حزب کمونیست کارگری کردستان – پلنوم 20 کمیته مرکزی با موفقیت برگزار شد

پلینۆمی (٢٠)ی کۆمیتەی ناوەندی سەرکەوتوانە کۆتایی هات

 

رۆژانی ٣و٤ی مارس بە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و میوانداری وەفدێك لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پلینۆمی (٢٠)هەمی خۆی سازکرد.

پلینۆم بە سرودی ئینتەرناسیۆنال و خولەکێك وەستان بۆبەرزراگرتنی یادی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی دەستی پێکرد و دواتر عوسمانی حاجی مارف وتاری دەستپێکی پلینۆمی پێشکەش کرد.

بەرنامەی کاری پلینۆم بریتی بوو لە ١- راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی و ئۆرگانە رابەریەکانی حزب، ٢- بارودۆخی سیاسی و رێکخراوەیی حزب ، ٣- هەلومەرجی سیاسی کوردستان لەسایەی بەرەوکۆتایی چوونی جەنگی دژی داعش،٤- تەرحێك دەربارەی بزوتنەوەی دژی هەژاری،٥- بەهێزکردن و چالاک کردنی راگەیاندنی حزب،٦- بارودۆخی دارایی حزب و ٧- هەڵبژاردن.

لەباسی “بارودۆخی سیاسی و رێکخراوەیی حزب” دا بە ووردی دەستخرایە سەر گرفت و لاوازیەکانی حزب و هۆکارەکان و چۆنیەتی تۆکمەکردن و چالاك کردنی دەوری حزب وەکو حزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری لەئاستی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و لەناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا و لەوبارەوە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی چەند بڕیارو هەنگاوێکی سیاسی رێکخراوەیی پەسەند کرد. لە باسی “هەلومەرجی سیاسی کوردستان”دا گۆڕانکاریەکانی دوای بەرەوکۆتاییچوونی شەڕی داعش خرایەبەر باس و لێکدانەوەی وورد و هەمەلایەن و پلینۆم داوای لە مەکتەبی سیاسی تازەکرد کە لەسەر بنەمای ئەو باسەوە هەنگاوی سیاسی- عەمەلی و ئەولەویەتی دەورەی داهاتووی خۆی دەستنیشان بکات. لە باسی بزوتنەوەی دژی هەژاریدا، پلینۆم ئاماژەی بەو بارودۆخە مەترسیدارە کرد کە ڕوبەڕووی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری بێبەش و کەمدەرامەتی کوردستان بونەتەوە ولەوبارەوە تەئکید لە زەرورەتی بەرێخستنی بزوتنەوەیەك لەدژی هەژاری کراو چوارچێوەی بەڵگەنامەیەکی پەسەندکردو داوای لە مەکتەبی سیاسی تازەکرد وردەکاریەکانی پلاتفۆرمێکی هەمەلایەن لەوبارەوە ئامادەبکات. لە کۆتایی بەرنامەی کاری پلینۆمی(٢٠)ەمی کۆمیتەی ناوەندیدا بەتێکڕای دەنگ هەریەکە لە: خەسرەو سایە، دەشتی جەمال، عیرفان کەریم، عوسمان حاجی مارف و موحسین کەریم وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران و عوسمانی حاجی مارف وەکو سکرتێرو موحسین کەریم وەکو جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی بە تێکڕای دەنگ هەڵبژێردانەوە.

پلینۆمی (٢٠)ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

سەرەتای مارسی ٢٠١٧