•اطلاعیه حزب حکتیست – در رابطه با روشنگری دفتر مرکزی در رابطه با ادعاهای رفیق ریبوار احود در رابطه با عضویت شمال علی در رهبری حزب حکتیست بزبان کردی

 
ڕوونکردنەوەیەک لە دەفتەری مەرکەزی حزبی حکمەتیەوە
لە وەڵام بە ئیدیعایەکی هاوڕێ ڕیبوار ئەحمەد
سەبارەت بە ئەندامبوونی هاوڕێ شەماڵ عەلی لە کۆمیتەی مەرکەزی حزبی حکمەتیدا

(بۆ تۆماری مێژوو)

بەداخەوە بە پێچەوانەی مەیل و ئەولەویەتی ڕاگەیەندراوی خۆمانەوە، نەزەردانە ناواقعی و دوور لە ڕاستیەکانی ڕابەریی و ئه ندامەکانی رابەری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و کوردستان، هەندێک جار ناچارمان دەکەن کە بۆ مێژوو و بۆ داکۆکی لە ڕاستی ڕونکردنەوە بدەین. چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕیبوار ئەحمەد لە نووسینێکیدا بە ناونیشانی “ئەو چەند خاڵەی پێویستە بوترێن” چەند خاڵی ناواقیعی لە دژی حزبی حکمەتی بەیان کردووە. لەو ڕوانگەیەوە کە درێژەدانی ئەو جەدەلە ئەولەویەتمان نییە، ئێمە ناچینە سەر هەموو خاڵەکان. بەڵام لە مەوردێکی دیاریکراودا بەداخەوە تۆمەتێکی ناڕەوای لە دژی حزبی حکمەتی و هاوڕێ شەماڵ عەلی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی حکمەتی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، داوە. ڕیبوار ئەحمەد لەو نوسراوەدا ئیدیعای کردووە کە “ئەندامبوونی شەماڵ عەلی لە کۆمیتەی ناوەندی حزبی حکمەتیدا نیشانەی دەستێوەردانی حزبی ئێمە لەناو ڕیزەکانی دوو حزبی عیراق و کوردستانە.” لەوەش زیاتر جێگای داخە کە لە شێواندنێکی گەورەدا ئیدیعای کردووە کە گوایە “هەیئەتی حزبی حکمەتی لە دیداری ڕۆژی 5ی سەپتەمبەری 2012دا لەگەڵ هەیئەتی دوو حزبدا ئەم تۆمەتەیان تەئیید کردووە.”
لە پەیوەند لەگەڵ ئەم بابەتەدا ئەم ڕونکردەوانە بە پێویست دەزانین:
ئەلف/ بۆچوون و سەرنجەکانی هەیئەتی دوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و کوردستان سەبارەت بە ئەندامبوونی هاوڕێ شەماڵ عەلی لە کۆمیتەی ناوەندی حزبی حکمەتیدا، یەکێک لە بابەتەکانی قسەکردن بووە لە دیداری سێ حزبدا لە 5ی سەپتەمبەری 2012دا. باسەکانی ئەم دیدارە تۆمار کراوە و بڕیار وابووە لە بەردەستی دەفتەری سیاسی هەر سێ حزبدا دابنرێت و بەو پێیەش دەبێ ڕێبوار ئەحمەدیش دەستی پێی ڕاگەیشتبێت. بۆ ڕونبوونەوەی مەسەلەکە و ئاگاداربوونی خوێنەران لە هەڵوێستی هەردوو لا لەم دانیشتنەدا و لە هەڵوێستی حزبی حکمەتی سەبارەت بەم کێشەیە ڕێگای سەرڕاست ئەوەیە کە فایلی دەنگی ئەو دیدارە بخرێتە بەردەستی هەمووان. لەلایەن ئێمەوە هاوڕێیان ڕێگاپێدراون کە هەموو ئەو باسە تومارکراوه بڵاوبکەنەوە، تاکو هەرکەس مەبەستێتی و بۆی گرنگە قەزاوەتی خۆی بکات.
با/ لەو کۆبوونەوەیەدا هەیئەتی حزبی حکمەتی یەکەم: داکۆکی لە ئوسوڵی بوونی کۆمۆنیستی، سیاسی و حزبی ئەو کارە لە چوارچێوەی پەیوەندیەکانی تا ئەو کاتەی سێ حزبدا کرد. ڕایگەیاند کە ئەندامبوونی هاوڕێ شەماڵ عەلی لە کۆمیتەی ناوەندیدا لە کۆنگرەیەکی عەلەنیدا و لە ڕێگای دەنگدانی ڕاستەوخۆی نوێنەرانی کۆنگرەوە بەدیهاتووە، لەم بابەتەوە هیچ ئۆرگانێکی تر ناتوانێت هیچ ئیقدامێکی ئیجرائی لەبەرانبەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەدا بکات. هەروا ڕایگەیاند کە لەبەرئەوەی لەلایەن حزبی حکمەتیەوە هیچ چاوخشاندنەوەیەک بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ دوو حزبدا ڕانەگەیەندراوە، لەلایەن حزبی ئێمەوە

ڕیککەوتنەکانی پێشووتر و لەوانە مافی کاندیدبوونی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی سێ حزب لە کۆنگرەکانی یەکتردا وەک خۆی ماوەتەوە و ئەگەر سەرەڕای هاوڕێ شەماڵ عەلی، هاوڕێیانی تریش خۆیان کاندید بکردایە، مافی ئەوەیان دەبوو. لە پاراوێزیشدا چاکە ئاماژەیەک بەوە بکەین کە ئاماژەکردن لەلایەن ڕیبوار ئەحمەدەوە بە کاندیدبوونی یەنار محەمەد و ڕەتکردنەوەی لەلایەن کۆنگرەی چوارەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانەوە له سالی 2002 بەو دەلیلە سادەیە بێ ڕەبتە بەم باسەوە کە ئەودەم یەنار محەمەد ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق نەبوو.
دووەم: هەیئەتی ئێمە ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە، بۆچوون و سەرنجەکانی هەیئەتی دوو حزب بە دەفتەری سیاسی حزبی حکمەتی دەگەیەنین. هەیئەتی ئێمە لە ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ کۆبوونەوەی دەفتەری سیاسی حزب لە 29 و 30 ی سەپتەمبەری 2012دا هەمان کاریان کرد. مەکتەبی سیاسی سەرنج و ئیعتیرازی ڕابەریی دوو حزبیان بە دروست نەزانی. بە داخەوە کە پلینۆمی 27 ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق دوو ڕۆژ بەر لەو کۆبوونەوەیەی دەفتەری سیاسی ئێمە لە 27ی سەپتەمبەردا بەڵگەنامەیەکیان لە بەرانبەر حزبی حکمەتیدا تەسویب کرد، کە پەیوەندی نۆرماڵی ئێمە لەگەڵ دوو حزبدا لەدوای ئەوەوە درێژەی نەدرا و ئیمکانی ئەوەی کە نەزەری دەفتەر سیاسی حزبی حکمەتی بەو دوو حزبە بگەیەندرێت لە ئارادا نەما، ئەمەشمان لە نامەی 5ی ئۆکتۆبەری 2012 بە کۆمیتەی ناوەندی هەردوو حزب ڕاگەیاند.
جیم/ شەماڵ عەلی هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی ناسراو و هۆشیاری کۆمۆنیزمی کرێکاریی و حزبەکانی لە عیراق و کوردستان و ئێرانە. ڕابەریی سێ حزب و لەوانەش ڕابەریی حزبی حکمەتی مافیان نەبووە و نییە، بۆ ئەو وهیچ کەسێکی تری دیاری بکەن کە چۆن هەڵبژاردنی سیاسی و تەشکیلاتی خۆیان دەکەن. بە نەزەری ڕێبوار ئەحمەد و ڕابەریی دوو حزب ئەگەر ئەندامبوونی شەماڵ عەلی لە کۆمیتەی ناوەندی حزبی حکمەتیدا لەگەڵ پێوانە پێناسەکراوەکانی نێوان سێ حزب و پێوانە حزبیەکاندا جیاوازی هەبووە، چۆنە وا یەک مانگ دوای کۆنگرەی پێنجەمی حزبی حکمەتی، شەماڵ عەلی لە کۆنگرەی سێهەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا وەک ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەو کۆنگرەیە و پاشان وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرایەوە و بە خودی خۆی نەگوترا کە بە خاتری ئەندامبوونی لە کۆمیتەی ناوەندی حزبی حکمەتیدا بۆی نییە بۆ ئەندامێتی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان خۆی کاندید بکات؟ ڕابەریی ئەو دوو حزبە و ڕێبوار ئەحمەد ئەم ناکۆکیە چۆن وەڵام دەدەنەوە؟ جێگای داخە کە پاش دوو دەیە لە هاوچارەنووسی سیاسی و کۆمۆنیستی، ئەمڕۆ ڕابەریی دوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و کوردستان و ڕێبوا ئەحمەد ناڕەزاییان سەبارەت بە ئەندامبوونی یەکێک هاوکاران و هاوسەنگەرانی لەمێژینەی خۆیان لە حزبێکی کۆمۆنیستی تردا لە دەرەوەی جوغرافیای سیاسی “عیراق و کوردستان” و بە ئیعتیباری ئەو لە کۆنگرەی کۆمۆنیستەکانی ئێراندا، هەیە. ئەم بەرخوردە، جا بە هەر شتێک پاساوی بدەن، پەیوەندی بە کۆمۆنیزم و ئەنتەرناسیۆنالیزمەوە نییە. بە ڕاستی بە داخەوە.
لە کۆتاییدا جارێکی تر تەئکیدی دەکەینەوە، لە ناوچەیەکی پڕ ئاڵ‌وگۆڕدا کە ئەم سێ حزبە کاری تیا دەکەن و هەڵسوڕان ئەنجام دەدەن، دنیایەک کار و ئەولەویەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان لەبەرانبەر جووڵانەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا هەیە. ئێمە لەلایەن خۆمانەوە تەرکیزمان دەخەینە سەر ئەو ئەولەویەتانە. درێژەدان بە بەخۆخەریکبوونی لاوەکیەوە کاری ئێمە نییە.

دەفتەری مەرکەزی حزبی حکمەتی
اسفندی 1391- فوریه 2013