حزب کمونیست کارگری کردستان – در دفاع ازرای مردم کردستان عراق در رابطه با استقلال

ڕاگەیەنراوی حزبی حکمەتیست

بۆ دیفاع لە دەنگدانی خەڵک بە سەربەخۆیی کوردستانی عێراق

لە ڕیفراندۆمی ٢٥ سێپتێمبەری کوردستانی عێراق، زۆرینەی ڕەهای دەنگدەران (۹٢،٧٣٪) دەنگیان دا بە سەربەخۆیی کوردستان. دەنگی ئەم ڕیفراندۆمە بە سەربەخۆیی، دەنگدا بوو بە چارەسەری سیاسی و عادلانەی مەسەلەی کورد لەو وڵاتە، دەنگدان بوو بە چارەسەری گرێگایەکی سیاسی دێرین، کە کاناڵی دەیان ساڵ ستەم و سەرکوت و وێرانی بەرفراوان و جینۆساید و بۆمبارانی کیمیایی بوە لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی حاکم لە عێراق لە دژی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان.

کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنیستە ڕێکخراوەکان لە حزبی حکمەتیستدا بەر لە دوو دەیە پەرچەمی سیاسەتی دیفاع لە خواستی سەربەخۆیی کوردستانیان بەدەستەوە گرتوە، وە لە چەند مانگی ڕابردوی پێش ڕیفراندۆمیش هەروا ڕوون و لێبڕاوانە بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵک بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە هەوڵیان داوە. ئەم سیاسەتە ئازادیخوازانەیە ئێستا بە پشتیوانیی دەنگی ڕەهای خەڵکی کوردستانی عێراق، عەزم و خێراییەکی بەتوانای بەخۆوە گرتوە. ئێستا کە خواستی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق، بە پاڵپشتی دەنگی خەڵک پێی ناوەتە قۆناغی کردارییەوە، سیاسەتی حزبی حکمەتیست زیاد لە ڕابردو، مەحکەم و شەفاف دیفاعە لە دەنگی خەڵکی کوردستانی عێراق بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ. حزبی حکمەتیست بەڵێندەدا کە هاوڕێ لەگەڵ ئۆردووی ئازادیخوازیی سەرانسەری جیهان، لێبڕاوانە دیفاع لە دەنگی خەڵکی کوردستانی عێراق بکا بۆ سەربەخۆیی، وە لەم زەمینەیەدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکات:

١- دەوڵەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ لەسەریانە ئەنجامی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق بە ڕەسمی بناسن. دەست هەڵگرن لەدروستکردنی ئاژاوە، هەڕەشەی سەربازی، جەنگی دەرونی و پەنابردن بۆ نانەوەی دوبەرەکیی قەومیی لە نێوان خەڵکی کوردستانی عێراق و ناوچەکانی تری عێراق. حزبی حکمەتیست هەڕەشە سەربازییەکان و هەڕەشەی گەمارۆدانی ئابووری لەلایەن دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی تورکیا و جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە  بە توندی مەحکوم دەکا.

٢- دەنگدان و ڕای خەڵکی کوردستانی عێراق بۆ سەربەخۆییە. لەسەر ئەم بنەمایە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێ بە تەواوی پابەندی ئەم ڕایە بێ. لە هەمان کاتدا بە تەئکید دەبێ خۆی دوور بگرێ لە خراپ سودبینین لە ڕای خەڵک بۆ سات و سەودا لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بە ئاراستەی جێگرتنەوەی فدڕاڵیزمی شکستخواردووی ئێستا بە شکڵی بەیناوبەینیی چەشنی کۆنفدڕاڵی و ئەم شتانە.

٣- ئەنجومەنی ئاساییشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەسەریەتی ئەنجامی ڕای ڕیفراندۆمی ٢٥ سێپتێمبەری کوردستانی عێراق پەسەند بکا. لەو ڕوەوە کە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم پاڵپشتە بە سەلماندنی ڕاست و دروستیی چاودێرانی جیهانیی، ئەنجومەنی ئاساییش هیچ پاساوێکی نییە بۆ خۆلادان لە پەسەندکردنی و دەبێ پاڵپشتی لێ بکا. درێژەدان بە مامەڵەی ئیمپریالیستیانە و دژە خەڵکی ئەنجومەنی ئاساییش لەگەڵ ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق بە تایبەتی دوای سەلماندنی ڕاستی و دروستیی بەڕێوەچوونی لەلایەن چاودێرانی جیهانییەوە بە توندی مەحکومە.

٤- کۆبونەوەکانی دەربڕینی شادمانی و پاڵپشتی خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران لە ئەنجامی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی عێراق، مافی سەلمێنراوی ئەوانە. ڕژێمی ئیسلامی بە میلیتاریزەکردنی فەزای ئەم شارانە و دەستگیرکردنی دەیان کەس لە هاوڵاتیان و هەڵسوڕاوانی سیاسی، ئەوپەڕی هیستریا و ترسی خۆی لە پێشهاتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی عێراق نیشانداوە. هاوڵاتیانی دەستگیرکراو دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێن. فەزای میلیتاریزەکراوی شارەکانی کوردستانی ئێران دەسبەجێ دەبێ هەڵگیرێ.

٥- کۆمۆنیستەکان و کرێکاران لە ڕیزی پێشەوەی ئۆردووی ئازادیخوازی و هەق تەڵەبی کۆمەڵگای کوردستانی عێراق، بەرانبەر بە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازی ئیحتمالی لەلایەن دەوڵەتی عێراق، حەشدی شەعبی و هی تر، بە دژی گەمارۆی ئابوری و هەر جۆرە فشارێکی دیکە، هەروەها بەرانبەر بە هێرشی سەربازی ئیحتمالی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لێبڕاوانە و بوێرانە ڕادەوەستن. ئاشکرایە کە سەرەتا دەبێ ئامادەیی ڕیزەکانی خۆ بەرەوسەر ببرێ، وە بۆ دیفاع لە مافی بێ ئەملاولای خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان، بە پلان و بەرنامەوە بێینە مەیدان. ئامادەکردن و هێنانەمەیدانی خەڵک لەژێر ئەم پەرچەمەدا، وە چەکدارکردنی گشتیی شێوازێکی کاریگەری دیفاع کردنە لە مەدەنییەت و ماف و ئازادییەکانی خەڵک لە بەرانبەر پەلاماری کۆنەپەرستاندا.

٦- کۆمۆنیستەکان، کرێکاران و ئازادیخوازانی کوردستان و عێراق وێڕای پاڵپشتی کردن لە دەنگی بەدەستهاتو لە ڕیفراندۆمدا، دەبێ بە هەموو تواناوە پارێزگاری لە هاوپشتی نێوان هاوڵاتیانی عێراق و کوردستان بکەن. دیفاع لە هاوپشتی و هاوچارەنوسیی چینی کرێکار بەرانبەر بە هەوڵی تەفرەقە نانەوەی بۆرژوازی لە هەر دوو سەری کێشمەکێشی ئێستا، وە دژی نانەوەی دوژمنکاری سەرجەمی باڵەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی ئیسلامی عێراق، ناسیونالیزمی کورد و تورکمان و .. تد، ئەرکی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی وشیارە لەم قۆناغە هەستیارەی ئاڵوگۆڕ و پەڕینەوە لە سیاسەتی عێراق و کوردستاندا.

حزبی حکمەتیست جارێکی دیکە بە گەرمی پاڵپشتی دەکا لە مافی خەڵکی کوردستانی عێراق بۆ جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، پاڵپشتی دەکا لە دەنگی بەدەستهاتوی ڕیفراندۆمی ٢٥ سێپتێمبەر، بەرانبەر بە هێرش و پەلاماری کۆنەپەرستانە و ئیمپریالیستیی بۆ سەر ئەم مافە و دەنگدانێک کە ئەنجامدراوە بەگوێرەی توانایی و ئیمکاناتی خۆی ڕادەوەستێ، وە خۆی بە هاوبەشی ڕاوەستاویی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستانی عێراق و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەزانێ. لە هەمان کاتدا بە هەموو توانای خۆیەوە پشتگیری لە هاوچارەنوسیی چینی کرێکار و خەڵکانی قووڵایی کۆمەڵگا دەکا لە عێراق و کوردستان.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران – حکمەتیست

 

حەوتی میهر ١٣٩٦ – ٢٩ سێپتێمبەر ٢٠١٧