حزب کمونیست کارگری کردستان – در رقابت نیروههای ناسیونالیست کرد برای معالمه بر سر حق تعین سرنوشت مردم کردستان جریان(نه وی نوی) در کنار اسلام شوینست عراق قرار گرفته است

لە پێشبڕکێی لایەنە ناسیۆنالیستیە کوردیەکان بۆ ساتوسەدا بە ماف و چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە:

 ”نەوەی نوێ ” لەپاڵ ئیسلامی و شۆڤێنیستەکانی عێراقدا رادەوەستێ!

بزوتنەوەی “ نەوەی نوێ ” کە لە سەردەمی ئەنجامدانی ریفراندۆم دا، بەرەی دژی ریفراندۆمی بەناوی” نەخێر لە ئێستاد ا” راگەیاند، گوایە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نیە، دەنا لەگەڵ ریفراندۆم و مافی خەڵکی کوردستاندایە بۆ سەربەخۆیی، وە توانی بەشێك لە خەڵکی کوردستان چەواشە بکات، ئێستا بوون بە هاوپەیمانی ئەوانەی کە لە بنەڕەتەوە دژایەتی مافی ریفراندۆمیان کرد. دواتریش لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم خەڵکی کوردستانیان سەرکوت کردو هێرشی سەربازییان کردە سەر کوردستان، بەزەبری چەك و کوشتار خەڵکی دوز و کەرکوکیان خستە ژێرباری عەسکەرتایەتی حەشدی شەعبیەوەو دەستدرێژیان دەکردە سەر حورمەت و کەرامەتی خەڵکی بێدەرەتان! “ نەوەی نوێ ” لەگەڵ لیستەکەی عەبادیدایە کە بڕیاری هێرشی بۆسەر کوردستان دەرکردو لەرێگای چەتەکانی حەشدی شەعبی و بە پشتیوانی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە جێبەجێی کرد. ئەگەر نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی لەبەرئەوەی کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان بە قازانجی خەڵکی کورد نەدەزانی، بۆیە دژی وەستانەوە، ئەی ئێستا وەڵامیان بۆ خەڵكی کوردستان چی دەبێ کە لەپاڵ تاوانبارانێکی ئیسلامی- فاشیست و شۆڤێنی و نەتەوەپەرەستی عەرەبیدا راوەستاون، کە نەك هەر دژی مافی ئەنجامدانی رایفراندۆم بوون و هەن بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکو بڕوایان بە مافی هاوڵاتیبوونی خەڵکی کوردزمان نیەو وەکو کەمایەتیەکی نەتەوەیی پلە دوو مامەڵەی دەکەن، کەمافی کەمتری هەیە لە هاوڵاتی عەرەب!

 “ نەوەی نوێ ” و سەرۆکەکەی کە سەری زمان و بنی زمانیان ئەوەیە کە ئەوان ئەزمونێکی جیاواز لە پارتی و یەکێتی نیشان دەدەن، بەڵام بەهەمان رێچکەی ئەواندا رۆشتن و هەمان ئەو رێگایەیان پێوا کە پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە کۆتاییەکەی. خودی ئەنجامدانی ریفراندۆم دانپیانانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی بوو بە شکستی فیدراڵیزم و مایەپووچ بوونی، کەچی “ نەوەی نوێ ” لەناو هەمان ئەڵقەی ون و گێژاودا دەخولێتەوەو مۆری تەئید لە بەستنەوەی کوردستان بەو دەسەڵاتە کۆنەپەرست و فاشیست و دژی خەڵکیەی عێراق دەدات، کە بە فیشەك وەڵامی خۆپیشاندەرانی شارەکانی باشوری عێراق دەداتەوە کە دژی بێکاری و نەبوونی ئاوی پاکی خورادنەوەو بێکارەبایی و دژی نەبوونی خزمەتگوزاریە گشتیەکان رژاونەتەوە سەرشەقامەکان.

“ نەوەی نوێ ” رەخنەی لەپارتی و یەکێتی هەیە کە نانی خەڵکیان بڕیوەو تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن، بەڵام هەرخۆی لەپاڵ عەبادی تاوانباردا سەرقاڵی ئەوەیە کە دەوری برا بچووکی پێبدەن و پاداشتی دژایەتیەکەی بۆ ریفراندۆم و خۆشخزمەتیەکەی بە شۆڤێنیزمی عەرەبی و ئیسلامی بدەنەوە. “ نەوەی نوێ ” بەم هەنگاوەی ئەوەی سەلماند کە نەك هیچ جیاوازیەکەی لەگەڵ یەکێتی وپارتیدا نیە و کۆرپەی ناو باوەشی ئەوانە، بەڵکو لەوانیش زیاتر ئامادەیە مامەڵە بە ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە بکات لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی و دەسکەوتی ئابوریدا.

تەنها پاساوی “ نەوەی نوێ ” بۆ ئەم هاوپەیمانی و دەست تێکەڵاوکردنە لەگەڵ سەرکوتگەرانی خەڵکی کوردستان، دژایەتیکردنی یەکیتی و پارتیە. بەڵام ئەمە فریوکاری و بەخراپ کەڵک وەرگرتنێکی ئاشکرایە لە نەفرەت و بێزاریی خەڵک لەم دوو حزبە کۆنەپەرست و تاڵانچیە. نەفرەتی خەڵکی کوردستان لە یەکیتی و پارتی، نە تەنها نەفرەتە لە ناوەکانی ئەم دوو حزبە و نە لە دەموچاوی سەرکردەکانیان، بەڵکو لە بنەڕەتدا نەفرەتە لە سیاسەت و کارکردی چەپەڵیان لە ٢٧ ساڵی دەسەڵاتیان لە کوردستان و لە ١٥ ساڵی سات و سەودایان لە بەغدا بە ماف و چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە. واتە لانی کەم بەشێک لە هۆکاری نەفرەتی خەڵک لەم دوو حزبە، دروست هەر ئەو کارەیە کە ئەمڕۆ “ نەوەی نوێ ” و دوێنی یەکێتی و پارتی ئەنجامیان دەدا بۆ هەراجکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان. دوێنێ کە “ نەوەی نوێ ” بە خۆشباوەڕکردنی خەڵک بە نمایشی ریسوای هەڵبژاردن، یەکەمین گورزی لە رەوتی رەوینەوەی خۆشباوەڕی خەڵك دا، بەمجۆرەش خزمەتێکی گەورەی کرد بە درێژکردنەوەی تەمەنی بارودۆخ و سیستەمی حوکمڕانی ئێستا، ئەمڕۆش گورزی دووەم دەدات لە خەڵکی کوردستان، بەدەست تێکەڵکردن لەگەڵ سەرکوتگەرانی ئەم خەڵکە.

لە روانگەی خەڵکی کوردستانەوە هاوپەیمانی لەگەڵ سەدر و عەبادی هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ هاوپەیمانی لەگەڵ مالکی و عامریدا. پێویستە ئەکتەرەکانی هەردوو ئەم نمایشە قێزەونە بکەونە بەرامبەر توڕەیی خەڵکی کوردستان و دەسکۆتا بکرێن. پێداگری لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان سەنگەرێکی جیاواز لەمانە و لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن دەخوازێت. سەنگەرێك کە هەم ئەمانە لە کوردستان دەسکۆتا دەکات و هەم مافەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر دەکات. نە “ نەوەی نوێ ” و نە ئەوانی دیکە هیچیان نوێنەری خەڵکی کوردستان نین، تا خەڵکی کوردستان لە رێگای دەنگدان بەوانەوە بتوانێ بەمافەکانی بگات و ئایندەو کەرامەتی پارێزاو بێت.

تەنها رێگای گۆڕینی ژیانی ناهەمواری ئەمڕۆی خەڵك و گێڕانەوەی شکۆ و ئیرادە و ئومێدی خەڵك بە ژیانێکی شایستەو ئایندەیەکی رۆشن، لێدانی سەنگەرێکی سەربەخۆ و ریزێکی سەربەخۆی جەماوەری کرێکارو ئازادیخوازە، سەربەخۆ لەسەرجەم ئەم لایەنە بۆرژوازی و سەوداگەرانەی کە سەرجەمیان تەنها نوێنەرایەتی چینی سەرمایەدار و ملیاردێرەکانی کوردستان دەکەن. سەنگەرێکی سەربەخۆ و ریزێکی جیاواز لە دەوری ئاسۆیەک بۆ سەراوژێرکردنی سەرتاپای دۆخی کارەساتباری ئێستا بە دەسەڵاتی میلیشیایی و گاڵتەجاری  هەڵبژاردن و پەرلەمانی کارتۆنی و کابوسی نەداری هەمەجۆرەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە پێناو لێدانی ئەم سەنگەر و ریزە سەربەخۆیە لە دەوری ئەو ئاسۆ سیاسیە ئاڵوگۆڕ بەخشە تێدەکۆشێت و جەماوەری چەوساوەی بۆ بانگەواز دەکات.

 حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٤ی ئەیلولی ٢٠١٨