حزب حکمتیست-بیانیه حزب حکمتیست درباره، تحولات سیاسی جهان و ضرورت و مبرمیت آلترناتیو سوسیالیستی(بزبان کردی)

ڕاگەیەنراوی حزبی حکمەتیست،

دەربارەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی جیهان، پێویستی و فەورییەتی ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی.

پەسەندکراوی پلینۆمی ٣٥ کۆمیتەی ناوەندی حزب

١- جیهان چۆتە ناو سەردەمێکی پڕگۆڕانکاری و مەترسیدارەوە. چوارچێوەگەلی جیۆپۆلەتیک، سیاسی، ئابوری، سەربازی، نێونەتەوەیی و بەدوای ئەویشدا ئەو چوارچێوە ناوچەییانەی لە کۆتایی جەنگی جیهانی دوهەمەوە پێکهاتەی سەرمایەداری هاوچەرخی پێکهێنابوو، زۆرتر لە حاڵەتی دوبارە بیناکردنەوە و جێگرتنەوەدان بە شتی نوێ. بە تایبەتی لەگەڵ قەیرانی ئابوری ساڵی ٢٠٠٧ – ٢٠٠٨، ئەمجارە “دیواری بەرلینی بازاڕی ئازاد” هەرەسی هێنا. ئەم قەیرانە لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی چوارچێوەی ئابوری تاچەریزم و ڕەیگانیزم و مانێتاریزمی ڕاستی نوێ بوو کە لە دەیەی هەشتاوە بەسەر جیهاندا فەرمانڕەوا بووە. سەرمایەداری لە قەیرانی دەیەی حەفتا و بنبەستی دەوڵەتانی ریفاە و سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕۆژهەڵات، بە تاچەریزم و ڕەیگانیزمەوە وەکو ئەلگۆیەک بۆ دوبارە سازدانەوەی سەرمایەداری، بە پشتبەستن بە هێرشی بەرفراوان و  هەوسار پچڕاو بۆ سەر گوزەران و دەستکەوتەکانی چینی کرێکار، توندبونەوەی ململانێی توێژەکانی سەرمایە و مۆدێلێک بۆ گەشەی ئابوری هاتەدەرەوە و داڕمانی سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕامکردنی بازاڕەکانی ئەو بلۆکە دەرفەتی زیاتری بۆ ئەم سیاسەتە ئابورییە ڕەخساند.

٢- سەرباری پێڕەوکردنی سیاسەتی سکهەڵگوشینی ئابوری و هێرش بۆ سەر گوزەرانی چینی کرێکار، یەک هۆکاری بەردەوامبونی قەیرانی ئابوری دەساڵەی دوایی، نەبونی چوارچێوەیەکی سیاسی – ئابوری باڵادەستی سەرمایەیە لە ئاستی جیهانیدا. سەرمایەداری ئەمڕۆ بە دانپێدانانی سەرانی لەگەڵ ئاشوفتەبازارێک بەرەوڕوو بۆتەوە. سەرمایەداری بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئێستا بێجگە لە توندکردنەوەی چەوسانەوە و کەمکردنەوەی بەشی چینی کرێکار و توندکردنەوەی ڕکابەری سەرمایە و جەنگی توندی دەروون چینایەیتی ئەڵتەرناتیڤی دیکەی نییە. سەرمایەداری ئەمریکا و هەیئەی فەرمانڕەوایی بۆرژوایی ئەو وەکو ئەندازیاری سەرتاپێی سیستەمی سیاسی و ئابوری جیهان، بنبەست و شکستی خۆی بە دەرهاویشتنی ترامپ ڕادەگەیەنێت. ترامپ دژی چوارچێوەکانی تائێستای جیهانی سەرمایەداری جەنگ ڕادەگەیەنێت، سیاسەتی ناسیونالیستی و کۆنسەرفاتیڤ و زۆرتر گرژیهێن تەرح دەکات، بەڵام ڕێگاچارەی ئابوری نوێ پێشنیازناکات، بەڵکو بەبێ ڕێگاچارەی بەدیل هاتۆتە جەنگی ئەم گرفتە بناغەییانەی ئەمریکا و سەرمایەداری ئەمڕۆ. لەم کێشمەکێشە توندەدا، فاشیزم مۆدێلێکی سیاسی و ئابوری نییە بەڵکو عاسای دەستی بۆرژوازییە بۆ ڕابەرایەتی سەردەمی گواستنەوەی قەیران و بە شێوەی کاتی خوازراوە. گەشەی ڕاستی توندڕەو لەم دەیەی دواییدا، خواستی دوورکەوتنەوە لە مەرکەز و پرسی برێکسیت، سەرهەڵدانی ترامپ، پەیوەندی بە پێداویستیی بۆرژوازی سەردەمی قەیرانەوە هەیە بۆ ڕاستی توندڕەو.

٣- جیهان دەبینێت کە شتێک خەریکە تەواودەبێت بەڵام ئەو شتەی بڕیارە لەجێی ئەو دابنرێت ناڕۆشن و جێگای ململانێی توندە. دوای هەرەسهێنانی نەزمی دوو قوتبیی سەردەمی جەنگی سارد و دواتر شکستی ڕیگاچارەی “ئەزەلی و ئەبەدی” سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد، دەوڵەتان و زلهێزەکانی سەرمایەداری بۆ دەرچون لە قەیران، بۆ دیاریکردنی چارەنوسی پرسی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی جیهان و دیاریکردنی ناوچەکانی نفوز و بازاڕەکانی کار و کاڵا، پێویستیان بە جەنگ بوو. جەنگ بۆ بۆرژوازی پێویستییە. ئەمڕۆ جیهان لەسەر لێواری جەنگێکی تەواو عەیار نەگیرساوەتەوە، وە جەنگ وەکو ناچارییەک ڕیزبەستنی سەربازیی لە جیهاندا نەسەپاندوە، بەڵکو ئەژمارێک لە بەریەککەوتن و کێشمەکێشی دوولایەنە و چەندلایەنەی سیاسی و ئابوری و سەربازی لە ناوەندەکانی قەیران و میحوەرە جیۆستڕاتیژی و جیۆپۆلەتیکەکانی جیهان لەئارادایە. کێشمەکێشی دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتی چین لە دەریای خواروی چیندا بە هاوڕێیەتی دەوڵەتانی ژاپۆن و کۆریای خواروو و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا، سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی کۆریای باکور، سیاسەتی گەمارۆدان و ئیحتیواکردنی ڕوسیا، سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی دەریای ڕەش و تەنگەی هورمز، بەرینکردنەوەی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامییە دژە ئەمریکاییەکان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا، لە ئاستی جیاوازدا، پۆتانسێلی هەڵگیرسێنەری جەنگن. کێشمەکێشی بۆرژوازی سەبارەت بە پێناسەکردنی سیمای نوێی جیهانی چەند قوتبی، ئەم پۆتانسێلەی هەیە کە بۆ هەر لایەک بڕوات، لەوانەش بەکاربردنی چەکە ئەتۆمی تاکتیکی و بایۆ تیرۆریستییەکانیش. فاشیزم و بەڕبەڕییەتی سەرمایەداری مەیلێکی ناچاریی سەرمایەدارییە لەپێناو دەرجەیەکی ترسناک لە قەیرانی ئابوری و قەیرانی ڕابەرایەتیی ئێستای جیهانی سەرمایەداری.

٤- پڕوپاگەندەی ناسیونالیستی لەم کێشمەکێشەدا سەبارەت بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی جیهانی سەرمایەداری، ئاڵای ناسیونالیزەکردنی ئابوری و سیاسەت نییە، بەڵکو ئامڕازی ئامادەسازی نیشتمانپەرستانەی بۆرژوازی “خۆیی” و بڵاوکردنەوەی نەفرەتی فاشیستی بە دژی “بێگانەکان”ـە. هاوکات لەگەڵ ناسەقامگیریی چوارچێوەکانی جیهانی پێشوو، پێویستیی بۆ ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیزم وەکو زرێپۆشی بەرگری بۆرژوازیانە بەرجەستەتر دەبێت. ئاساییبونی بڵاوکردنەوەی نەفرەتی فاشیستی لە تریبۆنەکانی دیموکراسی ڕۆژئاواوە، خۆی لە تیرۆریزەکردنی ژیانی “غەیرەخۆییە”کان لە هەر وڵاتیکدا، وە فراوانکردنی کینەتۆزی مەزهەبی و نەژادی و قەومی و تیرۆریزمدا تەرجومەدەکات. ڕاستی توندڕەو سیاسەتە ناسیونالیستییەکان لە ناوخۆی ئەمریکا ئەکاتە ئامڕازی هێرش بۆ سەر چینی کرێکار و “بێگانەکان” و هاندانی ناسیونالیستی بۆ بەرگری لە بۆرژوازی “خۆیی”، وە لە دەرەوەی ووڵات، ئەیکاتە ئامڕازی دوبارە داڕشتنەوەی پەیوەندی و بەرژەوەندی بۆرژوازی ئەمریکا لەگەڵ ڕکابەرەکانی. یەک ئامڕازی دیکەی ترامپ و تیمەکەی، دەستبردنیانە بۆ مەزهەب و خورافەی “شەڕی شارستانییەتەکان” لەپێناو پاساودانی ملهوڕی سەربازی ئەمریکا لەژێر ناوی “خەبات دژی تیرۆریزم”دا. ناسیونالیزم و مەزهەب ئامڕازگەلی ئایدیۆلۆژیی ئەم ململانێیەن، بەڵام مەسەلە دەربارەی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی جێگا و ڕێگای ئەمریکایە لەناو جەمسەربەندی گەورەی جیهاندا.

٥- یەکێتی ئەوروپا بە توندبوونەوەی قەیران، ئەم پۆتانسێل و ئیمکانەی هەیە کە دوچاری هەڵوەشانەوە ببێت و ئەژمارێک لە ناسیونالیزمی توندڕەو و پۆپۆلیست بەرهەم بێنێت. لە هەمان کاتدا بەرگری بەرانبەر بە ناسیونالیزمی توندڕەو لە ئەوروپا و هاوکات هەوڵی دەوڵەتە ئەوروپاییەکان بۆ پارێزگاری لە یەکێتی ئەوروپا وەکو جەمسەرێکی زۆرتر سەربەخۆ بەرانبەر بە جەمسەرەکانی دیکەی جیهان بەتایبەتیش بەرانبەر بە دەوڵەتانی ڕوسیا و ئەمریکا، میحوەرێکی گرنگی کێشمەکێشەکانی جیهانی ئەمڕۆیە. یەکێتی ئەوروپا لەسەر دوڕیانی ڕۆییشتن لەگەڵ ئەمریکا و ترامپ، وە یاخود درێژەدان بە جوڵەی دوورکەوتنەوە لە ناوەند لەلایەن ووڵاتانی ئەندام و هەڵوەشانەوە ڕاوەستاوە. ئاسۆی یەک بلۆکی بەهێزی سەرمایەداری لە قیافەی یەکێتی ئەوروپادا، کە بتوانێت بە ڕێکخراوێکی یەکپارچە و دراوێکی هاوبەش و سوپایەکی یەکپارچە و یاسایەکی هاوبەش لە بازاڕی کار و کاڵادا وەکو جەمسەرێکی جیهانیی بەرانبەر بە ڕکابەرەکانی ڕاوەستێت، لەگەڵ تەمومژی جددی، لەگەڵ هەڕەشەی قەیران و پاشەکشە و ڕکودی ئابوری و لە هەندێک جێگاش لەگەڵ مەترسی هەرەسی ئابوری بەرەوڕووە. یەکێتی ئەوروپا وەکو بلۆکێک کە هێشتا هەیە، لەئێستادا بەرەوڕوی گرفتی هەڵبژاردن بوەتەوە لەنێوان ئەمریکا وەکو هاوپەیمانێکی کۆن، وە یاخود مامەڵە و بگرە و بدەی فراوانتر لەگەڵ بلۆکی چین و ڕوسیا. چین و ڕوسیا بە هاوپەیمانییان لە کۆنفڕانسی شانگهای و پەیمانە سیاسی و ئابوری و سەربازی دوولایەنەکانیان و بەشداری لە گروپە ئابورییە تازە دەرکەوتوەکانی ناسراو بە بریکس و هاوڕایی لە پرسە جیهانی و ناوچەییەکان، زیاد لە پێشوو خەریکن وەکو بلۆکێکی بەهێزی ڕەقیبی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەردەکەون. ڕەوەندێک کە بە لکاندنی کریم لە لایەن فلادیمیر پوتینەوە لە ساڵی ٢٠١٤ و کێشمەکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا توند بۆەوە و بەرانبەری ئەمەش گەمارۆی ئابوری سەنگینی ئەوروپا و ئەمریکا بە دژی ڕوسیا، بووە هۆی کەمبونەوەی پەیوەندییەکانی ڕوسیا لەگەڵ ڕۆژئاوا و بەهێزبوونی یەکێتیی نێوان ڕوسیا و چین. چین بەوێنەی زلهێزێکی ئابووری جیهانی و ڕوسیا بەوێنەی هێزێکی سەربازی هەژمونی خواز و دووبارە سەرپێکەوتوو، هەردوکیشیان لە ململانێ و ڕکابەری بەرانبەر بە ئەمریکا و نیازمەندی بازاڕی ووڵاتانی ئەوروپاییدان. هەبونی درێژماوەی پەیمانی ئەتڵەنتیکی باکور، ناتۆ، بە گۆڕانکاری لە ڕیزبەندی زلهێزەکانی سەرمایەداریدا بەرەوڕوی لاوازی و پاشەکشە بونەتەوە.

٦- لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی بێوێنەی ئێستا دیسانەوە توندتر دەبێتەوە. ستڕاتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا دوای شکستی تەرحی “خۆرهەڵاتی ناوینی گەورە”، بڵاوکردنەوەی میلیتاریزم بە بیانوی شەڕ دژی تیرۆریزم و بەرگری لە هاوپەیمانە ناوچەییەکان، بوونی سەربازی لە ناوچەکە و ئاوەکانی کەنداو و ڕاڕەوە نێونەتەوەییەکان، ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ ڕوسیا و چین و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شادەماری ووزەی جێگانیازی ئەوروپا ئەبێت. ئیسلامی سیاسی هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لەم دەورەیەدا، بەهۆی نەبونی مۆدێلێک و چوارچێوەیەکی سیاسی و ئابوری بڕێک زیاتر جێکەوتوی حکومەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە ڕابردوو لە پێکهاتەی بۆرژوازی ناوچەکەدا جێگیر دەبێت. دروشمی “لەناوبردنی ئیسلامی توندرەو” و “بەرەوڕوبونەوە لەگەڵ تیرۆریزم”ی ترامپ سنوردار دەبێتەوە بە هێرش بۆ سەر ئیسلامی دژە ڕۆژئاوایی. بەرەوڕوبونەوەیەک کە لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی هاوپەیمانی ڕۆژئاوادا شکڵ دەگرێت. ئەمریکا پێویستی بە ئیسلامی سیاسی هەیە وەکو هێزێکی کۆنەپەرست، دژی کرێکار و کۆمۆنیزم، بۆ کێشمەکێشە ناوچەییەکان و کۆنتڕۆڵ بەسەر ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ڕوسیا و چین‌دا. لاوازکردنی ئیسلامی سیاسی لایەنگری جمهوری ئیسلامی ئێران لە سوریا و عێراق و لوبنان، ستڕاتیژی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکایە. شەڕ لەگەڵ جمهوری ئیسلامی بە واتای هێرشی سەربازی بۆ سەری، ئەمڕۆ بابەتیی نییە، بەڵام بەریەککەوتنی تاک و تەرا لەگەڵ هێزەکانی جمهوری ئیسلامی لە ناوچەکە ئەگەرێکە. مەسەلەی فەلەستین لە بۆتەی قەیرانی ئەمڕۆدا بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەت و بلۆکبەندییەکانی ناوچەکە چۆتە مەحاقەوە. ڕێگەچارەی دوو دەوڵەتی خاوەن مافی یەکسان هێشتا عەمەلی ترین و بەردەست ترین ڕێگاچارەیە بۆ سوککردنی نەهامەتییەکانی خەڵکی فەلەستین و ئیحتیواکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی. مەسەلەی کورد زیاد لە ڕابردوو لەنێو ململانێکانی ناوچەکەدا مەترەح بووە. جێگا و ڕێگای بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ووڵاتانی ئێران و سوریا و تورکیا و عێراق وەکو یەک نییە، لەم نێوەدا ئیمکانی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی ڕوانگەی دابەشکردنی عێراق بۆ سێ بەش عەمەلی تر دێتە بەر چاو. سەربەخۆیی کوردستانی عێراق باشترە لە نادیاریی لە چوارچێوەی عێراقێکی واقعەن نەبوودا.

٧- بەدوای ناکام مانەوەی شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بەدژی دەوڵەتانی فەرمانڕەوا لە باکوری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، خواستی ڕزگاربون لە دەست کۆنەپەرستی ئیسلامی و تیرۆریزم و هەڵاواردنی سەدەکانی ناوەڕاست، بەهێزە. بژارە لە ووڵاتانی بەئیسلامگیراو تەنیا بژارە نییە لە نێوان ناسیونالیزم و بزوتنەوەی ئیسلامیدا، بژارەی سێهەم ئەتوانێت وە دەبێت مەترەح بێت. پێویستە کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار لە ووڵاتانی ناوچەکەدا، لە دژی بزوتنەوەی کۆنەپەرستیی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی دەوڵەتی و سیناریۆی ڕەش، ئاڵای ڕووخاندنی دەوڵەتانی بۆرژوایی و ئیسلامگەرا بشەکێننەوە. ڕیزی ئۆردووی چەپی کۆمەڵگا بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ڕەوەندەکانی سیناریۆی ڕەش و بەرگری لە هاوڵاتیان، پێویستی بە هێزی سەربازی و هێزی بەرگری لە خودێکی دەست بە چەک هەیە. باڵی چەپی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەتوانێت و دەبێت بەرانبەر بە ئاسۆی ئیمپریالیستی و تیرۆریستی ڕەوتگەلی جۆر بە جۆری بۆرژوازی، بە دژی داسەپاندنی هێزگەلی دروستکراو و کۆنەپەرستانەی بۆرژوازیی، ئاسۆ و پەرچەمی خۆرهەڵاتێکی سیکۆلار و سۆشیالیست بەرزکەنەوە. حزبی حکمەتیست سیاسەتی هاوژینییەکی پایەدار و ئارەزومەندانەی خەڵکی ناوچەکە و جیهان پەیڕەودەکات و بۆ بەهێزکردنی چینی کرێکار و ڕێگاچارەی کرێکاری و جوڵانەوە یەکسانیخوازەکان و دژە هەڵاواردن لە ململانێ لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستدا تێدەکۆشێت.

٨- لەم دەورەیەدا جمهوری ئیسلامی لە لایەن دەوڵەتی ترامپ و دەوڵەتانی ڕکابەر لە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر گوشاری زیاترەوە. ئامانجی ئەم گوشارانە سەپاندنی پاشەکشەی زیاترە بەسەر جمهوری ئیسلامیدا لە ناوچەکە. سیاسەتی باڵی پرۆڕۆژئاوا و بەناو “میانەڕەو”ی ڕژێم بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ جیهانی دەرەوە شکستی خواردوە و جێگا و ڕێگایەکی لاوازتری بەخۆوە گرتوە لەناو دەسەڵاتدارێتی ئیسلامیدا. سەرەڕای ئەمەی کە لە قەڵەمڕەوی تەبلیغاتی باڵی ڕاستتری جمهوری ئیسلامیدا تەپڵی جەنگ لێئەدرێت، بەڵام لەم دەورەیەدا ڕژێمی ئیسلامی بە گشتی سیاسەتی خۆپاراستن پێڕەودەکات و تەنانەت هەرچی زیاتر خۆی بۆ پاشەکشەی زیاتریش ئامادەدەکات. جمهوری ئیسلامی لەناو مەنگەنەی قەیرانی جۆراوجۆری ناوخۆیی، ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی چارەهەڵنەگردا بەگیر هاتوە. بۆ جمهوری ئیسلامی لەم دەورەیەدا جموجوڵی سەربازی لە ناوچەکە بە ئاراستەی فراوانکردنی ناوچەی نفوزی خۆی تا ئێستا بایەخی زۆرتری بووە، بەڵام فراوانبونی سیاسەتی جەنگیی بەردەوام لە ووڵاتانی ناوچەکە لەم دەورەیەدا، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی شپرزی ناوخۆیی و ڕیزبەندییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ سنورداربوونی زیاتر بەرەوڕووە. لەگەڵ توندبونەوەی قەیرانی ڕژێمی ئیسلامی و ڕوبەڕوبونەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان لە ئێران، ڕووخانی جمهوری ئیسلامی ئەگەرێکی نزیکە. بۆرژوازی ئیسلامی لەگەڵ توندبونەوەی قەیرانەکان ڕوودەکاتە فشارهێنان و پاکسازی دەرونی و جەنگ لەگەڵ خەڵک و چینی کرێکار، وە بۆرژوازیی ئۆپۆزیسیۆن کە لە هاوپەیمانیدایە لەگەڵ کۆنەپەرستیی ناوچەکە و ترامپ، ئومێدەوارە بەمەی لە ئەڵتەرناتیڤسازیی ژێر چاودێری ئەمریکادا خۆی بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات ئامادە بکات. جارێکی دیکە ترامپە ئێرانییەکان و هاوپەیمانانی شێخە کۆنەپەرستەکان و ئینسانکوژانی عەرەبستانی سعودی، چارۆکەی ئومێدیان گرێداوە بە کەشتییە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکاوە.

٩- بەڵام بەڕبەڕییەتی سەرمایە و بانگەشەی ناسیونالیستی توندڕەوانە تەنیا دەرچەی قەیران نییە، ڕێگاچارەی شۆڕشگێڕانە و کرێکاری و ئەنتی کاپیتاڵیستیی قەیرانیش ئەتوانێت لەم دەورەیەدا مەترح بێت. جەنگی ئیمپریالیستی و شۆڕشی کرێکاری، هەردووکیان، دەتوانن لە سەردەمی توندبونەوەی قەیراندا مەترەح بن وە هێزەکانی ئەم دوو بەرەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی لە کۆمەڵگا بۆرژواییەکاندا شانس و دەرفەتی واقعییان دەبێت. خەباتی بەرینی چینی کرێکار بەدژی سیاسەتی سکهەڵگوشینی ئابوری، بەرفراوانبونی چەپگەرایی و ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ڕژێمی حازر لە ئەوروپا و ئەمریکا، هاتنەپێشەوەی باڵە چەپترەکانی بۆرژوازی لە سیریزاوە تا ساندەرز و کۆربین، هەمویان ئاماژەن بۆ زەمینەی بابەتیی و گوشاری پێویستبونی ڕێگاچارەی چەپ بۆ دەرچون لە قەیران. جیهان، تەنیا شانۆی ڕیزبەستنی تاوانکاران و جەنڕاڵە چەکبەدەستەکان و سوپای تا بینەقاقا چەکداری چینە باڵادەستەکان نییە، هەروەها شانۆی خەبات و تێکۆشانیشە لەپێناو بەشداری ئینسانی ئەمڕۆ لە ئاییندەیەکدا کە هەر ئێستا لە حاڵەتی پێکهاتندایە. چینی کرێکار لە ئەمریکا و ئەوروپا، جوڵانەوەی دژی کاپیتاڵیستی و بەرەی چەپی کۆمەڵگا، پێویستە ئامڕازەکانی بەرگرییەکی شۆڕشگێڕانە و کرێکاری، پۆتانسێلی تەرح و هێنانەمەیدانی ئەڵتەرناتیڤێکی کۆمەڵایەتی سۆشیالیستی فەراهەم بکەن. هیچ ڕەوتێکی سەرمایەداری تەنانەت ئیدیعای ڕێگاچارەیەکی مامناوەندیشی نییە. چوارچێوە کۆنەکان بەسەریەکدا تێکشکاون و بێ ئیعتیبار بوون، ئەم ئیمکان و پۆتانسێلە زیاتر لە هەر کاتێک بۆ چینی کرێکار فەراهەم بووە کە ڕێگاچارەی ئینسانی و سۆشیالیستی خۆی بۆ وەڵامدانەوە بە قەیرانی ئابوری و قەیرانگەلێک کە ڕوبەڕوی مرۆڤایەتی ئەمڕۆ بۆتەوە بهێنێتە مەیدان. سۆشیالیزم زیاتر لە هەر کات و سەردەمێک بوەتە پێویستیەکی دەستبەجێ.

١٠- حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حکمەتیست لە ئێران لە پێناو سەرکەوتنێکی سۆشیالیستیدا خەبات دەکات. ئەمڕۆ سیاسەت لە ئێران، توندبونەوە و ڕوبەڕوبونەوەی ڕاست و چەپی کۆمەڵگا بەرجەستەتر دەکات. حزبی حکمەتیست لە بەرانبەر هەوڵی ڕیفۆرمخوازانی حکومەتییدا بۆ درێژەدان بە حکومەتی ئیسلامی و هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی بۆ ئەڵتەرناتیڤسازی پنتاگونیستیی، تێدەکۆشێت بۆ شکڵدان بە بەدیلێکی سۆشیالیستی و کردنەوەی ئاسۆی سەرکەوتنی کرێکاری لە ئێران‌دا. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامی، یەکێکە لە پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە. هەوڵ و تێکۆشانی حزبی حکمەتیست بە ئامانجی تەحقیقکردنی بەدیلی سۆشیالیستی بۆ ئاییندەی کۆمەڵگای ئێران، پشتی بەستووە بە خەباتی فراوانی چینی کرێکار، بە جوڵانەوەی ئازادیی ژنان، بە ناڕەزایەتی بەردەوامی نەوەی جەوان و لە هەمان کاتدا پشتی بە ڕوانگەی ڕووخاندنی جمهوری ئیسلامی بەستوە. کۆمەڵگای ئێران سەرەڕای گرێ و گۆڵی زۆر و ئاڵۆز کە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکات، بە هۆکاری مێژووی سیاسی، هەبونی جوڵانەوەگەلی کۆمەڵایەتی یەکسانیخوازانە و دژ بە هەڵاواردن، نفوزی چەپ و جەمسەربەندی سیاسەت و نەریتە سیاسی و خەباتکارانەکان تیایدا، زیاد لە هەر وڵاتێکی ناوچەکە پۆتانسێل و هێزی گۆڕانکاری سۆشیالیستی تێدا هەیە. کۆمۆنیزم لە ئێران‌دا بەشێوەی بابەتیی ئەتوانێت ببێتە یەک بژارەی سیاسی. فەلسەفەی هەبونی حزبی حکمەتیست بردنی کۆمەڵگایە بەم ئاراستەیەدا و ڕابەری کردن و سازماندانی شۆڕشی کۆمۆنیستییە لەپێناو ئازادی کۆمەڵگادا.

مارسی ۲۰۱۷

***