17 شوبات ( فوریه ) ، درس آموختن از آن یا چیزی را بە آن بیاموزیم؟ حەڤدەی شوبات، دەرس وەرگرتن یا دەرس دادان؟

حەڤدەی شوبات، دەرس وەرگرتن یا دەرس دادان؟

نادر عبدالحمید

لینین لە پێشەکی کتێبی “دوو تاکتیک … لە شۆڕشی دیموکراتیدا” دەنوسێت: شۆڕش “نەك تەنها ڕابەران دەرس دادەدات بەڵکو جەماوەریش دەرس دادەدات”. وە لە درێژەی ئەو باسەدا دەڵێت “بەڵام ئەو مەسەلەیەی کە هەر ئێستا لە بەردەم حزبی سیاسی جەنگاوەر دایە، ئەوەیە کە ئایە دەتوانین دەرسێکی شۆڕش دابدەین”.

بە حەقەت ئەو کۆپلەیەی سەرەوە دەتوانێت تەعبیرێکی چڕوپڕ لە لینینزم بکات، چونکە لینین نەك هەر بەدوای ئەوەوە بووە کە لە شۆڕشەکانەوە دەرسێك وەرگرێت، بەڵکو خاڵی جەوهەری لە مێسۆدی فکری و سیاسی لینین، ئەوە بووە کە شۆڕش دەرس دابدات. هەتا دەرس وەرگرتنەکانی لە شۆڕشەکانی پێشووتر، بۆ ئەوە بووە کە دەرسی شۆڕشەکانی ئایندە دابدات. گەرچی لەگەڵ هەموو هەوڵەکانیشیدا، نەیتوانی لە نێوان ساڵەکانی 1905 و 1907 دا بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە و شۆڕشی ئەو کاتە دەرس دابدات، بەڵام کردی بە بەشێك لەو دەرسانەی کە شۆڕشی شوباتی 1917 ی ڕوسیای پێ دەرس دابدات، وە سەرکەوتووش بوو لەو کارەیدا.

وە ئەگەر بڕیار بێت ئێمە دەرسێك لە لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە فێر بین ئەوەیە کە دەبێ لەسنور و چوارچێوەی دەرس وەرگرتندا نەمێنینەوە، بەڵکو دەبێ دەرسی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان و ڕاپەڕینەکانی دابدەین.

لێرەوە لەو پێشەکیەوە بگەڕێنەوە سەر یادی حەڤدەی شوباتی 2011 ، و گەر باوەڕمان بەو مێسۆدە شۆڕشگێر و جەنگاوەرەی لینین هەبێت ئەوا دەبێ بیسەلمێنین کە مەسەلەی ئەسڵی ئەوکاتەش (لە شوباتی 2011 دا) بۆ حزبی سیاسی جەنگاوەر، بۆ ئێمەی کۆمۆنیستی خەباتکاری شۆڕشگێڕ، ئەوەبوو کە چۆنچۆنی بمان توانیبا دەرسی ئەو بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەیە دابدەین.

ئەوەی کە جێی داخە، ئەوە هیچ کە نەمان توانی دەرسی بزوتنەوەکەی حەڤدەی شوبات دابدەین لە کاتی خۆیدا، بەڵکو لەوەش جێگەی داخ تر ئەوەیە کە دوای پێنج ساڵ بەسەر حەڤدەی شوباتدا، لە باسکردنی وەرگرتنی دەرسەکاندا، وەك دەرسێك ئاماژە بەو مێسۆدەی لینین ناکرێت. ئەمەش ئاساییە چونکە ئاکامی غیابی خودی مێسۆدەکەی لینینە لەناو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەمڕۆی کوردستانی عێڕاقدا.

ئەوەی جێگە مەبەستە لێرەدا، ئەوەیە، لە ئێستادا لە یاد کردنەوەی حەڤدەی شوباتدا چەندین بابەت؛ وتار، چاوپێکەوتن و لێدوان بڵاوکراونەتەوە، کە باس لەوە دەکەن چۆنچۆنی دەرس لە بزوتنەوەی حەڤدەی شوباتی 2011 وەربگرین، و رێگا نەدەین هەڵەکان دوبارە ببنەوە، وە خاڵگەلێکی باشیشیان باس کردوە وەك دەرس کە لێوەی فێر بین، دەستیان خۆش بێت کارێکی باشیان کردوە.

بەڵام ئەگەر ئەوە مێسۆدی فکری سیاسی بێت، بەو مانایەیە تا دەمرین دەبێ هەر خەریکی دەرس وەرگرتن بین و هەر بەدوای ئەوەوە بین کە دەرس فێربین و بە فێرخوازی (قوتابیەتی، تەلەباتەتی)ەوە سەربنێینەوە. قوتابی هەمیشە بەدوای مامۆستاوەیە و چاولەدەستی ئەوە. ئەگەر ئەم وێنەیە بکەینە وێنەیەکی سیاسی ئەوا دەبێ هەمیشە بەدوای بزوتنەوەکان، ڕاپەینەکان و شۆڕشەکانەوە بین و چاولەدەستی ئەوان بین، تا شتێکیان لێوە فێر بین. واتا ئیکۆنۆمیستی و کلکایەتی بۆ ڕوداو، بۆ بزوتنەوەکان و بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشەکان.

بە کورتی و بە کوردی، ئەوەی کە لە ئێستادا گرینگە و بایەخدارە، لەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتی کە لە ئۆکتۆبەری 2015 وە سەری هەڵداوە و بەردەوامە و ناڕەزایەتیەکانی خەڵكی کوردستانی بەدژی حزبە بورژوا ناسیونالیستە کوردیەکان، بردۆتە ئاستێکی جۆرایەتی (نەوعی)ەوە، کە لە حەڤدەی شوباتدا بەوجۆرە نەبوو، ئەوەیە؛ کە ئایە حزبێکی جەنگاوەر (میلیتانت لە دەقە ئینگلیزیەکەی کتێبەکەی لینیندا)، لە ناو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا، لە مەیداندا هەیە کە بتوانێت دەرسی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەیە دابدات؟

بەداخەوە، وەڵامەکە لای من نەرێنیە. لێڕەدا ناچمە ناو ئەو مەیدانەوە کە باس لەوە بکەم چۆنچۆنی حزبێك یا ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی جەنگاوەر بە مانا لینینەکە لە ئارادا نیە. وە ئەگەر کەسێك بەدوای لێکدانەوەی ئەو وەڵامە نەرێنیەوە بێت دەتوانێت ئەو نوسراوەیەی من بخوێنێتەوە کە ناونیشانی (ئەناتۆمی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان)ی لەسەرە و ڕەخنەیە لە دوو بەیاننامەی (حکک کوردستان) و (حکک چەپی عێڕاق)، کە هەر لەسەر ئەم بزوتنەوەیەی ئێستا بڵاویان کردۆتەوە.

خاڵێکی گرینگی تر کە لەو وتار و بابەتانەدا ئاماژەی پێکراوە، بریتیە لەوەی کە چۆنچۆنی بتوانرێت ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە، هەنگاو بە هەنگاو ببرێتە پێشەوە، لە ڕێگەی ئەو تاکتیکانەوە کە ڕێك دێنەوە لەگەڵ ئاستی پەرەسەندنی بزوتنەوەکە، کە سەرەتا “پاشەکشەیەك بە دەسەڵات بکەن”، “بەشێک لە مافە سەرەتاییەکانی جەماوەر لە چنگیان” دەربهێنێت و بەم جۆرەش “هاوسەنگی بە قازانجی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بگۆریت و ئاسۆیەکی گەش بخاتەڕو بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەم کۆمەڵگایەدا”، وە ڕێگە گرتن لەو تاکتیك و هەنگاوانە کە “بە رواڵەت گەورەو لە راستیدا سەرچڵانە”ن، و بە جۆرێك لە زیانی بزوتنەوەکە تەواو دەبن لە جیاتی سود پێگەیاندنی. هەروەها “دامەزراندنی شوراکان و چۆنیەتی رێکخستنی کاروبار و خەبات و ژیانی کۆمەڵایەتی”، لێرەشدا خاڵگەلێكی باش و دروست ئاماژەیان پێکراوە.

بەڵام لێرەدا دوو خاڵ گرینگە سەرنجی بدەینێ:

  1. یەکەم ناکرێت ئەو عەقڵانیەتە لە مەیدانی تاکتیکدا، واتا هەنگاو بە هەنگاو بردنە پێشەوەی خەبات و بزوتنەوەیەکی جەماوەری بکرێتە وەڵام بۆ نەبوونی ستڕاتیژێك و هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە، بەرامبەر دەسەڵاتی حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد. ڕاشکاوانە بڵێین ئەگەر حزبەکانی ئەو نوسەرانە لە جیاتی ستڕاتیژ و هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە، ستڕاتیژ و هەڵوێستێکی لیبڕاڵ چەپیان هەبێت بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە، ناکرێت پەردەپۆشی ئەو “کەموکوڕی”ەیە چینایەتیەی حزبەکەیان بکرێت، بە وەڵامی عەقڵانیەت لە مەیدانی تاکتیکی بردنە پێشەوەی ئەو خەباتە و ئەو بزوتنەوە جەماوەریەی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
  2. ئەم باسانە دروست و کۆمۆنیستین بەڵام بە بوونی مێسۆدەکەی لینینەوە، وە لە بارودۆخی ئێستای کوردستانی عێڕاق و بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیەکەیدا، بە دیاریکراوتر دەبێ بڵێین، ئەم باسانە کاتێك دروست و کۆمۆنیستی دەردەچن کە ستڕاتیژ و هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنیستی هەبێت بەرامبەر خودی دەسەڵاتەکە، واتا شەڕ لەسەر دەسەڵات، بۆ تێکشکاندن و ڕوخاندن و هەڵپێچانی دەسەڵاتی ئەو حزبە بورژوا ناسیونالیستانەی کورد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن کۆمۆنیستەکانی کوردستانەوە و لێرەوە ڕەسمیەت پێدانی دەسەڵاتدارەتی شۆرایی لە کوردستاندا، نەك ستڕاتیژێکی پێچەوانەوە کە سەرەتا لە هەوڵی دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتی شۆراییدا بێت تا ئەو ڕاددەیەی کە دەسەڵاتدارەتی شۆرایی دابمەزرێنن، ئینجا دوای ئەوە کۆمۆنیستەکان لە هەوڵی گرتنە دەستی دەسەڵاتدا بن لەڕێگەی ڕوخاندنی دەسەڵاتی حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کوردستانەوە. ئەڵبەتە مەسەلەکە ئەوە نیە کە ئەم کارە پێویستیەکی ژیانی (حەیاتی) نیە، هەم بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی حزبە بورژازیەکان و هەم بۆ داسەپاندنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەسەر کۆمەڵگەدا، وە هەم بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی کۆمۆنیستەکان بەڵكو دوو گرفت هەیە لێرەدا؛
  3. یەکەم جارێ ئەو ستڕاتیژەی ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەو حزبە بورژوا ناسیونالیستانە بە ڕەسمی وە بە دۆکیومێنت لە ئارادا نیە وەك بڕیارنامەیەکی ئەو حزبانەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان، بە تایبەتیش لای حزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاری. تا خۆشی خۆشی بڵێین کاتێك ئەو دەسەڵاتدارەتیە شۆراییەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەسەر ئەرزی واقع دامەزرا ئەوسا نۆرەی ئەو کۆمۆنیستانە دێت بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات. هەتا ئەگەر ئەو ستڕاتیژە وەك نوسراوێك لە ئاراشدا بێت (کە نیە بەڵام گریمان هەیە) نەکراوەتە تەوەرەیەك کە ڕوحیەتی کادرەکان و ئەندامان و هەوادارانی پێ پەروەردە کرابێت. وە لێرەوە بچنە سۆراغی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان تا بەو ڕوحیەتەوە ڕێنمایی بکەن، لە شۆراکاندا ڕێکخراوی بکەن و هەنگاو بە هەنگاو بیبەنە پێشەوە، تا خۆیان لەدەسەڵات نزیك ببنەوە. بەڵکو بە ڕوحیەتێکی تر دەیبەنە پێشەوە کە وەك دۆکیومێنتی ڕەسمی و بڕیارنامەی حزبی هەر لە کۆنگرەی یەکەم و دامەزرێنەریانەوە لە ئارادایە.
  4. وە دووەمیش هاوکێشەکە پاشوپێشە، چۆن؟. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕۆژەکانی ناوەڕاستی سێپتێمبەری 1917 تا 24 ی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵە کێشمەکێش و شەڕ و بەزمی لینین لەگەڵ کۆمیتە ناوەندی حزبی بەلشەفیدا لەسەر ئەو مەسەلەیە، کە پێویست ناکات چاوەڕیی کۆنگرەی دووەم و سەراسەری شۆراکان بکەین، کە بڕیاربوو لە کۆتایی ئۆکتۆبەردا ببەسترێت، و لە کۆنگرەی شۆراکانەوە ڕەسمیەتی ئەوە وەربگرین کە دەسەڵات بگرینە دەست، بەڵکو دەبێ بە پێچەوانەوە بێت، حزب دەسەڵات بگرێتە دەست و لە کۆنگرەی سەراسەری شۆراکاندا ڕەسمیەت وەرگرێت، وە لینین هەرواشی کرد.

باسەکەی هاوڕێ مەنسوری حیکمەتیش بە هەمان شێوە، سەبارەت بە (حزب و دەسەڵاتی سیاسی)، بە تایبەتیش لە وتاری کۆنگرەی سێهەمی حزب لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2000 و لە شاری کۆپنهاگ، دروست ئەو مەسەلەیە کە کۆمۆنیستەکان دەبێ دەسەڵات بگرنە دەست هەتا بە ژمارەیەکی نسبی کەمیشەوە تا شۆراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بتوانن فەرمانڕەوایی بکەن بەسەر کۆمەڵگەدا. وە دەڵێت ئەو باسەی ئەو لەلایەن سەڵتەنەت تەڵەبەکان و حزبە بورژوازیەکانەوە نادرێتە بەر ڕەخنە، چونکە ئەوان وەكو کەمایەتی هەم دەتوانن فەرمانڕەوایەتی بکەن وەهەم لە هەوڵدان بەم کەمایەتیەوە کە هەیانە دەسەڵاتی حزبی فەرمانڕەوا بڕوخێنن، واتا ئەوان باش دەزانن کە ئەو کارە شتێکی عەمەلیە کە کۆمۆنیستەکانیش بە کەمایەتیەکەوە دەتوانن هەم دەسەڵاتێك بڕوخێنن و هەم فەرمانڕەوایەتیش بکەن بەسەر وڵات و کۆمەڵگەدا. وە لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت ئەوە چەپ و “کۆمۆنیست”ە کانن ئەوەیان بۆ هەرس ناکرێت. دژایەتی بۆ باسەکەی مەنسور، تێنەگەیشتنە لە مێسۆدەکەی لینین.

لە کاتی نوسینی ئەم وتارەدا ئەمڕۆ شەممە 20 ی شوباتی 2016 ڕاگەیاندنێکی (حکک کوردستان) لە ماڵپەڕی ئەو حزبە و دواتریش لە تۆڕەکانی میدیای ئینتەرنێتی وەك فەیسبوك بڵاوکرایەوە لە ژێر ناونیشانی (نەخشەڕێگای دەرهێنانی کۆمەڵگای کوردستان!، بۆ پێشەوە بەرەو پێکهێنانی دەسەڵاتدارێتی شۆرایی).

گەرچی پێشڕەویەکی پێوە دیارە لەچاو بەیاننامەکەی 30 ی ئۆکتۆبەری 2015 هەر لەو پەیوەندەدا لەسەر ئەم ناڕەزایەتیانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستاندا، بەڵام جەوهەری گرفتەکەی ناو هەمان بەیاننامەی پێشوو هەر لە شوێنی خۆیدا، لە ناو ئەم بەیاننامەیەشدا ماوەتەوە. کە هەوڵ دەدەم لە کۆتایی بڵاوکردنەوەی نوسراوەی (ئەناتۆمی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان) وەك هاوپێچێکی ئەو نوسینە ئەم مەسەلەیە ڕون بکەمەوە.

ئەم بەیاننامەیەی 20 ی شوباتی 2016، دروست پێچەوانەی باسەکانی هاوڕێ مەنسوری حیکمەتە لەسەر حزب و دەسەڵاتی سیاسی وە پێچەوانەی مێسودی لینینشە. چونکە ئەو وێنەیەی کە لەناو ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، وێنەیەکی ئیکۆنۆمیستیە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە. لە مێسۆدی لینین و ماتریالیزمی دیالێکتیکدا، ڕێکخراوکردنی شۆرایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بەر لە شۆڕشی سۆشیالیستی بەشێکە لە ستڕاتیژی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆمۆنیستەکان، یا ئۆڕگانێكە لەو پێناوەدا، ئەوەی کە لای کۆمۆنیزمی لینین (و کۆمۆنیزمی مەنسوری حیکمەتیش) مەسەلەی بنەڕەتیە ئەوەیە کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، لە چرکە ساتێکی مێژوویدا بگەنە ئەو قەناعەتە کە کۆمۆنیستەکان دەتوانن وە دەبێ دەسەڵات بگرنە دەست تا کۆمەڵگەکەیان لەم تڕاژیدیایە بێتەدەرەوە و ڕزگاری بێت.

ڕێکخراو کردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە شۆراکاندا لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە لایەك ئەو کارە ئاسان دەکات کە ئەو جەماوەرە بەو قەناعەتە بگەێنێت (کە هەموو هەوڵ و کۆششی لینین لە نێوان حوزەیرانی 1917 کە یەکەمین کۆنگرەی سەراسەری شۆراکانی تیا بەسترا تا ناوەڕاستی سێپتێمبەری ئەو ساڵە، لێرەدا دەتوانرێت تێی بگەین) وە لەلایەکی تریشەوە بوونی ئەو شۆرایانە دەسەڵاتی بورژوازی لاواز دەکات کە کار ئاسانیەکە بۆ کۆمۆنیستەکان تا بیڕوخێنن و خۆیان بگەن بە دەسەڵات. قوربەسەریش لێرەدایە ئەگەر ئەم شۆرایانەش لە ئارادابن و کارئاسانیان کردبێت بەڵام کۆمۆنیزمەکە بودەڵە بێت.

جا مەرج نیە چاوەڕێ بین تا شۆراکان تەواو دادەمەزرێن و جۆرێك لە دەسەڵات لەسەر ئەرزی واقع دادەمەزرێنن ئینجا کۆمۆنیستەکان هەوڵبدەن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، بەڵكو ئەگەر ڕەوەندی ڕوداوەکانی کۆمەڵگە و چالاکی و هەڵسوڕانی کۆمۆنیستەکان بەو ئاقارەدا بێت کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بەو ئاکامە و بەو قەناعەتە بگەێنێت کە تەنها کۆمۆنیستەکانی کوردستانن لە ئێستادا دەتوانن کۆمەڵگە ڕزگار بکەن، جا با هێشتا ڕێکخراوە شۆراییەکانیش لە سەرەتای شکڵگیریدا بن، لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت کە کۆمۆنیستەکان دەبێ دەستپێشکەر بن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات. موسیبەتەکە ئەوەیە کە ئەم ڕوحیەتی دەستپێشکەریە هەر لە بنەڕەتەوە مەوجود نیە لای حزب و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی. وە هەر لێرەشەوە تێدەگەین کە ئەم ڕوحیەتە غائبە لە ناو ئەم بەیاننامەیەدا، وە دروست لە جیاتی ئەو مێسۆدەی لینین و مەنسوری حیکمەت، بە مێسۆدێکی تەواو ئیکۆنۆمیستانەوە هاتەتۆتە مەیدان تا دەسەڵات بگرێتە دەست!

بەڵێ لە یادی 17 ی شوباتی 2011 دا، ئەگەر بەمێسۆدی لینین کار بکەین، ئەوا نا بێت ڕێگە بدەین بارودۆخەکە 17 ی شوباتێکی تر دووبار بکاتەوە، بەڵکو دەبێ لەوە تێی پەڕێنین، و دەرسی دابدەین. ئەمەش مەسەلەیەکی تری هاوپێچ (مولحەق) بەخۆی دێنێتە ئاراوە، وەك مارکس لە شوێنێکدا دەڵێت؛ سەرەتا پێویستە مامۆستا دەرس دابدرێت تا بتوانێت دەرسی قوتابیان دابدات، لێرەشدا دەبێت سەرەتا کۆمۆنیستەکان دەرس دابدرێن، تا بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان و بە تایبەتیش کۆمۆنیزمی کرێکاری بتوانێت وەك مەنسوری حیکمەت لە هەوڵی گرتنە دەستی دەسەڵات دا بێت، و وەك لینین دەرسی شۆڕش دابدات.

nadr1506@yahoo.com

2016-02-20