حزب کمونیست کارگری کردستان – تلاش پارلمان عراق برای بیرون بیرون راندن پوزسیون ایرانی مستقر در عراق را رسوا خواهیم کرد

هەوڵی پەرلەمانتارانی عێراق، بۆدەرکردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی لە عێراق سەرکۆنە و ڕیسوا دەکەین!

لە ناو پەرلەمانی عێراقەوە پرۆژە بریارێک سەبارەت بە قەدەغەکردنی هەڵسورانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی رژێمی ئیسلامی ئێران لە عێراق، کە زیاتر پەیوندە بەو هێزانەی کەلە کوردستانی عێراقدا بارەگاو نوسینگەیان هەیە، هێنراوەتە ئاراوە. بێگومان ئەوەی ئاشکرایە ڕاوەستانی ڕاستەوخۆی جمهوری ئیسلامی ئێرانە  لەپشت ئەم پرۆژە بڕیارەوە، بە تایبەتی کە دەسەڵاتی سیاسی ئیستای عیراق پاشکۆیەکی ئەم رژێمە تیرۆریست و تاوانکارەیە.

سەرباری ئەوەی کە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی چەندین ساڵە لەسەر خواستی جمهوری ئیسلامی لە ژێر گوشاری توندی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا ڕاگیراون، بەڵام پێشنیاری بریارێکی لەم چەشنە لە ئێستادا بە جیا لەوەی کە بە کوێ دەگات، بۆ خۆی نیشاندەری پاشکۆبونی هێزە میلیشیاکانی دەسەڵاتدارە لە عێراق بۆ بەرژەوەندی و سیاسەتی فراوانخوازی وکۆنەپەرستانە و دژی ئازادی و دژی ئینسانیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە‌. هاوکات ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە رژێمی ئیسلامی ئیران دەستی سیاسی باڵای هەیە لە عێراقدا و بەم هەنگاوەش زیاتر دەرگا دەکاتەوە بۆ توندکردنەوەی گوشار لەسەر نەیارانی ئەم رژێمە تیرۆریست و ئینسان کوژە.

هێنانەکایەوەی بڕیاری پێشنیارکراوی لەم چەشنە لە جەرگەی ئاڵوگۆڕێکی سیاسیدایە کە هێزو دەوڵەتانی ناوچەکە کەوتونەتە بەردەم کاریگەری کێشمەکێش و شەڕی نێوان هەردوو جەمسەری ئیمپریالیستی ئەمریکا و ڕوسیا و دەستێوەردانی کۆنەپەرستانەی هەردوولایان  لەناوچەکەدا بۆ شکاندنی هاوسەنگی هێزبە قازانجی خۆیان بە دوای لێدان و پاشەکشە کردن بە داعش لە سوریا و عێراقدا. ئێران لە ڕێگەی حزب و ڕەوتە ئەڵقەلەگۆێکانیەوە هەوڵدەدات جێپێی خۆی لە عێراق زیاتر بەهێزبکات وسەرتاپای یاسا کۆنەپەرست ودژی ئینسانیەکانی خۆی لە عیراق و ناوچەکەدا کۆپی بکاتەوە.

 ئەم هەوڵە بەو ئەندازەیەی هەڕەشە لەحزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان ئێران دەکات لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بە هەمان ئەندازە مەترسیدارە بۆ سەر ئایندەی سیاسی کوردستانی عێراق وبەتایبەتیش دەستی ئەم رژێمە لە هەرێمی کوردستان درێژتر دەکات و کەشوهەوای ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرستی زاڵتر دەکا و سەرەنجام خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستان لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا بەرتەسکتر دەکاتەوەو زەمینە بۆ گەشەی هێزە رادیکاڵ و کۆمۆنیستی و چەپەکانی کوردستانی عێراق سەختتر و نەگونجاوتر دەکات. ئەوەش کۆمەك دەکات بە هەوڵەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادی هەڵسورانی سیاسی کە هەرئێستا لەو هەوڵی جێبەجێکردنیدان.

لایەنیکی کارەساتباری ئەم مەسەلەیە بودەڵەیی هەڵویستی حزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی ئێرانە لەبەرامبەر هەڵویستی بەکرێگیراوانەی حزبە هاوبزوتنەوە دەسەڵاتدارەکانیان لە کوردستانی عێراقدا. ئەو لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە جیاتی پەردەهەڵمالین لەسەر راستیەکان و هوشیارکدنەوەی خەڵک و هەوڵدان بۆ شکلدان بە ریزێکی ئازادیخوازی جەماوەری لەبەرامبەر ئەم نیازە چەپەڵەدا، سەری خۆیان نوقمی دپلۆماسیەت لەگەڵ دەسەڵاتی بورژوازی کوردی کوردستانی عێراق کردوە وڕاستیەکان لە خەڵک دەشارنەوە و خەڵک خاتر جەم دەکەن کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی عێراق ئەوەندە سۆزی نەتەوەییان هەیە کە نەچنە ژێر باری ئەم خواستە چەپەڵەوە!. بەم جۆرە خۆیان لەو راستیە گێل دەکەن کە لە ٢٥ ساڵی رابردوودا حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان چەندین جار سوپای پاسداران و ئیتڵاعاتی جمهوری ئیسلامیان هێناوەتە سەریان وهەروەها دەستی دەزگا جاسوسی و باندە تیرۆریستەکانی جمهوری ئیسلامیان ئاوەڵا کردوە و هاوکاریان کردون لە تیرۆرکردنی دەیان و بگرە سەدان ئەندامی ئەوان و کەسانی مخالفی جمهوری ئیسلامیدا. ئێستا ئەم هێزانە هەم خۆیان لەم ڕاستیانە گێل دەکەن و هەم خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک و فریویان دەدەن. ئەمە سیاسەت و هەڵویستێکی تا سەرمۆخ قەومپەرستانە و ئۆپۆرتۆنیساتە و سازشکارانە و فریکارانەیە و ئاکامەکەی هیچ نابێت جگە لە کەمین خستنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و خەڵکی ئازادیخواز هەم لە عێراق و هەم لە ئێران.

ئەم هەوڵە کۆنەپەرست و دژ بە ئازادی و مەترسیدارە دەبێت لەلایەن جەماوەری کوردستان و ئازادیخوازانەوە دەستبەجێ رەتبکرێتەوەو بەتەواوی دژیەتی و ریسوابکرێ. ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە بە توندی دژی ئەم هەوڵە دەوەستینەوەو سەرکۆنەو ریسوای دەکەین. هاوکات ئاگاداری حزبە سیاسیەکانی کوردستانی ئێرانیش دەکەین کە لەناو خاکی هەرێمدا هەڵسوڕانی سیاسی دەکەن، بە سیاسەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم خۆش خەیاڵ نەبن و لەچوارچێوەی دیپلۆماسیەتی سیاسیدا ئەم مەسەلەیە خەفە نەکەن و ڕوبکەنە خەڵکی ئازادیخوازو هێزو لایەنە ئازادیخوازەکانی کوردستانی عێراق بۆئەوەی لەم پیلانەی رژێمی ئێران و دۆستەکانی لە ناو پەرلەمان و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا لەسەنگەری ئەواندا بوەستن و پشتیوانیان بکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢/٣/٢٠١٧