رحمان حسین زاده – آیا کومه له چپ از دست رفته است ( بزبان کردی)

ئایا کۆمەڵەی چەپ لە دەست چووە؟

(لە پەرواێزی سیمیناری شەش حزبی کوردستانی لە تەلەفزیۆنی ڕوداو)

 

ڕەحمان حسەین زادە

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو ١٦ئایاری٢٠١٧ تۆڕی میدیایی ڕوداو، بەناوبانگترین دەزگای ڕاگەیاندنی کوردی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەژێر ڕابەرایەتی مەسعود بەرزانی، داهێنەری سیمینارێک بوو بە ئامادەبونی سکرتێری یەکەمی هه ر شەش حزبی کوردستانی ئێران، کە پێش لە گاڵتەجاڕی (بساط) “هەڵبژاردن”ی دوایی جمهوری ئیسلامی ڕاگەیاندنی هاوبەشی بایکۆتکردنیان ئیمزاکردبوو. ئەم سیمینارە ناڕۆشنییەکی نەهێشتەوە، کە بایکۆتی هاوبەشی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن لە بنەڕەتدا ڕوپۆشێکە لە ڕاستای هاوپەیمانییەکی پایەدارتر و بە قەولی خۆیان هەنگاوی یەکەم بە ئاراستەی دروستکردنی بەرەی یەکگرتوی “کورد” و دروستکردنی “یەکدەنگی لەناو بزوتنەوەی کورددا” لەبەر ڕۆشنایی ڕیزبەندی تازەی جیهانی و ناوچەیی لەژێر ڕابەری ئەمریکا و ترامپ لە بەرانبەر بە جمهوری ئیسلامیدا. سەرباری ئەوەش لەم سیمینارەدا ئەندامێکی ڕابەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، کەسێک لە فراکسیۆنی پارلەمانی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانی عێراق، ژمارەیەک ژوڕنالیست و بەرنامەسازی ڕاگەیاندنی بە قەولی خۆیان شارەزا لە مەسەلەی کورد، لە باسەکانی سیمیناردا دەخالەتیان کرد. بە دل ئاوالییه وه  ئامۆژگاری و وانەکانی خۆیان لە ئەزمونی پێکهێنانی “بەرەی کوردستانی” بە ڕابەری جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی لە سەرەتای دەیەی نەوەدی زاینیی و “لە دەرفەت قواستنه وه ی” ئەوان لەبارەی چۆنێتی بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریکا و زلهێزە جیهانییەکان بۆ جێگاوڕێگای کورد قسه یان کرد. چۆنێتی ئەزمونی “سەرنجڕاکێشان” دەربارەی بەدەسەڵات گەییشتنی ناسیونالیزم لە کوردستانی عێراقیان بە گوێی ڕابەرانی شەش حزبی کوردستانی “ڕۆژهەڵات”دا گه یاند. ڕابەرانی شەش حزبی کوردستانیان ڕێنوێنی فەرموو پرۆسە و ئەزمونی “سەرکەوتوو”ی ئەوان لە کوردستانی ئێران دوبارەبکەنەوە. باسەکانی ئەم سیمینارە، وێنەی سەرەتایی شکڵگیری ڕێکەوتنی ئاشکرا و سات و سەودای پشتی پەردەی ڕەوەندی لێکنزیکبونەوەی ئەم شەش حزبە و سیناریۆیەکی دەردناک کە بۆ ئاییندەی ئاڵوگۆڕی کوردستانی ئێران سازیدەکەن ئەدابەدەستەوە. باسەکانی ئەم سیمینارە بە پێچەوانەی ووتە ئاوەژوەکانی ڕابەری کۆمەڵە لە مەوقعی قسەکەری هاوپەیمانی پێکهاتو لەناو گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن و پەردەپۆشکردنی واقعیاتی پشتی شانۆی هاوکاری ئەم ڕەوتانەوە، نیشانی دا هەنگاوە سەرەتاییەکان لەپێناو دروستکردنی هاوپەیمانی ڕاستڕەوی “کوردی” پشتبەستو بە دەوڵەتی ئەمریکا و ترامپ و هاوپەیمانە ناوچەیی و لۆکاڵییەکان بەرانبەر بە جمهوری ئیسلامی لە حاڵەتی شکڵگرتندایە.

 

بابەتی جێگای داخ و لەسەر ڕاوەستان لە ڕوانگەی منەوە ئەم مەسەلەیە کە بەڵگەکان نیشانیئەدەن، ڕابەری کۆمەڵە و لە سەروی ئەویشەوە سکرتێری یەکەمی ئەو بڕیاریداوە لەژێر ناوی بەرژەوەندی “بزوتنەوەی کوردستان”دا لەسەر خوانی بزوتنەوەی ڕاست و ناسیونالیستی کوردستان ڕۆڵی چالاک لەئەستۆ بگرێت بۆ پێکهێنانی ئەم بەرە کۆنەپەرستانەیە. ڕوودانی ئەم جۆرە پێشهاتە نیگەرانکەرە ناتوانرێ بە مەیل بۆ ناسیونالیزم و ڕاستڕەوی هەمیشە بینراوی ڕابەری کۆمەڵە لیکبدریته وه. ڕوودانی پێشهاتێکی بەمجۆرە نیشانەی پێهەڵگرتنی ڕابەری کۆمەڵە و سکرتێری یەکەمی ئەوە بۆ ناو قۆناغی سات و سەودا و ڕێکەوتن لەگەڵ ڕیزبەندی کۆنەپەرستانەی جیهانی، ناوچەیی و لۆکاڵی ئێجگار زەرەرمەند بەرانبەر بە کۆمەڵگای ئێران و کوردستانه. جموجوڵی زێدەکۆنەپەرستانەی پشتبەستو بە ئەمریکا لەلایەن کەمپی ڕاستی کۆمەڵگای کوردستانەوە دەبێ بە جددی تەماشابکرێت. دەبێ تەرکیز بکرێتە سەر ئاکامە پێشبینی کراوەکانی ئەم جموجوڵە و جێگای کۆمەڵەی خۆبەچەپزان لەناو ئەم ڕێکەوتنە سیاسییەدا.

 

هەروەکو ئاماژەمان پێکرد، ناوەرۆکی ئەم سیمینارە بە ڕۆشنی نیشانی‌دا، بابەتەکە ئێجگار فراوانتر و بەولاوەترە لە مەسەلەی “بایکۆتی هەڵبژاردن”ی جمهوری ئیسلامی. لە هەمان سوڕی یەکەم و بە تایبەت لە سوڕەکانی دوهەم و سێهەمی باسەکانی ئەم سیمینارەدا، ته رکیزکرایە سەر کۆمەڵێک بابەتی واقعی جێگابایەخی هاوبەشی لایه نه کان. ڕاگەیەنرا کە ڕیزبەندییەکی جیهانی و ناوچەیی لە دژی جمهوری ئیسلامی پێکهاتوە. ئومێد بە ڕۆڵی سەرۆکی ئەم ڕیزبەندییە، یانی ترامپی دانیشتو لەسەر کورسی دەسەڵات لە کۆشکی سپی لە باسەکانی ئەم سیمینارەدا شەپۆلی ئەدا. جەخت کرایە سەر ڕۆڵی عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ناوچەکە لە ڕیزی بەرانبەر بە جمهوری ئیسلامیدا. جەختی سەرەکییان لەسەر ئەمە بوو “کوردی ئێران” دەبێ فرسەت بقۆزێتەوە. فرسەت دروست بکات؟! وە سود لە فرسەتەکان ببینێت؟! لەم ڕاستایەدا دەبێ خۆیان یەکگرتو و یەکدەست بکەن. جێگاو ڕێگای خۆیان لەناو ئەم جەبهەبەندییە جیهانی و ناوچەییەدا مەحکەم بکەن. نزیک بە تەواوی بەشدارانی ئەم سیمینارە جگە لە هەندێ تێبینی مەحدودی نوێنەری یەکگرتوی ئیسلامی، ئەوانی تر بایکۆتی هاوبەشی هەڵبژاردنی جمهوری ئیسلامییان لەلایەن ئەم حزبانەوە وەکو هەنگاوی یەکەم و پۆزەتیڤی یەکێتی کارکردن لەم ڕێڕەوەدا و لە ڕاستای پێکهێنانی بەرەی پایەداری ئەم حزبانە لەپێناو بەشداری کردن لە ڕیزبەندی جیهانی، ناوچەیی و لۆکاڵی بەرانبەر بە جمهوری ئیسلامی ناوبرد. لەم سیمینارەدا بە ڕوونی دەرکەوت، یەکەم بایکۆتی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن ڕوپۆش و بیانویەکە بۆ ئەم حزبانە لەپێناو بەشداری لە ڕیزبەندی کۆنەپەرستانەی جیهانی و ناوچەییدا، وە دوهەم ڕازیبونی هاوبەشی ئەم جارەی ئەم حزبانە بە بایکۆتی هەڵبژاردن بەپێچەوانەی ووتە ئاوەژوەکانی کۆمەڵە و زمانلوسی چەپی ئۆپۆرتۆنیستی لایه نگر له ئەو نەک ئاکامی بەڵگەهێنانەوە ئێجگار مەحکەم و تێکۆشانەکانی کۆمەڵە و “هێژمونی” کۆمەڵە لەناو ئەم حزبانە نییە، بەڵکو به هوی باڵاگرتنی ترامپی فاشیست و سیاسەتی ئەمریکا و ڕاوەستانی عەرەبستانی سعودییەیە بەرانبەر بە جمهوری ئیسلامی و دڵخۆشکردنی ڕەوتە ناسیونالیستەکانی کوردستان بە سیاسەتی توندی ئەم جەبهەبەندییە کۆنەپەرستانەیە بەدژی جمهوری ئیسلامی.

 

سەرئەنجام ئەو شتەی کە لە سیمیناری تەلەفزیۆنی ڕوداودا کەوتەڕوو، بوونی پڕۆژەیەکی مامەڵە و ڕێکەوتنە کە ئەم حزبانە بۆ جوتبون لەگەڵ ڕەوەندەکانی ڕەوشی جیهانی و ناوچەیی جێگای پێشبینی بەرانبەر جمهوری ئیسلامی بەشوێنییەوەن. ئەمەی کە هێشتا دەوڵەتی ترامپ و عەرەبستانی سعودی بە شێوەی جددی و عەمەلی لای له م حزبانه نه کردوته وه، ناتوانێ گومانێک لەم واقعییەتەدا پێکبێنێ کە سات و سەودای کەمپی ڕاستی کۆمەڵگای کوردستانی ئێران لەپێناو دروستکردنی میکانیزمێکدا کە دەست لەناو دەستی یەک لەپێش بارەگای ئەمریکا و عەرەبستان و هاوپەیمانانی دیکەیان لە ناوچەکە دەرکەون، چوتە نێو قۆناغێکی جددیترەوە. بوونی دیدگایەکی بەمجۆرەیە کە سەرەڕای جیاوزییەکانیان ئەم حزبانەی لە تەنیشت یەک داناوە، وە بە بوونی ئەم ئاسو سیاسییەیە، لەم سیمینارەدا پێداگری فراوان لەسەر “پێویستی پلاتفۆڕمی لانی کەمی هاوکاری، دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوی کوردستانی، بوونی تەلەفزیۆنێکی هاوبه ش و پێکهێنانی هەیئەتێکی دیپلۆماسی لە ئاستی نێونەتەوەیی، جەختکردن لەسەر پەیوەندی کاریگەر لەگەڵ دەوڵەتانی ئەمریکا و ئەوروپا و ناوچەکە و لە کۆتاییشدا داڕشتنی ستڕاتیژییەکی نه ته وه یی بەئاراستەی دەستڕاگەییشتن بە مافە دێرینەکانی کرد” جه خت دەکرایەوە. ئامادەبون و هەوڵی حزبە ناسیونالیست و ئیسلامییەکانی کوردستانی ئێران لەم پرۆسەیە و لەم ڕێکەوتن و سات و سەودایەدا جوتە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستیدا، کە ئومێد و ئارەزوی خۆی گرێداوە بەم ڕیزبەندییە کۆنەپەرستانە جیهانییەوە لەژێر ڕابەرایەتی ئەمریکادا، وە لەم گۆشەیەوە قابیلی دەرککردن و قابیلی ڕونکردنەوەیە.

 

ئایا کۆمەڵەی چەپ لەدەستچووە؟

 

ئەو شتەی جێگای لەسەر ڕاوەستان و ڕەخنە و ناڕەزایەتییە، ئامادەیی کۆمەڵە و سکرتێری یەکەمی ئەوە لەناو ئەم جۆرە ڕەوەندە سیاسییەی لە ئارادایە و لە پرۆسەیەکدا کە بڕیارە بگات بە پێکهێنانی بەرەیەکی پتەوتری ئەم حزبانە لەناو جەمسەربەندی کۆنەپەرستانەی جیهانی، ناوچەیی و لۆکاڵیدا. پێشتر پاساوی ڕابەرانی کۆمەڵە بۆ ئامادەبون لەناو ئەم جۆرە هاوپەیمانی و کۆبونەوانەی ڕەوتە کۆنەپەرستەکاندا، وادەردەکەوت ئەم ئیدیعایە بوو، کە لەوێدا “قسە و سیاسەتی جیاواز نوێنەرایەتی دەکەن”. هاوئاهه نگی و هاوهه نگاوی ئەمجارەیان لەگەڵ ڕەوتە ناسیونالیستەکان و ئامادەبونی شوین که وتووانه ی سکرتێری یەکەمی کۆمەڵە لەم پانێلەی سەنتەری ڕوداودا تەنانەت ئەم پاساوە ناواقعییەی پێشوشیان ڕەتدەکاتەوە. هەر چاودێرێکی بەویژدان دەتوانێ باسەکانی چەند سەعاتی پانێلی ڕوداو ببینێ و گوێبیستی بێ و سات بە سات هاوئاراستەیی و هاوهەنگاوی و شوین که وتوویی  سکرتێری کۆمەڵە بۆ پڕۆژەی سیاسی کۆنەپەرستانەی لە حاڵەتی شکڵگرتنی جەمسەری ڕاستدا ببینێت. ئەم جارە تەنانەت خەبەرێک لە تێبینی نیوناچڵی ڕابردوشیان بەرانبەر بە دروستکردنی بەرەی کوردستانی و “گرفتە ستراتیژی و تاکتیکییەکان”ی پێشوشیان جێگای پێداگری نەبو. کار گەییشتە جێگایەک به ریوه به ری بەرنامە لەگەڵ  شەوق و خۆشیدا و عەبدوڵڵا موهتەدی بە شێوەیەکی زیرەکانە بەناوی “کاک ئیبراهیمی حزبی کۆمۆنیست”ـەوە مژدەیان ڕاگەیاند، پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ترامپ و دەوڵەتی ئەمریکا ئیمکانی هەیە و ئیشکالی نییە. بەرانبەر بەمە ئێمە نەک ڕەتکردنەوەمان نەدی، بەڵکو پەسەندی زمنیی مان بینی لەلایەن سکرتێری یەکەمی کۆمەڵەوە. واقعییەتی جێگای داخ ئەوەیە سکرتێری یەکەمی کۆمەڵە تەسمیمی گرتوە لەناو بەرەیەکی کۆنەپەرستانە و لە بۆتەی ڕەوەندی سیاسی عەمەلی ئەزمونکراو بەشداری بکات کە پێشتر لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی تاڵەبانی و بەرزانی و حزبەکانیان ڕابەرایەتی ئەو بەرەیان گرتەئەستۆ، وە بەرئەنجامی ٢٦ ساڵەی ئەو، دەوڵەتی هەرێمی کوردستانە کە کەوتۆتە بەر نەفرەت و ڕق و توڕەیی جەماوەری کوردستانی عێراقەوە. پرسیار ئەمەیە ئایا ئەمە سەرئەنجامی ئیستا و داهاتووی کۆمەڵەی چەپ و سۆشیالیست دەبێ؟

 

ئامادەبونی کۆمەڵە لەناو هاوپەیمانی ڕەوتە ڕاست و ناسیونالیستەکانی کورددا، لە پرۆسەی ئیحتمالی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی جێپەسەندی ئەمریکا و عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، تا کاتێک ئەم ڕێکخراوە بە ڕەسمی وەکو ڕێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست ئیدیعادەکات، وەکو ڕەوتێکی خاوەن ڕابردوی ڕادیکاڵ و چەپ، وەکو ڕێکخراوێک کە پێدادەگرێ وەکو شاخەی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بناسرێت، نەک تەنیا دەکەوێتە بەر پرسیار و بەرانبەرکێ و ڕەخنەی جددی ئێمە و هەر ڕەوت و کەسایەتیەکی چەپ و کۆمۆنیستەوە، بەڵکو هەر ڕەوتێکی بەرپرسیار و ئازادیخواز، هەر ڕەوت و کەسێکی باوەڕدار بە ئیرادەی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆی و هەر ڕەوتێک کە بە دژی گرێدانی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستانە بە سیناریۆی ڕەشی ئیحتمالی جێسەرنجی دەوڵەتی ترامپ و عەرەبستان و ئەحزابی دەسەڵاتدار لە کوردستانی عێراق بێت، پێویستە بەرانبەر بەم دیاردەیە هەڵوێستی ڕاشکاوانە و ڕۆشن بگرێتەبەر. دروستکردنی هاوپەیمانی و بەرەی کۆنەپەرستانەی ناسیونال – ئیسلامی کوردستان خۆی بە ئەندازەی پێویست هەنگاوێکی نیگەرانکەرە بە دژی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کۆمەڵگای کوردستان، لە دژی بەرەی چەپ و کۆمۆنیستەکان و ڕیزی شۆڕشگێڕانەی ئەو کۆمەڵگایە. لە هەمان کاتدا پەیوەستبونی کۆمەڵەی چەپ بە هاوپەیمانی ڕاست و کۆنەپەرستانەی پشتبەستو بە نەخشە و پلانی ئەمریکا و هاوپەیمانانییەوە، هاوسەنگی هێز لەبەینی چەپ و ڕاستی کۆمەڵگای کوردستاندا زۆر زیاتر لە بەرژەوەندی جەمسەری هاوپەیمانی ڕاستڕەوی ئەو کۆمەڵگایە دەگۆڕێت. سەرجەمی هەستیاری و نیگەرانی مەسەلەکە لێرەدایە. هێزی چەپ لە دەرەوە و ناوەوەی کۆمەڵە و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی دیکە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی باڵا و بە پابەندبون بە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و خەڵکەوە پێویستە بەرانبەر بە هاوپەیمانێتی ئه م دوایییه ی کۆمەڵە لەگەڵ کۆنەپەرستانی ناسیونال ئیسلامی کوردستان و درێژەدانی ئەو هاوپەیمانییە موخالەفەت بنوێنن و بەربەستێکی تۆکمە پێکبێنن.

مانگی مه ی ۲۰۱۷

***