ناکرێ بێدەنگ بین بەرامبەر کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە

عوسمانی حاجی مارف

لەبەردەم دیاردەی گەورەترین کۆمەڵکوژین کە لە غەززە ڕوودەدات، بەوپێیەی داگیرکاری ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە ٣١ هەزار فەلەستینی کوشتووە کە ٧٠٪ یان ژن و منداڵن. هێشتا ئیسرائیل هەڕەشەی کۆمەڵکوژی زیاتر و کارەسات و ئازاری زیاتر دەکات.

بەجیا لەوەی چەندین مانگە ئەم جینۆسایدە بەڕۆژی ڕوناک و بەبەر چاوی خەڵکەوە ڕووئەدات، ئەمڕۆ سۆشیال میدیا وەک یەکێک لەو ئامرازە بەهێزانەی جێگای سەرنجی پانتاییەکی بەرفراوانی جیهانیە، کاریگەری تەواوی لەسەر بیروڕای گشتی و ڕۆشنکردنەوەی ئەو پەلامارە بێشومارانەی کە هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل لە فەلەستین ئەنجامی دەدەن، داناوە. لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەنوسان لە میدیای تەقلیدی تێپەڕین و بە بەڵگەنامەکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئێشوئازاری کارەساتەکان لە فەلەستین گەیشتن بە هاوڵاتیانی ئاسایی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم کاریگەریە ئەوەندە توند بووە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆرمی “تیک تۆک” ناچار بوو لێدوانێک بدات و بڵێت؛ “زۆرینەی ڕەهای بەکارهێنەرانی تیک تۆک ئەوانەن کە ڤیدیۆی لایەنگری فەلەستین بڵاودەکەنەوە”. بەجیا لەوەش تەواوی کەناڵی هەواڵگری جۆراوجۆری جیهان ناتوانن ڤیدیۆکانی ئەو هەواڵانەی پاکتاوکردنی غەززە نیشان ئەدەن، بڵاو نەکەنەوە.

کاریگەریەکانی ئەو ڕوداوانە، کەوتۆتە ناو سیاسەتی ناوخۆی زۆر وڵاتەوە، بۆنموونه جەماوەری جۆ بایدن، بەهۆی هەڵوێستی له سەر پرسی فەلەستین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوه، بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانان و لایەنگرانی پارتی دیموکرات لە ئەمریکا داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەن و دەنگ بە بایدن نەدەن، ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری ئەمریکا فشارێکی گەورەیە لە سەر حکومەتەکەی بایدن.

بڕیارنامەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات، سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیای شەرمەزار کرد، کە لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا خۆیان لە ئاماژەکردن بە بۆردومانی کوشندە بۆ سەر غەززە بەدوور گرتووە. ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا ڕوون و بێدوو دڵی و بە تەواوی لەگەڵ ڕای گشتی باو و ناڕەزایەتیەکان لە دوورگەکانی بەریتانیا و ناڕەزایەتی جیهاندا دەگونجێت.

پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد بەبێ مەرج. لەکاتێکدا کە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەسەڵاتی ڤیتۆی بە حکومەتی ئیسرائیل بەخشی، بە پێداگری لەسەر ئازادکردنی زیندانیەکان لەلایەن حەماسەوە وەک پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنی ئاگربەست، ئەمەش نیشاندانی ڕیسوایی حکومەتی بەریتانیا بوو، لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازی بەریتانیا کە شەقامەکانیان هەژاند دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیل.

لەهەماکاتدا تورکیا و سعودیە بەهەمانشێوە کەوتونەتە ژێر فشاری جەماوەریەوە و لەژێر کاریگەری ئەو فشارەدا مامەڵەیان لەگەڵ قەیرانەکەدا کردوە. هەرچەندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەوڵیدا بێلایەن بمێنێتەوە و پێشنیاری نێوەندگیری بۆ چارەسەری ململانێکانی کرد، بەڵام ڕای گشتی لە تورکیا و خۆپیشاندانە گەورەکانی لایەنگری فەلەستین هەر زوو وای لێکرد هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و بە ئاشکرا ئیدانەی ئیسرائیل بکات.

لە میسر و ئوردن و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی جیهان شاهیدی هەمان ڕێگا بوون. بۆ نموونە قەتەر کە هەر زوو پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، بەڵام دواتر ناچاربو باڵیۆزی خۆی لە تەلئەبیب بانگهێشتکردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی پەیوەندی و دەستکەوتە سیاسیەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. ڕاپرسیەکانی بیروڕا کە لە لایەن پڕۆژەی بارۆمێتری عەرەبی کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی پرینستۆن ئەنجام دراون، ئاشکرایان کردووە کە بیروڕای گشتی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهانی عەرەبی پاڵپشتی خۆی بۆ فەلەستین زیادکردووە، لە هەندێک ووڵاتدا پشتیوانی لە حەماس، وەک هێزی بەرەنگاری نفوزە جەماوەریەکەی زیادیکردووە، و یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی ئەمەش ئەوەیە کە میدیاکانی سۆشیال میدیا و دەزگاکانی هەواڵی ناوخۆ دەیخەنە ڕوو. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی ناچارکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانیان سەبارەت بە ئیسرائیل و ململانێکان، گەر بەشێوەیەکی ناچاری و شکڵیش بێت، بەڵام گومانی تێدا نیە کە لە داهاتوودا کاریگەریەکی بەرچاوتری دەبێت.

لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا وا دیاربوو کە فەرامۆشی لە پشتیوانیکردن لە دۆزی فەلەستین ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگربوو، بەڵام سەرهەڵدانی میدیای بەدیل و سۆشیال میدیا  لەخستنەڕوی ڕوداوە دوژمنکاری و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا، پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ گەڕانەوەی پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین. بۆیە سەرکردەکانی وڵاتان دەبێت لەکاتی بڕیاردان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان لە داهاتوودا، بەتایبەتی شەڕەکانی پەیوەست بە داگیرکاری ئیسرائیل، مەزاج و بۆچوونی جەماوەری ناڕازی وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن.

ئیسرائیل بێوچان پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات و هەوڵدەدات ڕێگری لە ڕێڕەوی “چارەسەری دوو دەوڵەت” بکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە لایەنی فەلەستینی نوێنەرێکی گونجاوی نیە بۆ هاوبەشیکردن لە ئاشتیدا، بەڵام ئاستی گەورەبونەوەی هێرشەکانی ئیسرئیل و زۆری کارەساتەکان و ڕۆڵی میدیا لە ڕۆماڵکردنی ڕوداوەکان، “چارەسەری دوو دەوڵەت” خەریکە دەبێتە پێشەنگی پێشنیارو فشاری ناڕەزایەتیەکان و ناچارکردنی جیهان بۆ ڕەسمیەتدان بەو چارەسەرە بۆ خەڵکی فەلەستین، تا ئەو ئاستەی ئەوروپاو ئەمریکاش گەر ڕوکەشیش بێت خەریکن دان بەو ڕێگە چارەیەدا دەنێن.

لەڕاستیدا ئەوەی پێویستە جێگای پرسیارو سەرنجی جدیمان بێت، ئایا ئینسان لەبەرامبەر مەسەلەیەکی وەها هەستیاردا ئەتوانێ بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت، لەکاتێکدا بزانێت کۆمەڵکوژیەکی گەورە لە شوێنێکی دونیا ڕوودەدات، کە پێویستە هاوبەشی و پەرچەکردار بۆ ئازارەکانی دانیشتوانی غەززە هاوپشتی مرۆڤایەتیمان بێت.

پێویستە هەڵوێست بگرین و ڕیزی ناڕەزایەتی جەماوەری فراوانترو بەهێزتر کەین، لەبەرامبەر ئەو دەوڵەت و سەرکردانەدا، کە بانگەشەی پوچی ڕزگاری و دیموکراتی دەکەن و پێداگری لەسەر لەناوبردنی تەواوەتی بوونی گەلی فەلەستین دەکەن؟ بۆچی ئەمریکا پێداگری لەسەر دابینکردنی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکات کە ئەم جینۆسایدە دەکاتە مومکین؟ بۆچی ئەورووپا کە ڕۆژگارێک پێیان دەگوتن تاجی شارستانیەت، بەم شێوەیە بەربەریەت بەرەوپێش دەبات؟ ئەوە ناوەڕۆکی پێکهاتەو ناکۆکیەکانی دڕندەیی سەرمایەداری و بازاڕو بەرژەوەندیەکان و ڕکابەری سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانە، کە ئێستا لە نیولیبرالیزم  فرە جەمسەری و قەیرانەکانیاندا سیستەمەکەی ڕێکەدەخات…، دەبێت جیهان وەرچەرخانێکی گەورە بەخۆیەوە نیشان بدات، ئەم وەرچەرخانەش دەکرێ ئەمرۆ لە ڕیسواکردن و وەستانەوە بەرامبەر شەڕەنگیزی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی سەرهەڵدات، وەستانەوەیەک کە هێزی ناڕەزایەتی جەماوەری بەهەر جۆرێک ئیمکانی هەیە، ئەم هێرشانەی ئیسرائیل ڕاگرێت و شکست بە نەخشەو سیاسەتەکانیان بهێنێت، بەڕاستی پێویستە بڕیاربدەین ڕووبەڕووی ئاستەنگیە گەورەکانی سەردەمی خۆمان ببینەوە و بەرەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری جیهانی بەرینەپێشەوە. بەهێزکردنی ئەو بەرەیە دەتوانێت وەڵامدەرەوی نەک ئاستەنگەیکانی کارەساتەکانی ئێستای فەلەستین بێت، بەڵکو ئەو ئاستەنگیانەی لە هەر شوێنێکی دنیادا بەرژەوەندیەکانی سەرمایە و ناکۆکیەکانی زیان بە مرۆڤایەتی و خەڵکی نەدارو هەژار دەگەیەنێت وەڵام بداتەوە.

وەستانەوە لەبەرامبەر شەڕی ئێستای ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان، نەبێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی فەلەستین، ئەوا پێویستە هەموومان چاوەڕوانی کارەسات و لێکەوتەی خراپتر بین.