مصاحبه – ارزیابی و نگاهی در سه ومین سالروز یاد روزنامه نویس سردشت عثمان در گفتگو با نادر عبدالحمید

هەڵسەنگاندن و ئاوڕدانەوەیەك لە یادی سێ ساڵەی تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، گفتوگۆ لەگەڵ نادر عبدالحمید.
ئامادەکردنی بۆ ماڵپەڕی هاوپشتی: لاوژە جەواد
هاوپشتی: تۆ یەکێك بووی لە بەشداربوانی یادی سێ ساڵەی تیرۆری سەردەشت لە شاری یۆتۆبۆری سوێد، و وتارت پێشکەش کرد. هەڵسەنگاندنت چیە بۆ ئەم یادە بەگشتی و بەتایبەتیش لە مساڵدا؟
نادر عبدالحمید: یادی ترۆری سەردەشت عوسمان تەنها یادی تاوانێك و قوربانیەکی بێگوناح نیە، بەڵکو یادی خاڵێکی وەرچەرخانی سیاسیە لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردستانی عێراقدا. ئەمە پیا هەڵخواندن و زیادەڕۆی نیە بەڵکو لێکدانەوەیەکی ماتریالیستی و واقعیە لە خەبات و ململانێی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا.
گەرچی یەکەمین جار نەبوو کە لە مێژووی هاوچەرخی ئەم هەرێمەدا بزوتنەوەیەکی جەماوەری ناڕەزایەتی شکڵ بگرێت لەدەرەوەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، وە لە بنچینەشدا بەدژی دەسەڵاتی حزبە زلهێزەکانی ئەو بزوتنەوەیە و وەك بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان بناسرێت. بەڵکو پێشوتر لە ساڵانی 1992 و 1993، بە کۆمەگی هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستی ئەو کاتە، بزوتنەوەی بێکارانی کوردستان و دواتریش بزوتنەوەی ئاوارەکانی کوردستان سەریان هەڵداوە، کە ئەو دوو بزوتنەوەش لە دەرەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی و بە دژی دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی ئەوکاتە بوون. بەڵام ئەم بزوتنەوانە نەك هەر نەیانتوانی بەردەوام بن بەڵکو نەشیان توانی وەك هەوێنێك بەشدار بن لە شکڵگیری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری گەورەتر و بەرفراوانتر لەدوای خۆیان.
ئەمە جگە لە شەپۆلێکی پچڕ پچڕ لە خۆپێشاندان کە شکڵێکی ئەنارشیستی بەخۆیەوە گرت لە ساڵی 2006 دا، دژی نەبونی خزمەتگوزاریەکان و گەندەڵی و فەرهودی سامانی گشتی کۆمەڵ لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە.
ئەوەی کە لە هەڵسەنگاندنی یادی بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسماندا پێویستە پێی لەسەر دابگرین، (هەروەك لە وتارەکەی خۆمدا لە شاری یۆتۆبۆری سوێد لەو یادەدا ئاماژەم پێدا)، ئەوەیە کە بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان وەك هەوێنێك بەشدار بوو لە شکڵگیری بزوتنەوەیەکی بەرینتر و بەرفراوانتر لەدوای خۆی ئەویش بزوتنەوەی ناڕەزایەتی حەڤدە (17)ی شوباتی 2011 بوو. بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان گەرچی تەمەنی کورت بوو بەڵام ناوەڕۆک و جەوهەری پەیامەکەی خۆی گواستەوە بۆ بزوتنەوەیەکی بەرفراوانتر و بەهێزتر، بەم مانایە مەسەلەی سەردەشت عوسمان بە زیندوویی مایەوە.
نامەوێت لێرەدا پەردەپۆشی زەمینە مادیەکانی سەرهەڵدان و تەقینەوەی جەماوەری حەڤدەی شوبات بەڕوی دەسەڵاتدارەتی ناسیونالیزمی کورد و بەتایبەتیش “پارتی”دا بکەم، هەروەها نامەوێت چاو لە ئاست کاریگەریکەکانی شەپۆلی شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا و وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنوقێنم لە سەرهەڵدان و شکڵگیریەکەیدا. بەڵکو ئەوەی کە دەمەوێت لێڕەدا بەرجەستەی بکەمەوە بەشداری بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان بوو لە شکڵگیر بزوتنەوەکەی حەڤدەی شوباتدا. ئەمە بەشێوەیەکی گشتی هەڵسەنگاندنمە بۆ مەسەلەی ترۆری سەردەشت عوسمان و یادەکەی.
بەڵام ئەوەی کە تایبەتمەندیەك بەو یادە دەبەخشێت لە سێهەمین ساڵیدا، ئاڵوگۆڕییەکە لە تەرازوی نەك هەر هێزە سیاسی و حزبیەکان بڵکو لە تەرازوی هێزی نێوان ناڕەزایەتی جەماوەری لە دەڤەری بادینان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتدارەتی “پارتی” لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە. بەڕادەیەك کە لەماوەی یەك دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە دوانزە حاڵەتی ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەری لە ئاستی جۆراوجۆردا سەری هەڵداوە، کە لە میدیاکاندا بڵاوکرانەوە و ڕاگەێندراون. لە کەش و ئاوهەوایەکی سیاسی ئاوادایە کە دەسەڵات ناچارە بووە مل بدات بە بەڕەسمی ناسینی یادکردنەوەکە لە هەولێر. کە لە دوو شوێن هەم لەسەر گۆڕەکەی و هەم لە بەردەم زانکۆ ئەو شوێنەی کە لێی فڕێندرابوو یادەکەی شکۆمەندانە کرایەوە. ئەڵبەتە لە هەندێك شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ئەم یادە کرایەوە کە ئەمەی شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوێد یەکێك لەوانە بوو.
هاوپشتی: لە وتارەکەتاندا ئیشارەتان بەوە کرد کە لەچەند ساڵی ڕابردودا دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر لە کوردستاندا خەریکی شکڵگرتنە و هەتا هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەشێکە لەو پڕۆسەیەی شکڵگیری ئیستیبدادی سیاسی، تیرۆری سەردەشت و وەستانەوەی ئازادیخوازان بەرامبەری شەقازیلەیەک بوو بەڕوی دەسەڵاتدا، واتا وەك هێزی بەرەنگاریبونەوە، مەبەستان لەمە چی بوو؟
نادر عبدالحمید: بیست و چەند ساڵی ڕابردووی کوردستانی عێراق قۆناغێکی تازەیە لە مێژووی ئەم کۆمەڵگەیە، فاکتۆری ئەسڵی لە پێکهاتەی ئەم قۆناغەدا ڕەوینەوەی مۆتەکەی دەسەڵاتی ئیستبدادی دەوڵەتی مەرکەزی عێڕاقە بەسەر خەڵكی کوردستاندا، چ بەکشانەوەی هێزەکانی رژێمی بەعس بەدوای جەنگی کەنداوی یەکەمدا (1991) و چ بە دوای ڕوخانی خودی ئەو ڕژێمە بەدوای جەنگی کەنداوی دووەمدا (2003). بەمەش بۆشاییەکی سیاسی یان فەزایەکی ئاوەڵای سیاسی و فکری هاتە ئاراوە بۆ ململانێ و کێشمەکێشی ڕەوت و باڵە جۆراوجۆرەکانی چوار بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی سیاسی: ڕەوتی ناسیونالیستی سوننەتی (کلاسیك) کە جگە لە دووباڵی “پارتی” و”یەکیەتی” کۆمەڵێك لە وردە حزب و گروپی تریش دەگرێتەوە. ناسیوناڵ-لیبراڵ کە ڕەوتێکی لیبراڵی تازەی ناسیونالیزمە و هێشتا پڕۆسەی شکڵگیریەکەی کامڵ نەبووە، وە دەیان ناوەند و مەڵبەندی فکری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و سیاسی هەیە. هەرچی بزوتنەوەی “گۆران”یشە ئەلقەیەکی پەیوەندیە کە ئەم ڕەوتە ناسیوناڵ- لیبراڵە پەیوەست دەکاتەوە بە ناسیونالیزمی سوننەتیەوە، جگە لەم دووباڵەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی “کلاسیك” و ناسیونالیستی “مۆدێرن”؛ دوو بزوتنەوەی تریش لە کوردستاندا هەن، بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی و بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان.
ئەوەی کە جێگەی مەبەستی من بووە ئەوەیە کە ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە سیاسیانە بەتایبەت ناسیونالیزمی سوننەتی و بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی، لەڕێگەی ڕەوتە حزبی و میلیشیا چەکدارەکانیانەوە، ویستویانە ئەم بۆشاییە سیاسیە بە ملهوڕی و داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا پڕبکەنەوە جا چ بەشەڕ و پێکدادانی نێوانیان بوبێت یان بە هاوپەیمانیەتی. ئەمە پڕۆسەیەکە لە شکڵگیری دەسەڵاتێکی ئیستیبدادی سیاسی لە کوردستاندا. ترۆری سەردەشت عوسمان و پێش ئەویش کەسانی تر ڕوداوێکی دابڕاو نەبوون لەگۆشەیەکی کۆمەڵگەدا ڕویاندا بێت بەڵکو ئەڵقەیەك و بەشێك لە پڕۆسەیەكن بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتێکی ئیستیبدادی سیاسی لەڕێگەی سەرکوتی ئازادی و دەم کوتی ئازادیخوازان.
بەڵام بارودۆخی سیاسی کوردستان تەنها پڕۆسەیەکی یەکلایەنەی شکڵگیری ئیستیبدادی سیاسی نەگرتۆتە خۆی بەڵکو هەمیشە ناڕەزایەتی و بەرگری لەبەرامبەر زوڵم و زۆر و دەستدرێژیەکانی دەسەڵات لە ئارادابوە. بەڵێ دەسەڵات بە ترۆری هاوڕێ سەردەشت مەبەسستی بوو جەماوەری ئازادیخواز چاوترسێن بکات و هەرچی زیاتر دەسەڵاتی سەرکوتگەری خۆی جێگیربکات لە کوردستاندا، بەڵام شکڵگرتنی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوان ئەوەی کە دەسەڵات (لێرەدا مەبەست “پارتی”ە) مەبەستی بوو نەك هەر لێی کردە خەون بەڵکو لێشی کردۆتە کابوسێك. بەم مانایە شکڵگیری ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە کوتەتێك بوو سرەوێندرایە ئەم دەسەڵاتە.
هاوپشتی: پێتوانیە دەبێت داواکاریەکانمان سەبارەت بە تیرۆری سەردەشت لەم بازنەیە بێتە دەرەوە، دەبێت بەشکلێکی تر بەرەنگاری دەسەڵات ببینەوە و سەقفی داواکاریەکانمان ببەینە سەرەوە؟
نادر عبدالحمید: کێسی سەردەشت دولایەنە، لایەنێکی شەخسی وەك هاوڵاتیەك و ڕۆڵەی خانەوادەیەکی زەحمەتکێش کە تیرۆر کراوە، لایەنی دوەمیشی مەسەلەیەکی سیاسیە کە سەردەشت لەسەری ترۆر کراوە و بە بۆنەی ترۆرەکەیشیەوە و بەدەوریا بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی شکڵی گرت، گەرچی ئێستا ئەم بزوتنەوەیە لە حاڵەتێکی خامۆشیدایە بەڵام لەهەر فرسەتێکی گونجاودا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەیە. ئەم دوو لایەنە لێکهەڵپێکراون لە پەیکەرەیەکدا و لێك جیا ناکرێنەوە.
هەر مەسەلەیکی دیاری کراو، خواستی تایبەت بەخۆی هەیە، کە هەم هەقانیەتەکەی دەسەلمێنێ و هەم هێز و تواناش بەدەوریدا کۆدەکاتەوە تا بتوانێت پەرەدار و بەرفراوانی بکات. ئەگەر چاوێك بە خواستە ئەسڵی و سەرەتاییەکانی دۆسیەی سەردەشت عوسماندا بخشێنین دەبینی خواستی ئاشکرا کردنی بکوژان و دادگایی کردنان، خواستی پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ لەدەرەوەی دەسەڵات بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیە، بە تواناو هێزی خۆیانەوە لە مەیداندا ماونەتەوە. وە هەر ئەم خواست و داواکاریانەش بوو کە بوونە بنەمای شکڵگیری بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی چەندین خۆپێشاندان، وە بوە فشارێکی سیاسی بۆ سەر دەسەڵات و بەدیاریکراویش بۆسەر “پارتی”.
خواست و دروشم و پەرچەم و سمبولەکانی هەر مەسەلەیەك یا هەر بزوتنەوەیەك ڕۆڵی کاریەگەر دەبینن لە پتەوکردن، بەرفراوانکردن و بەرەوپێش بردنیدا. بەڵام بەر لە دروشم و داواکاریەکان ئەوە میکانیزمی پەرەسەندنی ناوخۆیی هەر بزوتنەوەیەك و چۆنیەتی یەکاڵاکردنەوەی ناکۆکیە دەرونیەکانی هەر بزوتنەوەیەکە کە ڕێگە خۆشکەری پەرەسەندن و پتەوکردن و بەسەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوەکەیە. زیاد و کەمی خواست و داواکاری بەو ئەندازەیەی کە لە ڕەوەندی یەکاڵاکردنەوەی ناکۆکیە دەرونیەکاندا ڕۆڵی خۆی دەبینێ بایەخی هەیە.
بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان، وەك بزوتنەوەیەکی ئازدیخواز پێکهاتەیەك بوو لە یەکانگیربوونی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵی شۆڕشگێر، واتا دیموکراسییەتێکی شۆڕشگێر لەگەڵ ڕەخنەیەکی ناسیوناڵ-لیبرالی ڕۆشنبیرانی کوردستان، کە خوازیاری ئازادی بیروڕا و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دامەزراوەیی دەوڵەتی دیموکراتین. بە مانایەك بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان هاوپەیمانەتی دیموکراسی شۆڕشگێر و دیموکراسی لیبراڵ بوو لەساتە وەختێکی مێژووی کوردستاندا، بەدژی دەسەڵاتێك کە هەوڵی داسەپاندن و جێگیر کردنی ئیسستیبدادی فکری و سیاسی دەدات لە کوردستاندا لەڕێگەی سەرکوت و دەم کوت و ترۆرەوە. وەتا ئێستاش بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان ئەم پێکهاتە و ئەم هاوپەیمانیەتەی بەدوو ئاسۆی فکری و سیاسی جیاوازەوە لەهەناوی خۆیدا حەشارداوە.
ئەڵبەتە یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە دەرونیەکانی هەربزوتنەوەیەك کارێکی ئیرادەگەریانە نیە، بەڵکو ئەمە ڕەوەندی گەشەکردن و بەرفراوانبونی ئەم بزوتنەوەیە بەدژی دەسەڵات کە زەمینەکەی دەخوڵقێنێت، وەهەر ئەمەشە کە ئاستی خواست و داواکاریەکان بەرزدەکاتەوە. جیا لەو ڕەوەندە واقیعیە، زیاد و کەمی خواست و داواکاری و بەرزکردنەوەی ئاستەکانیان گلانە ناو ئیرادەگەرایەتی لێ پاشەکەوت دەبێت.
14-5-2013
nadr1506@yahoo.com