حزب کمونیست کارگری کردستان – پیمان نامه (میثاق) دولت مستقل کردستان

پەیماننامە(میثاق)ی دەوڵه‌تی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ!


…….
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخواز، هەروەها ئەحزابی سیاسی و رێکخراوە جەماوەریەکان و هەڵسوڕاوانی سیاسی بانگەواز دەکات بۆ بەرگری لە کۆمەڵگای کوردستانی سەربەخۆ بەرامبەر هەرجۆرە ساتوسەودا و سازشێک لەگەڵ دەوڵەتی قەومی و دینی عێراق، هەروەها هەر جۆرە دەخاڵەتێکی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان، هەروەها لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دەسەڵات پەیداکردنی هەر دارو دەستەیەکی کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی و عەشیرەتی و گانگەستەری سیاسیدا، لە پشتی ئەم پەیماننامەیه‌وه‌ پەیگیرانە ڕاوەستن.


عرفان کریم
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
پەیماننامە(میثاق)ی دەوڵه‌تی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ!

به‌وپێیه‌ی که‌ ڕێفراندۆم‌، ڕاپرسی خه‌ڵکه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت کوردستان جیابێته‌وه‌، یان له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێنێته‌وه‌، به‌پێویست کۆمه‌ڵگای کوردستانی خستۆته‌ به‌رده‌م دوڕیانێکه‌وه‌. کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و خەڵكی ستەمدیدە بە دەست فیدراڵیزمی قەومی و تائیفی کۆنەپەرستانە و گێرەوکێشەی نێوان حکومەتی قەومی ئیسلامی بەغدا و دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردەوە گرفتارن، به‌رژه‌وه‌ندیان له‌وه‌دایه‌ که‌رێگای جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵبژێرن.
بەڵام ئەمە سەرەتای کار و لە راستیدا ئاسانترین هەنگاوە لە پرۆسیسێکی گەورەتردا. هەنگاوی دواتر بریتیە لە پیادەکردنی بڕیاری خەڵک، واتە راگەیاندنی سەربەخۆیی. بەڵام کارەکە بەمەش کۆتایی نایات. هه‌ربۆیه‌ پرسیارێکی گرنگ و چارەنوسساز ئەوەیە کە چ جۆرە دەوڵەتێک پێویستە لە کوردستان دامەزرێت بۆ ئەوەی ماف و ئازادیەکانی خەڵک و خۆشگوزەرانی مسۆگەر بکات؟

وەڵامی بورژوازی و حزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان له‌ناوه‌ڕۆکدا شتێکی جیا له‌وه‌ نییه‌ که‌له‌ماوه‌ی ٢٦ساڵی ڕابردوودا په‌یڕه‌ویان لێکردووه‌. به‌م جۆره‌ش چینی سه‌رمایه‌داری کوردستان و حزبه‌کانی، ئیمتحانی خۆیان‌ داوه‌، هه‌ربۆیه‌ پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا ئه‌م جۆرو شیوازه‌ له‌حوکمڕانی ئه‌حزابی میلیشیایی و چه‌کدار له‌کوردستانی سه‌ربه‌خۆشدا، شایستەی ‌ژیانی هاوڵاتیانی کوردستانه‌ و جێگای قبوڵ و ڕه‌زا‌مەندیانه‌؟

بێگومان وەڵامی پەیگیرانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان “نا”یەکی راشکاوە بەم پرسیارە. کوردستانی سەربەخۆ پێویستی بە جۆرێکی تر لە حوکمرانی و بەڕیوەبردن و دەوڵەتداری هەیە. خەڵکی کوردستان نابێ هیچ بڕیار و ئیرادەیەک جگە لە ئیرادەی جەماوەری خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی بە رەسمی بناسن. خه‌ڵکی کوردستان شایسته‌ی جۆرێک لە حوکمرانیین کە ئازادی و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان دابین بکات.
ئەلتەرناتیوی دەستبەجێ و راستەوخۆی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەولەتی سۆسیالیستیە. بەلام حزبی ئێمە ئەو واقعیەتەی لەبەرچاوە کە ئەحزابی ناسیۆنالیست و رەوتە ئیسلامیەکان لە مێژووی چەند ساڵەدا لەسەر بناغەی قەومی و عەشیرەتی و دینی و..و ..جەماوەری کوردستانیان دەستەبەندی کردوە و هەرکامیان بەشێک لەم خەڵکەیان لە دەوری خۆیان سازمانداوە و چەکداریان کردوون، لەم هەلومەرجەدا ناچارکردن و پابەندکردنی ئەم حزب و ڕەوتانە بە یاسا و پرەنسیپەکانی کۆمەڵگایەکی مودێڕن و ئازاد و مەدەنی و دامەزراندنی دەولەتیکی سکولاری غیرە قەومی و غەیرە دینی، پشتبه‌ستوو به‌مافی یه‌کسانی هاوڵاتی بوون، هەنگاوێکی گرنگە لە رێگای زەمینە خۆشکردن بۆ سۆسیالیزم و سەرکەوتن و بەسەر دۆخی کارەساتباری ئیستادا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە پێناو مسۆگەرکردنی مافی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئازاد و هوشیارانەی سیستەمی حوکمڕانی ئایندەی کوردستانی سەربەخۆدا، ئەم بنه‌مایانه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ک پەیماننامەی دەوڵه‌تی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ بۆ کۆمەڵگا رادەگەیەنێ و کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بانگەواز دەکات بۆ دابینکردن و مسۆگەرکردنی مافی خۆیان لە دیاریکردنی دەولەتی سەربەخۆ، لە دەوری ئەم پەیماننامەیە ریزببەستن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هاوشان و هاوکار لەگەڵ هەموو هەڵسوڕاوانی کرێکاری و پێشکەتنخوازان و ژنان و لاوان و یەکسانیخوازان، بە هەموو تواناوە هەوڵدەدات بە پشتبەستن بە هێزی جەماوەری خەڵک ئه‌م پەیماننامەیە‌ بکاته‌ بنه‌مایه‌ک بۆ ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان و ئه‌و په‌ڕی ئازادی و خۆشگوزه‌رانی وئاسایش لە کۆمەڵگادا مسۆگەر بکات . هەروەها باشترین هەلومەرج بڕەخسێنێ بۆ دەخاڵەتی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک لە دیاریکردنی سیستەمی حوکمڕانی داهاتودا.
***

بنه‌ماکانی پەیماننامە (میثاق)ی دەوڵه‌تی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ!
١- زامنکردنی ده‌خه‌ڵه‌ت و به‌شداری ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵک له‌کاروباری وڵات و به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌لگادا.
٢-دەوڵەت و سیستەمی بەڕێوەبردن پێویستە بە تەواوی غەیرە دینی و غەیرە قەومی بێت. هەرجۆرە کۆمەکێکی دەوڵەت بە هەر دین و مەزهەبێک یان دانی هەرجۆرە مۆرێکی دینی و مەزهەبی و قەومی و ئیتنیکی بە یاساکان قەدەغەیە. هەرجۆرە ئاماژەیەک بە دین و مەزهەب و نەتەوە و نەژادی هاوڵاتیان لە یاسا و بەڵگەنامە ڕەسمیەکاندا قەدەغەیە.
٣- هەڵوەشانەوەی هەموو میلیشیا حزبیەکان و دەستبەسەراگرتنی ئیمکاناتی چەكداری و لۆجستی و مالی کە تاکو ئێستا حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، چەکدارکردنی گشتی جەماوەری ریکخراو بۆ بەگری لە ئازادی و یەکسانی و وەستانەوە بەرامبەر هەر هیزێک کە بیەوێ پەلاماری ئازادی و مافەکانی خەڵک بدات.
٤-هەڵوەشانەوەی سەرجەم دامودەزگا جاسوسی و ئەمنیەکانی ئێستای سەربە حزبەکان.
٥-راگەیاندنی جیایی هەمەلایەنەی دین لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردن. ئازادی دینداری و بیدینی.
٦-هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو بریار و یاسایانەی کە سەرچاوەیەکی دینیان هەیە.
٧-راگەیاندنی ئازادی بێ قەید و بەندی بیروباوەڕ، بەیان، چاپەمەنی، کۆبونەوە و متینگ و مانگرتن و خۆپیشاندان، ئازادی ریکخراوبوون و پیکهینانی ئەحزاب.
٨-راگەیاندنی یەکسانی هەمەلایەنە و بێ قەید و بەندی ژن و پیاو لە مافە فەردی و مەدەنیەکان. هەڵوەشانەوەی هەموو بریار و یاسایەک کە لەگەڵ ئەم بنەمایەدا ناکۆکی هەبێت.
٩-راگەیاندنی یەکسانی هەمەلایەنەی مافی هەموو هاوڵاتیان بەبێ لەبەرچاگرتنی رەگەز و دین و مەزهەب و نەتەوە و ئەتنیک.
١٠-قه‌ده‌غه‌ کردنی گرتن وزیندانیکردنی هاوڵاتیان له‌سه‌ر چالاکی و بیروڕای جیاوازی سیاسی
١١-هەلوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان.
١٢-دەستڕاگەیشتنی هەموان بە تایبەت ریکخراوە جەماوەریەکان و ئەحزابی سیاسی بە هۆیەکانی راگەیاندنی گشتی و دەوڵەتی.
١٣-دابینکردنی بیمەی بێکاری تەسەل بۆ هەموو ئامادەبەکارێکی سەر و ١٦ ساڵ. دانی بیمەی بێکاری تەسەل و بیمە کۆمەڵایەتیە پێویستەکان بە هەموو کەسانێک کە بە هۆی نەخۆشی و توانای بەدەنی و بەساڵاچوندا توانای کاریان لەدەستداوە.
١٤-سەلامەتی بەدەنی مافی هەر کەسێکە، هەرکەس مافی ئەوەی هەیە لە هەموو ئیمکانیاتی کۆمەلگای هاوچەرخ بەهرەمەندبێت بۆ پاریزراوبوونی لە ئاکامی روودا و نەخۆشی و لە هەموو ئیمکانیاتی تەندروستی و دەرمانی کۆمەڵگا کەڵک وەرگرێت.
١٥-پەیوەندی جنسی نێوان ژن و پیاو پەیوەندیەکی ئازادانە و حاشاهەڵنەگرە بۆ هەموو کەسانیک کە دەگەن بە تەمەنی یاسایی بالغبوون، ئەم پەیوەندیە پیویستە وەکو کاری تایبەتی هەموو گەورەساڵان چاوی لیبکریت و هیچ دەسەڵاتێک مافی دەستێوەردان و پشکنینی نیە. هەرجۆرە پەیوەندیەکی جنسی گەورەساڵان لەگەل کەسانی ژێر تەمەنی بالغبونی یاسایی قەدەغەیە تەنانەت ئەگەر بە رەزامەندییش بێت.
١٦- دادوەری و دادگاکان و سیستەمی دادوەری لە روی یاساییەوە سەربەخۆن. هەلبژاردنی دادوەرو هەموو پۆستێکی دادوەری مافی خەڵکە.
١٧-سازدانی دادگای تایبەت قەدەغەیە و پێویستە هەموو دادگاییەکان بە ئاشکرا بەڕێوەبچن.
١٨-هەموو هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاسادا یەکسانن، هیچ پۆست و هیچ کەسێک پارێزبەندی یاسایی نیە. هەرکەس بێ قەید و بەند مافی ئەوەی هەیە لە دژی هەر پۆستێکی دەوڵەتی لە دادگاکان شکات تۆماربکات.
١٩-لە هەموو دادگاییەکدا ئەسڵ بریتیە لە بێتاوانی تۆمەتبار. بەهرەمەندبوون لە ئیمکانیەتی دەسڕاگەیشتن بە دادگایەکی عادلانە مافی هەموو کەسێکە. هەرجۆرە شکەنجە و تۆقاندن و سوکایەتی و زەخت و زۆری فکری و دەرونی دژی کەسانی دەستگیرکراو و تۆمەتباران و حوکمدراوان بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە و هەر هەنگاوێکی لەو بابەتانە تاوانێکی جینائیە. دانپێدانان لە ریگەی هەڕەشە و دانی تەماح و هەموو جۆرە هەڕەشە و شکەنجەیەکەوە قەدەغەیە.
٢٠-دانانی یاسای کارێکی کرێکاری پێشڕەو کە پێوانە و ستاندارە جیهانیەکان رەچاوبکات…
٢١- دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دۆستایەتی و هاوپشتی خۆی لەگەڵ خەڵکی عێراق و هەموو ناوچەکە و جیهان رادەگەیەنێت.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخواز، هەروەها ئەحزابی سیاسی و رێکخراوە جەماوەریەکان و هەڵسوڕاوانی سیاسی بانگەواز دەکات بۆ بەرگری لە کۆمەڵگای کوردستانی سەربەخۆ بەرامبەر هەرجۆرە ساتوسەودا و سازشێک لەگەڵ دەولەتی قەومی و دینی عێراق، هەروەها هەرجۆرە دەخاڵەتێکی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان، هەروەها لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دەسەڵات پەیداکردنی هەر دارودەستەیەکی کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی و عەشیرەتی و گانگەستەری سیاسیدا، لە پشتی ئەم پەیماننامەیه‌وه‌ پەیگیرانە ڕاوەستن.