عوسمانی حاجی مارف
ئەو کەسەی کە بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی کردبوو، دوای کوژرانی لەڕێگەی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، تیشکی دوبەرەکیەکی قوڵی لە ئێراندا نیشاندا، بەرەیەک شین و ماتەمینیان بۆ کۆتایی خامنەیی گێڕا، بەرەیەکی تر بە شایی و ئاهەنگ پێشوازیان لە مەرگی کرد!.
کاتێک لە ڕۆژی شەممە ٢٨/٢ کوشتنی خامنەیی ڕاگەیەندرا، گرتە ڤیدیۆییەکان لە تارانەوە قەرەباڵغیەکیان دەخستە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکانیان کە لە گۆڕەپانێکدا بەشێکی زۆریان بە جلوبەرگی ڕەشەوە دەگریان، بەڵام لە ڤیدیۆی سۆشیال میدیادا ئەوە بڵاوکرایەوە کە کەسانی دیکە بە دڵخۆشی و ڕاوەشاندنی سەرپۆشەکانیان دەردەکەوتن.
دەسەڵاتی خامنەیی بەدرێژایی دەیان ساڵ ڕووبەڕووی شەپۆلی نائارامی بۆتەوە، لەوانە ناڕەزایەتیەکانی خوێندکاران لە ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٢، لە ساڵی ٢٠٠٩ و ناڕەزایەتیەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” ساڵی ٢٠٢٢ کە دوای مردنی مەهسا ئەمینی لە دەستبەسەربونی لە بنکەیەكی پۆلیسدا سەریهەڵدا.
خامنەیی کە دەیان ساڵە ڕۆژانە و هەمو ساتێک وەک نمونەی گەورەترین زاڵم لە دنیادا، ژیانی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتبوو، ئەم کوشتنەی ڕێگەی نەدا وەک تاوانبارێکی دژی ئینسانی لەلایەن خەڵکەوە دادگایی بکرێت،
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان و گۆڕینی هاوسەنگی هێز نیشانەی موشەکەکانیان ڕوو لە خامنەیی کرد، بەڵام بەجیا لە دوو بەرەی ماتەمینی و بەرەی ئاهەنگ گێڕان، کوشتنەکەی بەم شێوەیە گێژاوێکی جیۆپۆلەتیکیشی دروست کرد، کە بە خێرایی لە بازاڕەکاندا ڕەنگدانەوەکەی دەرکەوت. لەهەمانکاتدا شەڕەکەی لەناوچەکەدا بەرەو فروانی برد، تاران بە بۆردومانکردنی شارەکانی کەنداو تۆڵەی کردەوە، هاوکات هێڵە ئاسمانیەکان گەشتەکانیان ڕاگرت و کەشتیە نەوتهەڵگرەکان ترانزێتیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕاگیرا، کە یەکێکە لە رێڕەوە ئاویە گرنگەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، کەشوهەوایەکی تەواو جەنگی مەترسیدار سایەی بەسەر ناوچەکەدا کێشاو کۆتاییەکەی نادیارە!.
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا هۆشداریدا لەوەی داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا، ڕەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی بەرفراوان بۆ بازاڕەکانی نەوت و غازی جیهانی، لەکاتێکدا گرژیە سەربازیەکان لە ناوچەکە بەرەو هەڵکشانی زیاترە، خەریکە گواستنەوەی کەشتیوانی لەڕێگەی یەکێک لە چارەنوسسازترین ڕێڕەوی ئاوی و وزەی جیهانەوە پەک دەخرێت و دۆخی ئابوری ناوچەکە دەرگیر بە قەیرانێکی سەخت دەکات، کە جگە لەوەی ئەم شەڕە دۆخێکی تەواو نالەبار و تراژیدی بۆ خەڵکی ناوچەکە خولقاندووە، لە هەمانکاتدا قەیرانی ئابوریش کاریگەری مەترسیدار لەسەر بژێوی خەڵکی ناوچەکە زیاد دەکات.
نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، کە هەناردەکردنی گەورە لە سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، عێراق، کوەیت و قەتەرەوە دەگرێتەوە، ئەمە جگە لە ناردنی غازی سروشتی شل. هەر جۆرە پچڕانێکی ترانزێت فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر بازاڕە نێودەوڵەتیەکان.
لەلایەکی ترەوە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تاران هاوبەشێکی سەرەکیە بۆ مۆسکۆ لە پرسە ناوچەییەکاندا، بەڵام نەبوونی وەڵامێکی بەهێزی ڕووسیا لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا، ئاماژەیە بەوەی کە خواستی کریملن، دوورکەوتنەوەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر واشنتۆن و ئەم شەڕەی بەرامبەر بە ئێران. روسیا ئەوە باش درک دەکات کە دەخالەتی ڕاستەوخۆ لەم شەڕەدا بە قازانجی نابێت.
مەترسیی سەرەتایی لە نادڵنیایی ئایندەی حوکمڕانی لە ئێراندا لەوەی چی بەسەر دێت و چی ڕووئەدات و چۆن مانەوەی ناوەندبونی ئێران دەپارێزرێت.؟ مەسەلەیەکی واقعیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی پێکهاتەی سیستمی سیاسی، دەسەڵاتی سوپای پاسدارانی ئێران و سروشتی بنکە ئایدیۆلۆژیەکەی، هەرچەندە تائێستا خۆی ڕاگرتووە، بەڵام ڕێڕەوی سیاسی و ئابووریەکەی قورس بوە و ئیمکاناتی سەربازی دابەزیوە، پێشبینی دەکرێت ئێران بەرەو ئەگەری پارچە پارچە بوون ببات.
کۆماری ئیسلامی وەک گۆشەگیرترین وڵاتی جیهان هاتە ناو ئەم شەڕەوە، هیچ هاوپەیمانێکی نەبوو کە ڕاستەوخۆ پشتیوانی بکات و هاوپەیمانی بێت. پاشان سەرکردەکانی بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە دۆخەکەیان خراپتر کردو ئەو حکومەتانەی بێلایەنییان هەڵبژاردبوو، کردە نەیارێک کە خۆیان لە دژی ئێران ڕێکخست.
ئەگەری زیادبونی مەترسیەکان لە سەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەست پێدەکرێت، کە ڕەنگە بازاڕەکان بە پشتبەستن بە گریمانەی “شۆکی ڕژێم” لە ئێران نرخی سەروەت و سامانەکان دووبارە دابڕێژنەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دۆخێکی سیاسی ناجێگیر و ئاڵۆزتر بەرێت، ئەگەر ئێران ئامادەیی بۆ دانوستان نیشان نەدات، دواتر بە ئەگەری داڕمانی ئێران ئەم شەڕە کۆتایی بێت.
تیرۆرکردنی خامنەیی، نوێنەرایەتی بوومەلەرزەیەکی سیاسی بێوێنە دەکات، کە دەتوانێ ئێران بخاتە قۆناغێکی تر لە داڕشتنەوەی پێکهاتەی هاوسەنگی دەسەڵاتی سیاسیەوە و دووبارە حیسابکردنەوەی دەورو ئەولەویەتی هێزە ناوچەییەکانەوە، بۆیە داڕمانی ئێران حەتمی نییە، بەڵام چیتر لە پرسیارێکی ناڕۆشن دەرناچێت و ئایندەیەکی ناڕۆشن و دۆخێکی پێچیدە بە ئێران و ناوچەکە دەبەخشێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەو گریمانەیە دێتە ئاراوە کە شەڕی بەردەوام لە لۆژیکی ڕێگری سەربازی تێدەپەڕێت و لە ئامانجێکی ستراتیژی فراوانتر نزیک دەبێتەوە، ئەویش لاوازکردنی ڕژێم و ڕەنگە تەنانەت ڕووخاندنی ڕژێمیشی لێکەوێتەوە.
ئەمڕۆ لەم شەڕەدا تەنها زنجیرەیەک لێدان نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرایە کە تا دێت شەڕەکە فراوانتر دەبێت، لەگەڵ هەر پچڕانێکی ئاستی هاوسەنگی هێز لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو پرسیارە چارەنووسسازە دەمێنێتەوە، کە ئایا دامودەزگاکانی ڕژێم دەتوانن یەکگرتوبن و بەردەوام بن، یان هەڵوەشاندنەوەیان دەست پێدەکات؟
ململانێی فراکسیۆنەکانی ناو سوپای پاسداران و ڕەوتە ئاینیەکان لەسەر فۆرم و دەسەڵاتەکانی سەرکردایەتی داهاتوو، دەرئەنجامەکەی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی سنووردارە، کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی نفوزی ناوچەیی لاواز بکات بەبێ داڕمانی دەوڵەت، لەو کاتەدا ئەگەری ئەوە هەیە ئارایشێکی تر لەناو هەمان ڕژێمدا ڕێکخەنەوە، چونکە هیچ ئەلتەرنەتیفێک لەدەرەوی دەسەڵاتی ئێستا، ناتوانێت سەقامگیری لە ئێراندا ڕاگرێت.
بەکورتی، لە هەموو حاڵەتێکدا ئێران دەگۆرێت و ئێرانی سەردەمی خومەینی و خامنەیی نامێنێت، کە هەر لەئێستاوە چووەتە قۆناغێکی نوێوە، پرسیاری پێناسەکەری ئەو قۆناغە ئەوەیە، کێ شوێنی ڕێبەرایەتی دەگرێتەوە؟ داینامیکی چ هێزێک زاڵ دەبێت؟ ڕووخانی ڕژێم ئەگەرێگە، بەتایبەتی لەدرێژ ماوەدا و لە لەهەمانکاتدا لەڕووی تیۆری و واقعیەوە مانەوەشی مانای نابێت، ئەمەش ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە ئایندەی ئێرانی بە لێڵی راگرتووە.
شایانی باسە قۆناغی داهاتوو لە هەوڵی ئەمریکادا گەر بۆی سەربگرێت، چارەنوسی ئێران لە چوارچێوەی بازنەکانی پێکهاتەی رژێم و دەسەڵاتی ئێستادا یەکلایی دەکاتەوە، واتە پێش هەر دەور و دەخالەتێکی خەڵکی و ناوخۆیی، ئەمریکا دەسەڵاتێکی ملکەچی خۆی لە پێکهاتەی سوپای پاسداران دادەمەزرێنێت. بەڵام پێموایە گەر هەر هۆکار و درزێکی قووڵی ناوخۆیی لە ئێراندا بە ئاراستەی گۆڕانی ڕژێم و لە دەسەڵاتدا رووبدات، واقعیەتی کاریگەری دۆخی شێواو ئاژاوە و ناجێگیری ئێران دەتوانێت نەخشەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشێتە دۆخێکی ترەوە و شکستی سیاسی ئەمریکا بسەلمێنێت.
خامنەیی ڕۆیی و بە کۆتایی ژیان گەیشت، بەڵام سەدان تاوانبار و دوژمنی ئازادی و یەکسانی و ئینساندۆستی کە نەخشە داڕێژی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانن، یان دەوریان لەم شەڕەدا هەیە و سودمەند دەبن لەم شەڕە، جارێکی ترو لە چوارچێوەو شێوازیکی تردا زوڵم و ستەم و یاری بە ژیانی خەڵک زیاتر بەرجەستە دەکەنەوە.
خۆشحاڵی خەڵک لە ئێران بە کوشتنی خامنەیی و سەرکردەکانی دیکەی ڕژێم، مافی کاردانەوەی خواستی چەندین ساڵەیانە و لە شوێنی خۆیدایە، بەڵام ئەم کوشتنە کە لەلایەن تۆڕێک لە چەتە و ئینسانکوژ و تاوانبارانی جەنگەوه ئەنجامدراوە، نابێتە سەرکەوتن بۆ خەڵکی ئێران، نابێتە دیاریکردنی ئایندەیەک بۆ بەدیهێنانی خواست و ئارەزوەکانی خەڵک بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی، تاوانەکانی بکوژانی خەڵکی ئەفغانستان، عێراق، سوریا، فەلەستینن و ئێران کە هاوتای دەسەڵاتدارانی تاوانبارانن لە ئێران، ئێستا پاڵەوانی ئەم شەڕە وێرانکەرەن و بێئیرادەکردنی خەڵک توندتر دەکەنەوە.
ئەوەی ترامپ و ناتانیاهو ئەو گروپانەی کە داوا لە خەڵک دەکەن، لەژێر بۆردومانی بێوەستاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان، بە ئاشکرا هاوئاهەنگی خۆیان بۆ دوژمنایەتی و نابەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و ئەمنیەتی خەڵک دەسەلمێنن، خەڵکی دەکەنە قوربانی و سوتەمەنی بۆ ئامانجەکانیان.
ئەم شەڕە جگە لە دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی و ئەو زەبر و زەنگە قورسە مرۆییانەی کە بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا دەسەپێنرێت، لەبەردەوامیدا، هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە قۆناغێکی خوێناوی پرکارەساتەوە، خەڵکی ئێران لە خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیان لە دژی کۆماری ئیسلامی لە خراپترین بارودۆخی مومکین دادەنێن.
پێویستە لە سەرانسەری جیهان لە دژی ئەم شەڕە وێرانکەرە و بۆ کۆتاییهێنانی راوەستین.
مبارزان کمونیست