حزب کمونیست کارگری کردستان – جنگ پ ک ک . حز دموکرات کردستان عراق در شنگال در ضدیت با منافع مردم کردستان است و باید محکوم شود

شەڕی نێوان پەکەکە و پارتی لە شەنگاڵ

دژی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەو دەبێت شەرمەزار بکرێت!

بەرەبەیانی رۆژی ٣ی مارسی ٢٠١٧ شەڕ لە نێوان هێزێکی چەکداری سەر بە پارتی لەژێرناوی هێزی پێشمەرگەی رۆژاوا و هێزی چەکداری سەر بە پەکەکە بەناوی هێزی بەرخۆدانی شەنگاڵ لە ناوچەی شەنگاڵ رویدا. پارتی پەکەکە بە دەستپێشخەری شەڕەکە تۆمەتبار دەکات و پەکەکەش بە ئاکامی سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیای دادەنێت. بەڵام رودانی شەڕ لەنێوان پەکەکەو پارتیدا ئەگەرێکی دوور نەبوو. دەمێکەیە پارتی و پەکەکە وەکو دوو هێزی ناسیۆنالیستی کورد لە ململانێیەکی سیاسیدان لەسەر نوێنەرایەتی و سەرکردایەتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد لەئاستی ناوچەکەدا. بێجگە لە لایەنی مێژووی کێشەی نێوانیان، توندبوونەوەی ململانێی نیوانیان لە کوردستانی سوریادا بەئاستێك گەیشتوە کە بەئاقاری جەنگێکی راگەیاندن لەنێوانیاندا گەڕاوە. هاوکات هەرکام لەو دووهێزەش لە دابەشبونە ناوچەیی و ئیقلیمیەکاندا کەوتونەتە بەرامبەر یەکترەوەو بەسەر ئێران و تورکیادا وەکو دوو هیزی ناوچەیی نەیارو مونافیسی یەکتر دابەدش بوون.

دوای روداوی شەنگاڵ و کارەساتی جینۆسایدی یەزیدیەکان لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەڵاتنی هێزە چەکدارەکانی پارتی لەو ناوچەیە، کە نەفرەتێێکی زۆری بەرامبەر پارتی سەری هەڵدابوو، پەکەکە فرسەتێکی بەدەست هێنا پێکەی سیاسی و چەکداری خۆی لەو ناوچەیە دابمەزرێنێت و وەکو هێزێکی چالاکی سەربازی دژی داعش خۆی نمایش بکات . ئەم روداوە چ بۆ پارتی کە ئەم پێشڕەویەی پەکەکەی بە بەرتەسك بونەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆی و لاسەنگەیەك بە زیانی خۆی تەماشا دەکات و چ بۆ دەوڵەتی تورکیا کە پەکەکە بە هێزیكی مەترسیدار بۆسەر خۆی دەزانێ و بەئاشکرا نیگەرانی خۆی لەوە راگەیاندوە کە قەندیلێکی دیکە لە شەنگاڵ دروست بێت، جێگای نیگەرانی و وەکو مەترسیەکی جدی تەماشای دەکرێت. ئێستا کە شەڕی داعش و بوونی داعش لە عێراق و سوریا بەرەو کۆتایی دەچێت و دەرگای  بەرووی ئاڵوگۆڕی سیاسی و گۆڕانکاری لە هاوکێشەی سیاسی نێوان هێزە ناوچەیی و ناو بزوتنەوەی سیاسی بۆرژوازی کورد کردۆتەوەو هەموو لە هەوڵی ئەوەدان جێگای خۆیان لەو هاوکێشەی سیاسی نوێدا قایمتر بکەن، مەسەلەی پاکتاوکردنی حساباتی نێوان پەکەکەو پارتیش وەکو بەشێك لەو روداوە پێ دەنێتە قۆناغی جێبەجێبوون و عەمەلی بوونەوە. شەڕی نێوان هێزەکانی سەر بە پارتی و پەکەکە لە شەنگاڵ بەشێک دەبێت لە شەڕێکی فراوانترو هەمەلایەن و درێژمەوداتری نێوانیان و ئەگەری تێوەگلانی هێزی ناوچەیی و دابەشبوونی نێوان هێزەکانی ناسیۆنالیستی کورد هەیە.

ئەم شەڕەی نێوان دوو هێزی میلیشیایی بۆرژوا- ناسیۆنالیستی کورد دەرکەوتەو بەرهەمی جەنگی نێوان هێزە ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەتانی ناوچەکەیە لەسەر دابەشکردنەوەی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان. هێزە میلیشیاییەکانی ناسیۆنالیزمی کورد دەیانەوێ لەو رێگایەوە پێگەی سیاسی- سەربازی  خۆیان بەهێزو جێگیر بکەن و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان لەسەر حسابی تێکدانی شوێنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بە کوشتدانی رۆڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشان فراوان بکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئەم شەڕە سەرکۆنەو شەرمەزار دەکات و دەبێ دەستبەجێ کۆتایی پێبێت. هیچکام لەو دوو ‌هێزە مافی ئەوەیان نیە کێشەی سیاسی خۆیان لەپێناو باڵادەستی و سەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردایەتی و جێگیرکردنی بەرژەوەندیە سیاسیەکانیان لەسەر حسابی نائارامکردنی شوێنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەکوشتدانی کوڕو کچی خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێش و خزانە ناو کێشمەکێشی دەوڵەتانی تورکیاو ئێران بەئاکام بگەیەنن. هاوکات دەبێ دەستی ئەم هێزە میلیشیاییانە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دووربخرێتەوە و بەرێوەبردنی سیاسی شەنگاڵ بدرێتە دەستی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی ناوچەکە. دەبێ خەڵکی کوردستانی عێراق بەتایبەتی و خەڵکی کورد لەئاستی ناوچەکەو سەرجەم ئازادیخوازن بەشێوەیەکی گشتی دژی شەڕەنگێزی هەردوو ئەو لایەنە بوەستنەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٣-٣-٢٠١٧

ژ. تەلەفۆن: ٠٥٣٣٢٠٤٣٩٩  پێگەی حزب: http://www.hkkurdistan.org/