هێرشانەدا، دەیان کەس لە شۆڕشگێڕان لە پادگانەکاندا ئێعدام کران. کۆماری ئیسلامی توانای بەرگەگرتنی یەکگرتوویی و هاوبەشیی ئازادیخوازانەی خەڵکی نەبوو. بە هێرشە خوێناوییەکانی بۆ سەر خەڵک لە سەرانسەری ئێران، بە تایبەتی لە کوردستان، و بە دەستدرێژی بۆ سەر ڕێکخراوە کارگرییەکان، خوێندکاران و ژنان، ڕووی ڕژێمێکی فاشیستی ـ ئیسلامیی خۆی بە خەڵک نیشان دا.

پشکنین و لێکدانەوەی وانەکانی ئەم هێرشانەی سەرکوتکارانە، و گرنگتر لەوە، لێکدانەوەی ئەو ئەزموونەیە کە خەڵک چۆن بە ڕێکخستن لە گەڕەکەکان، دروستکردنی شورا، هاوپشتی لەنێوان شارەکان و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە چارەنووسی خۆیان، هێزی کۆمەڵایەتییان دروست کرد و حکومەت چۆن بۆ شکاندنی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە، کۆمەڵگای میلیتاریزە کرد، گرنگییەکی زۆری هەیە.

لەو نووسینەدا، گرنگترین وانەکانی ئەم ئەزموونە دەخەمەڕوو، بۆ ئەوەی پەیوەندییان بە بارودۆخی ئەمڕۆ و خەباتی «ژن، ژیان، ئازادی» ـەوە بکەم و نیشان بدەم کە چۆن دەتوانرێت ئەم ئەزموونانە بۆ ڕێکخستن و خەباتی ئەمڕۆ بەکاربهێنرێن.

فەرمانی ٢٨ی گەلاوێژی خومەینی دەستپێکی یەکێک لە خوێناوییترین قۆناغەکانی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان بوو. هێزە سەربازی و سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر شارەکان و خەلخاڵی و دادگاکانی سەحرایییش ئێعدام و سەرکوتکردنیان کردە ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات.

مێژوو تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی تۆمار کرد. بەڵام بەشی گرنگتری ئەو مێژووە، بەرخۆدان و ڕێکخستنی خەڵکە.

وانەی یەکەم: خەڵک تەنها بە ناڕەزایەتی نا، بە ڕێکخراوبوون هێز دروست دەکەن

یەکێک لە گرنگترین ئەزموونەکانی ساڵانی ٥٧ و ٥٨ لە کوردستان ئەوە بوو کە خەڵک تەنها چاودێری گۆڕانکارییە سیاسییەکان نەبوون. لە شار و گوندەکان، لە گەڕەکەکان، شورا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا، خەڵک بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان دەکرد.

ئەم ئەزموونە بۆ نەوەی ئەمڕۆ گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

لە خەباتی «ژن، ژیان، ئازادی» ـیشدا، گەنجان و خەڵکی گەڕەکەکان نیشانیان دا کە ناڕەزایەتی تەنها بەشداری لە شەقام نییە. تۆڕە ناوخۆییەکان، پەیوەندی لەنێوان چالاکان، یارمەتیدان، ئاگادارکردنەوە، پشتگیری لە خێزانەکانی دەستبەسەرکراوان و گیانلەدەستدراوان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، هەموویان شێوەکانی هێزی کۆمەڵایەتین.

وانەی دووەم: گەڕەک دەتوانێت خانەی سەرەتایی ڕێکخستنی کۆمەڵگا بێت

ئەزموونی ڕابردوو و چالاکییە گەڕەک‌محۆرەکان و دروستکردنی «بنکەکانی گەڕەک» نیشانی دا کە کاتێک خەڵک لە شوێنی ژیانی خۆیاندا پەیوەندی و متمانەی ڕێکخراویان لەگەڵ یەکتر هەبێت، دانیشتووانی گەڕەکەکان بەڵاوە نەدەمێننەوە و هێزی کۆمەڵایەتیی خەڵک لە گەڕەکەکاندا شێوە دەگرێت.

ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە، توانای هێرش و بەرخۆدانی خەڵک لە بەرامبەر سەرکوتکردن و ئەمنیەتی‌کردنی ژیانیان، هەروەها لە بوارى یارمەتیدان و هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکات و هیوا بە سەرکەوتن زیاد دەکات.

ئەمڕۆش ڕێکخستنی گەڕەکەکان دەتوانێت یەکێک لە بناغە گرنگەکانی بەردەوامبوونی خەباتی «ژن، ژیان، ئازادی» بێت؛ نەک وەک ڕێکخراوێکی داخراو، بەڵکو وەک تۆڕێکی کراوە لە خەڵک، چالاکان، ژنان، گەنجان، کرێکاران، خانەنشینان و هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر خەبات دەکەن.

گەڕەکی ڕێکخراو واتە خەڵک بتوانن پەیوەندی لەگەڵ یەکتر هەبێت، کێشە هاوبەشەکانی خۆیان بناسن، لە تەنیشت یەکتر بوەستن و لە بەرامبەر سەرکوتکردندا بە تەنیا نەبن.

وانەی سێیەم: شورا واتە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک لە چارەنووسی خۆیان

یەکێک لە گرنگترین وانەکانی ئەزموونی کوردستان، گرنگیی شورا و شێوە جۆراوجۆرەکانی بەشداری و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگایە.

لە بەرامبەر حکومەتی دیکتاتۆری و سەربەخۆیی‌خوازدا، شورا ڕاستەقینەکانی شار و گەڕەک دەتوانن دەربڕی ویستی خەڵک بن.

ئەم بابەتە ئەمڕۆش گرنگییەکی زۆری هەیە: ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەو مانایەیە کە چ سیستەم و نیزامێک دەتوانێت دەسەڵات لە کۆمەڵگادا بەکاربهێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەزموونی شورا و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی خەڵک لە کوردستان، بۆ نەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» ئەزموونێکی مێژووییە کە دەبێت دووبارە بخوێندرێتەوە.

کۆماری ئیسلامی بۆ شکاندنی هێزی کۆمەڵایەتیی خەڵک، کۆمەڵگای میلیتاریزە کرد. هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ بۆ سەر کوردستان، نموونەیەکی حکومەتی سەربەخۆیی‌خواز و دیکتاتۆری نیشان دا: هەرچی کۆمەڵگا ڕێکخراوتر و یەکگرتووتر بێت، سەپاندنی ترس و ئەمنیەتی‌کردنی ژیانی خەڵک کەمتر دەبێتەوە.

وانەی چوارەم: هیچ شارێک نابێت لە بەرامبەر سەرکوتکردندا بە تەنیا بمێنێتەوە

یەکێک لە بەهادارترین ئەزموونەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان، هاوپشتی لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکان بوو. ئەم وانەیە ئەمڕۆ گرنگییەکی زیاتر هەیە.

«ژن، ژیان، ئازادی» نیشانی دا کە ڕووداوێک لە شارێک دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە کێشەیەکی سەرانسەری. کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی لە تاران و ناشتن و بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی ئایچی لە سەقز و کۆبوونەوەی هەزاران کەس لە شارە جیاوازەکان لە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١، بوو بە هێمای بزوتنەوەیەکی سەرانسەری و نیشانی دا کە چارەنووسی خەڵکی شارە جیاوازەکان بە یەکترەوە گرێدراوە.

لەبەر ئەوە ڕێکخستنی ئەمڕۆ دەبێت هەمان کات ناوخۆیی و سەرانسەری بێت. گەڕەکەکان دەبێت هێزی ڕێکخراوی خۆیان هەبێت؛ شارەکان دەبێت بتوانن پەیوەندی و هاوپشتی لەگەڵ یەکتر دروست بکەن؛ و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەبێت بتوانن بە یەکترەوە پەیوەست بن.

هاوپشتیی سەرانسەری لە ناو پەیوەندییە ڕاستەقینە و ڕێکخراوەکانی بنەمای کۆمەڵگا سەرهەڵدەدات.

وانەی پێنجەم: دادخوازى

ئەمڕۆ دەرفەتێکە بۆ بەستنەوەی نەوە جیاوازەکانی خەبات بە یەکترەوە؛ لە گیانلەدەستدراوان و ئێعدامکراوانی دەیەکانی ڕابردووەوە تا گیانلەدەستدراوانی «ژن، ژیان، ئازادی» و قوربانییەکانی سەرکوتکردنی ئەمڕۆ.

بزوتنەوەی دادخوازى، خێزانەکانی گیانلەدەستدراوان و بزوتنەوەی «نەخێر بۆ ئێعدام» سێ ڕەوتی جیاوازن نیین؛ هەموویان لە دژی ئێعدام و سزای قیساس و لە دژی حکومەتێک ڕاوەستاون کە ژیانی مرۆڤ دەکاتە ئامرازێک بۆ دەسەڵات و پاراستنی مانەوەی خۆی.

لەبەر ئەوە، یادکردنەوەی گیانلەدەستدراوان نابێت تەنها بە بۆنەی یادەوەری سنووردار بێت؛ بەڵکو دەبێت ببێتە بسترێک بۆ هاوپشتی، چالاکیی کۆمەڵایەتی و کۆکردنەوەی هەزاران کەس کە نزیک و خۆشەویستانی خۆیان لەدەست داوە.

بزوتنەوەی دادخوازى ئەو توانایەی هەیە کە ببێتە بزوتنەوەیەکی سەرانسەری بە کاراکتەر و هێزی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان و خێزانە دادخوازەکان، چالاکان و خەڵکی ناڕازی لە خەباتێکی هاوبەش لە دژی ئێعدام، قیساس و سەرکوتکردندا بە یەکترەوە ببەستێتەوە.

وانەی شەشەم: پەیوەندیی مێژوو و خەباتی ئەمڕۆ

ڕوایەتی ڕاستەقینە و رێئالیستی لە مێژوو، بە تایبەتی لە سەرەتای بەدەسەڵات‌گەیشتنی دژەشۆڕشی ئیسلامی، و گواستنەوەی ڕوایەتی ئەو کەسانەی کە خۆیان لەو سەردەمەدا ئامادە و بەشدار بوون، بۆ نەوەی ئەمڕۆ گرنگییەکی زۆری هەیە.

ڕوایەتە «فەرمییەکانی» دەسەڵات لە کتێب و وانەکانی قوتابخانە و زانکۆکاندا، ڕوایەتی دەسەڵاتدارانی حکومەت و دەربڕی تێڕوانینی دەسەڵاتی حاکمن.

بەڵام ئەمڕۆ ئەم پرسیارانە بۆ نەوەی گەنج جددی و چارەنووسسازن: خەڵک لەو ڕۆژگارەدا چۆن ڕێکخرا؟ چۆن لە بەرامبەر میلیتاریزم ڕاوەستا؟ چۆن شورا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دروست کرد؟ چۆن شار و گوندەکانی بە یەکترەوە بەستەوە؟

و کۆماری ئیسلامی چۆن هەوڵی دا ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بە سەرکوتکردن و سەربازیگەری لەناوببات؟

خوێندنەوەی دووبارەی ئەم ئەزموونانە لە زمانی ئەو کەسانەی کە خۆیان لە ناو ئەو خەباتانەدا بەشدار بوون، دەتوانێت یارمەتی نەوەی ئەمڕۆ بدات بۆ ئەوەی مێژوو نەک لە ڕوانگەی ڕوایەتی فەرمیی حکومەت، بەڵکو لە ڕوانگەی خەبات و ئەزموونی کۆمەڵایەتیی خەڵک بناسن و وانەکانی بۆ خەباتەکانی ئەمڕۆ و خەباتی «ژن، ژیان، ئازادی» بەکاربهێنن.

خەباتی «ژن، ژیان، ئازادی» نیشانی دا کە کۆمەڵگای ئێران توانایەکی زۆری بۆ هاوپشتی و ڕێکخستن هەیە. پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئەم توانایە چۆن لە ناڕەزایەتییە پەرشوباڵاوەکانەوە بگۆڕدرێت بۆ هێزێکی ڕێکخراو و بەردەوامی کۆمەڵگا.

لەو ڕوانگەیەوە، یەکێک لە گرنگترین وانەکان ئەمەیە: پاراستنی ئازادی ئەوکاتە بەردەوام و جێگیر دەبێت کە خەڵک ڕێکخراو بن، لە گەڕەک و شارەکاندا ڕێکخراوبوونیان هەبێت، شورا ڕاستەقینەکانی خۆیان دروست بکەن و لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری بکەن.

یادی هەموو ئەو کەسانە بەرز و بەڕێز بێت کە لە ساڵی ١٣٥٨ەوە تا ئێستا لە سنگەری خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان لەدەست داوە یان ئێعدام کراون؛ لە گیانلەدەستدراوانی بەرخۆدانی خەڵکی کوردستانەوە تا گیانلەدەستدراوانی خەباتە سەرانسەرییەکان و «ژن، ژیان، ئازادی».

بە پێشوازیی چوارەمین ساڵوەگەڕی خەباتی «ژن، ژیان، ئازادی» دەچین؛ لە ڕۆژی ساڵوەگەڕی کوژرانی حکومەتیی ژینا/مەهسا ئەمینی، ٢٦ی خەرمانان، لە شارەکان، گەڕەکەکان، ناوەندەکانی کار، قوتابخانەکان، زانکۆکان، فەرمانگەکان، کارگەکان، وێستگەکانی گواستنەوەی گشتی و هەر شوێنێک کە خەڵک تێیدا ئامادەن، بە یەک خولەک بێدەنگی و ڕاوەستان و لێدانی دەست، یادی ژینا ئەمینی و هەموو گیانلەدەستدراوان بەرز و بەڕێز دەکەین.

٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤
١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٥

 

En bilaga  •  Genomsökt av Gmail