حزب کمونیست کارگری کردستان – مردم کردستان به همبستگی جهانی نیازمندن !

خەڵکی کوردستان پێویستی بە پشتیوانیی جیهانی هەیە!   

                              

دوای دەیان ساڵ لە سەرکوت و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری کە لەلایەن دەوڵەتە شۆڤینستە یەک لە دوای یەکەکانی عیراقەوە لە دژیان پیادەکراوە، سەرئەنجام  خەلکی کوردستان، رۆژی ٢٥ سەپتەمبەر لە ژێر گوشار و هەرەشەیەکی گەورە و فراوانی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا، ڕیفراندۆمیان ئەنجامداو بەدەنگی زۆرینە وتیان بەڵێ بۆ جیابونەوەو سەربەخۆیی کوردستان.

بەدوای ئەم بڕیارەی خەڵکی کوردستاندا، دەسەڵاتدارانی شۆڤێنیست و تائفی لەبەغداو دەوڵەتانی سەرکوتگەرو کۆنەپەرستی ناوچەکەو جیهان لە پێناو بەرژەوەندی و نەخشەکانیان لە ناوچەکەدا، خەریکن بە ناوی ” پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق”ەوە هەرەشە لەخواست و دەنگی سەربەخۆی خەڵکی کوردستان دەکەن؛ هەر لە هەرەشەی سنورداخستن و رێگرتنی هاتوچۆ و گەمارۆی ئابوریەوە تائاستی مانۆری سەربازی. لەهەمویان ریسواتر هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانە کە رێگا دەکاتەوە بۆ عەبادی و مالکی و پەرلەمانی بەغدا و دەوڵەتی ئەردۆگان و مەلاکانی ئێران،  پەنجەی سزادانی خەڵکی کوردستان رابوەشێنن و فەزای ترس و دڵەراوکێ بڵاوبکەنەوە، بۆئەوەی پاشەکشە بە هەنگاوەکانی دوای ریفراندۆم بکەن. ئەم هەڵوێستانەی ئەنجومەنی ئاسایش و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی تەواوی بانگەشەکانی حزبەکانی کوردایەتی بە درۆ دەخاتەوە کە ئەو دەوڵەت و دامەزراوە ئەمپریالیستانەی وەکو دۆستەکانی خەلکی کوردسان و مافی مرۆڤ و ئاسایشی جیهانی دەناساند. مێژوی ئەو رێکخراوو دەوڵەتانە پرە لە شەرعیەتدان و بەڕێخستنی سیاسەتی داگیرکاری و شەری دراندانەو وێرانکاری و کوشتاری بەکۆمەڵی مرۆڤ لە تەواوی جیهاندا.

ئەمرۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان تەنیا لەبەرئەوەی سەرەتاییترین مافی خۆیان پیادە بکەن، خراونەتە ژێر باری گوشار و هەرەشەی برسیکردن و تەنانەت پەلاماری سەربازیش! حکومەت و پەرلەمانی ناسیۆنال- فاشیست و تایفەگەری بەغدا، رژێمی مەلا چنگ خوێناویەکانی ئێران، دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆگان، دەستیان کردوە بە جۆرەها مانۆڕی سەربازی و کەڵبەی خویناوی سوپا و میلیشیاکانیان نیشانی خەڵکی کوردستان دەدەن، بۆئەوەی ناچاریان بکەن لە بڕیاری ریفراندۆم پەشیمان ببنەوەو مل بدەن بەو بڕیارانەی بە زۆر بەسەریاندا دەسەپێنرێت.

خەڵکی کوردستان ٣ ساڵە بەرامبەر بەربەریەتی داعش راوەستاون. ٣ ساڵە ئەم خەڵکە بەشێوازی جۆرواجۆر بەرگری لە خۆیان و لە مەدەنیەت دەکەن. بەرامبەر بەدڕندەیەك دەجەنگن کە دەستکردی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەمپریالسیت و رژێمە گوێلەمستە ناوچەییەکانیانە. کەچی ئەمڕۆ لەگەل دەستبردن بۆ سەرەتاییترین مافی خۆیان کە بریتیە لە ریفراندۆم بۆ هەلبژاردنی ئایندەی دڵخوازی خۆیان، دەکەونە بەرامبەر گەلەکۆمەیەکی گەورەی جیهانی و ناوچەیی. ئەگەر ئەم لۆژیکە رێگای پێبدریت، ئیتر سەراسەری جیهان دەبێتە کۆیلە و دیلی دەستی ئەم دەوڵەتە سەرکوتگەر و ئەمپریالیستیانە.

خەڵکی ئازادیخوازی جیهان!

ریکخراوە کرێکاری و سۆشیالیستی و مرۆڤدۆستەکانی جیهان!

خەڵکی کوردستان تەنها بەهۆی پیادەکردنی مافێکی سەرەتایی خۆیەوە، کەوتوەتە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورە و هەمەلایەن! گەلەکۆمەیەکی گەورەی ناوچەیی و جیهانی دەیەوێ ئیرادەی ئەم خەڵکە ستەمدیدەیە بشکێنێ و ملکەچی بکاتەوە بەو ئەسارەتەی دەیان ساڵە لە دژی بەڕێوەدەبرێت. خەڵکی کوردستان پێویستی بە هاوپشتی و بەدەنگەوەهاتنی ئیوە هەیە. دەنگی نارەزایەتیتان بەرز بکەنەوە، گوشار بخەنە سەر دەوڵەتانی زلهێز و نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دەستهەڵگرتن لەم گوشارانە ولە دەست ئاوەڵاکردنی دەوڵەتانی فاشیستی ئیسلامی و قەومی ناوچەکە کە هەڕەشە لە خەلکی کوردستان بکەن. ئێوە بوون فریای خەڵکی کۆبانی کەوتن و سەرکەوتنێکتان بۆ مرۆڤایەتیی ئازادیخواز تۆمارکرد. ئەمرۆش کاتی ئەوەیە بۆبەرگری لە مرۆڤایەتی و ئازادی، دەنگتان بەرزکەنەوە. پشتیوانی لە خواستی خەڵکی کوردستان بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

کرێکاران، خەلکی ئازادیخوازی عێراق!

ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ریفراندۆمی ٢٥ی سەپتەمبەردا بریاریان لەسەر داوە، تەنها راگەیاندنی ئەوەیە کە دوای دەیان ساڵ لە ستەم و شەڕ و کوشتارێک کە هەموو جەماوەری خەڵکی عیراق قوربانیەکەی بوون، دەیانەوێ جیاببنەوە و لەگەل خەڵکی عیراقدا وەکو دوو دراوسێ و دۆست و پشتوپەنا و هاوکاری یەکتربن. بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق دەیانەوێ خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی عێراقەوە. دەیانەوێ شەڕی نەتەوەیی و تائیفی و کۆمەڵکوژی بەرپا بکەن. ئەمانە دەیانەوێ میراتە فاشیستیەکانی رژێمی ئەنفالچی و کیمیابارانی بەعس زیندووبکەنەوە. ئێمە بانگەوازتان دەکەین نەک هەر فریوی ئەم هاتوهاوارە فاشیانەیە مەخۆن، بەڵکو بەهەموو تواناوە بەرامبەری راوەستن و هاوپشتی و هاوچارەنوسی خۆتان لەگەل خەڵکی کوردستان نیشانبدەن. دەستی ئەم سەرکوتگەرانە ببەستن لەوەی خەڵکی کوردستان بخەنە ژێرگوشارو هەڕەشەوە. خەڵکی کوردستان نەک هیچ کێشە و ناکۆکیەکی لەگەڵ خەڵکی  کرێکار و ئازادیخوازی عەرەبزمان نییە، بەڵکو ئەوان بە هاوچارەنوسی خۆیان دادەنێن. ئەوە دەوڵەتانی فاشیستی عیراق و شەڕو رکەبەری نەتەوەیی ناسیۆنالیزمی کورد و عەرەبە کە پێکەوە ژیانی ئەم خەڵکەیان دژوار کردوە. دوای دەیان ساڵ ستەم، خەڵکی کوردستان دەبێت ئازادبن لەوەی چۆن ئایندەی خۆیان دیاری دەکەن. خەڵکی ئازادیخوازی عێراقیش پێویستە پشتیوانی لەم مافە سەرەتاییەی خەڵکی کوردستان بکەن.

کریکاران ، جەماوەری ئازادیخوازی تورکیا و ئێران!

ئەحزابی سیاسی و ریکخراوەکانی لایەنگر لە ئازادی و مرۆڤایەتی لە ئێران و تورکیا!

دوو دەوڵەتی سەرکوتگەر و مرۆڤکوژی ئەردۆگان و مەلاکانی ئێران زۆر دڕندانە خەڵکی کوردستانی عێراقیان خستوەتە بەردەم هەرەشەی هەمەلایەنە، تەنها لەبەرئەوەی ئەو خەڵکە دوای دەیان ساڵ ستەم و کوشتاری بەکۆمەڵ لە ریفراندۆمێکدا بریانداوە ئیتر لە گەڵ عێراق نەمێننەوەو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست بکەن. ئەم  دوو دەوڵەتە کۆنەپەرستە جگە لە هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، هانی دەمارگیری نەتەوەپەرستی تورکی و فارسی دەدەن بۆ تێکدانی فەزای نێوان خەڵکی ناوچەکە. خەڵکی کوردستان هیچ  کێشەو گرفتێکی لەگەڵ هیچ خەڵکێکی دیکە نیە. خۆی بە هاوپشت و هاوچارەنوسی هەموو جەماوەری کرێکارو ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهان دەزانێت. ئێمە بانگەوازتان دەکەین دژی سیاسەتە دژی ئینسانیەکانی ئەم دوو دەوڵەتە فاشیستە راوەستن و هاوپشتی خۆتان لەگەڵ خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان نیشان بدەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٨/٠٩/٢٠١٧