حزب کمونیست کارگری کردستان – حمله آسمانی دولت ترکیه علیه شنگال و قرجوخا را مخکوم می کنیم

هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر شەنگاڵ و قەرەجوخ ئیدانە دەکەین.

دەوڵەتی کۆنەپەرست و داعش پەروەری تورکیا ئەمڕۆ ٢٥ی نیسان، لەرێگای ٢٦ فڕۆکەی جەنگیەوە هێرشێکی ئاسمانی فراوانی کردە سەر شارۆچکەی شەنگاڵ و چیای قەرەجوخ و کانتۆنی جەزیرە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی پارتی و گەریلاو شەڕڤانی پەکەکە و پەیەدە.

ئامانجی ئەم هێرشە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ دەرپەڕاندنی هێزەکانی پەکەکەیە لە شەنگاڵ و تەنگ هەڵچنینە بە پەیەدە کە بە درێژکراوەی پەکەکەی دەزانێت. هێرشەکەشی لە هەلومەرجێکدا ئەنجام داوە کە خەریکە “جەنگی داعش” بەرەو کۆتایی دەچێت و ئارایشی سەربازی و سیاسی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا دێت. بارگرژی و ئاڵۆزی زیاتر روو لەناوچەکە دەکات بەهۆی ململانێ ی نێوان هێزە جیهانی و ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەت و هێزە ناوچییەکانەوە، کە هەریەکەیان دەیەوێ بەشە غەنیمەی دوای شکستی داعش بۆخۆی بچنێتەوە. دەوڵەتی تورکیاش بە سەرۆکایەتی ئۆردوگان و حکومەتی ئاکەپە، دەیەوێ بەشێکی بەرچاوی لەو غەنیمەیە دەست بکەوێت!

بۆرژوازی تورکی بەسەرکردایەتی ئەکەپەو ئۆردوگان، لەپاڵ ئەوەی کە هەوڵ دەدات پێگەی تورکیا وەکو هێزێکی  سیاسی- سەربازی ناوچەیی کاریگەر و ستراتیژی جێگیر بکات، هاوکات لە هەولێ ئەوەدایە  لە دابەشکاریە ئابوریەکانی ناوچەکەدا پێگەیەکی گەورەی هەبێت و ئەو قەیرانە ئابوریەش کە روبەرووی بوەتەوە بە ئاراستەی قایمکردنی دەسەڵات و سیستەمەکەی یەکاڵا بکاتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی دوو جەنگی هاوزەمانی دژی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و دژی نەیارە سیاسیەکانی لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و لەئاستی دەرەوەو لە نزیك سنورەکانیدا بەرپاکردوە.

ئۆردوگان و پارتە کۆنەپەرستە ئیسلامیە نەتەوەپەرستە شۆڤێنیەکەی، لەدوای کۆدێتا سەربازیە سەرنەکەوتوەکەی تورکیاوە و بە بەکارهێنانی وەکو بیانویەك، دەستی داوەتە داپڵۆسین و سەرکوتی سیاسی و پڕکردنی زیندانەکان لە نەیارە سیاسیەکانی. کەشوهەوای جەنگی بەسەر ناوچە کوردنیشینەکاندا داسەپاندۆتەوە. بارودۆخێکی سیاسی میلیتاریزەکراوی بەسەر خەڵکی تورکیادا سەپاندوە. ریفراندۆمی گۆڕینی دەستوری تورکیاش کە دەسەڵاتێکی رەهای بۆ ئۆردوگان و پارتەکەی دەستەبەر کرد، پرۆسەی توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی بە سەرەنجام گەیاند. بۆرژوازی تورکی پێویستی بە سەرکوت و بێدەنگکردنی چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری و یەکسانیخوازی و پێشکەتنخوازی ئەو وڵاتەیە، تا رۆژە ئالتونیەکانی سەرمایە لە تورکیا دەست پێبکاتەوە. هێرشە ئاسمانیەکەی بۆسەر شەنگاڵ و قەرەجوخ و کانتۆنی جەزیرە گۆشەیەك دەبێت لە سیاسەتی جەنگخوازی و هێزنیشاندانی دەوڵەتی تورکیا و ئامانجێکی کۆنەپەرستانەو دژی کرێکاری و دژی ئینسانی جێبەجێ دەکات کە هاوکات دەبێتە  یەکێك لە فاکتەرەکانی راکێشانی ناوچەکەش بۆ ناو گێژاوی سیاسی و نائارامی و جەنگی زیاتر.  ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئەو هێرش و بۆرودمانە ئاسمانیە درندانەیەی دەوڵەتی فاشیست- ئیسلامی تورکیا کە بە ئاگاداری بارزانی ئەنجامی داوە بە توندی ئیدانەی دەکەین.

 حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥ی نیسانی ٢٠١٧