اعلامیه حزب حکمتیست بمناسبت اول مه جهان نیازمند اکتبر دیگری است!

راگەیەنراوی حزبی حکمەتیست بە بۆنەی یەکی ئایارەوە

جیهان پێویستی بە ئۆکتۆبەرێکی دیکە هەیە!

جیهان بەناو ڕەوشێکی ترسناک و تۆقێنەردا تێدەپەڕێت. نیزامی سەرمایەداری لە جه رگه ی توندبونەوەی قەیرانی ئابوری و جەنگ و ڕکابەریدا، گۆی زەوی خستۆتە ناو گرەوەوە. مەترسی ڕودانی جەنگی ترسناکتر لەوانەی تا ئێستا مرۆڤایەتی دیلکراو ئەزمونی کردوە، لە هەر کاتێک زیاترە. پۆتانسێلی ڕوبەڕوبونەوە و جەنگێکی وێرانکەر لە نیمچە دورگەی کۆریا و هەڕەشەی بەکاربردنی چەکی ئەتۆمی، پۆتانسێلی پێکدادانی ئەمریکا و ڕوسیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پۆتانسێلی بەریەک کەوتنی سەربازی لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای ڕەش، هەر یەکەیان ئەتوانن وەکو بۆمبی تەوقیتی تەقینەوەیەک و جەنگێکی بەربڵاوی هێز و دەوڵەتانی دەرگیر ڕۆڵ ببینن. بە تەنیشت کێشمەکێش و ملهوڕی ئیمپریالیستی و حکومەتە بۆرژواییەکانی ناوچەکەوە، تیرۆریزم لە شکڵ و شێوەی بەرفراواندا لە تیرۆریزمی ئاسمانی و زەمینی و دەوڵەتی، بە خستنەگەڕی ماشێنی میلیتاریزم تا بگات بە تیرۆریزمی ئیسلامی، چینی کرێکار و مرۆڤایەتییان لەنێو نائارامی و هەڕەشەی بەردەوامدا ڕاگرتووە.

سەرمایەداری بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر جیهان بۆ دواوە پاڵدەنێت. بەتەنیشت زمانی هاوبەشی بۆرژوازییەوە، یانی هێرش بۆ سەر چینی کرێکار، سەپاندنی سکهە ڵگوشینی ئابوری و سەندنەوەی دەستکەوتەکانی دەیان دەیەی بەردەوامی خەباتی کرێکاری، بەپۆلیس گرتنی کۆمەڵگاکان و توندکردنەوەی کۆنترۆڵی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و پەسەندکردنی یاساگەلی تایبەت بە بیانوی “بەرانبەرکێ لەگەڵ تیرۆریزم”،هەوساری ڕاستی توندڕەوی فاشیستیان بەرداوە تا بتوانن بە گشتی جیهان بەرەو لای ڕاستتر پاڵبنێن. ئەمە نەخشە ڕێگای بۆرژوازییە لە ناوجه‌رگه ی  قەیرانی ئابوری و قەیرانی ڕابەرایەتیی جیهانی کاپیتالیستیدا. ئاکامی تائێستای ئەم سیاسەتانە، سەپاندنی هەژاری بێوێنە و برسێتی و بێکاریی فراوان بەسەر ملیارد ملیارد خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و سەپاندنی ئاوارەیی و دواکەوتویی و بێ مافی موتڵەق و نەخۆشی و کارەساتی بێ ئەژمارە بەسەر بەشێک لە خەڵکی بێبەشی جیهاندا. ئەمڕۆ سەرمایەداری زیاتر لە ڕابردوو نەک تەنیا مافە سه‌ره‌تاییەکان چەشنی مافی سەلامەتی، مافی خوێندن و مافی ماڵ و سەرپەنای بۆ خەڵکێکی زۆر مەرجدار و تەنانەت نامومکینیش کردوە، بەڵکو جیهانی قەیرانگرتو و ناسەقامگیری ئێستای خستۆتە بەردەم هەڕەشەی دەرچەگەلی ترسناکی فاشیزم و جەنگە وێرانکەر و ئەتۆمییەکانەوە.

سەد ساڵ دوای شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەر، سەرمایەداری هەڕەشەی نابودکردنی جیهانی بەسەر سەری مرۆڤایەتییەوە ڕاگرتووە. جارێکی دیکە و زیاتر لە هەر کاتێک لە نێو مێژووی سەرمایەداری هاوچەرخدا، پێویستی و فەورییەتی ڕێگاچارەی سۆشیالیستی چینی کرێکار وەکو واقعییەتێکی لە ئینکار نەهاتوو دەخرێتەڕوو. نیزامی ئێستا لە سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی ڕۆژهەڵات و دەوڵەتانی خۆشگوزەرانی سۆشیال دیموکراسییەوە تا بگات بە دڕندەیی تەواو عەیاری بازاڕی ئازادی ڕاستی کۆنسەرڤاتیڤ ئەزمون کردوە و ئەمڕۆ لە سیاقی بنبەستێکی ئابوری و ڕکود و هەڵوەشانەوەدا، جارێکی دیکەش دەست بە دامێنی فاشیزم و ملهوڕی سەربازی بۆتەوە. کاتێک بۆرژوازی یاسا و پەیوەندییەکانی تا دوێنێی خۆی بێ ئیعتیبار ڕاگەیەنێت، کاتێک بۆرژوازی و دیموکراسی ڕۆژئاوایی لە بەرانبەر بە ڕاستترین مەیل و نەزعەی دەرونی چینی خۆی و پلاتفۆرمی خۆیدا بەئەژنۆدادێت،  ئەوکاتە جیهان پێویستیی فەوریی بە هاتنه‌مه‌یدانی پرۆلیتاریا هەیە، پێویستی بە دوبارەبونەوەی شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەر هەیە لە نێو سیاقی جیهانی لێوانلێو لە جەنگ و خوێنڕێژی و هەژاری و نائارامی ئابوریدا. هیچ زەمانێک جیهان بە چەشنی ئەمڕۆ پێویستی بە سۆشیالیزم، وە تەنیا بە سۆشیالیزم، نەبووە!

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتدارێتی جمهوری ئیسلامی و ووڵاتانێک کە تایبه‌تمندی سەرەکییان سەرمایەداری دامەزراوە لەسەر بنەمای سەپاندنی ئیستیبداد و سەرکوتی بێپەردە و چەوسانەوەی توندی هێزی کاری هەرزان، لانی کەمی کرێی کرێکاران چەند بەرانبەر لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەسمییەوەیە، کاری کۆیلەئاسا و هەقدەستی نەدراو ڕێسای گشتییە، بێمافی و سەرکوت و تیرۆری موخالیفانی سیاسی بێوینەیە،، هەڵاواردنی ڕەگەزی و دوژمنایەتی ژنان و گانگەستەریزم فەرمانڕەوایە، زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بەرقەرارە. لەم ووڵاتانەدا، هێزەکانی سەردەمی بەردین و ئیسلامی و تیرۆریست و قەومپەرست لەنێو سیاقی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی سەرمایەداریدا بەردراونەتە گیانی خەڵکی، وە هەوڵیان ئەمەیە خەباتی کرێکاری و هەر تێکۆشانێک لەپێناو ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی و سیکیۆلاریزم پەراوێز و ووردکەن. بەڵام هێشتا سەرمایەداری توانای نییە قەیرانی سیاسی و ئابوری چارەسەر یاخود سوک بکات. لە کۆمەڵگای ئێراندا سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم وەکو ئاسۆیەک و ڕێگەچارەیەکی کۆمەڵایەتی زیاد لە هەر ووڵاتێکی دیکە زەمینەی گەشە و هەڵدانی هەیە. ڕوبەڕوبونەوەی سیاسی لە ئێران لەسەر “یاسا” و “جمهورییەت” و “ئیسلامییەت” نییە، لەسەر ڕوخاندنی حکومەتی مەوجود، هەڵوەشانەوەی هەژاری و سەرکوت، لەسەر بەرقەرارکردنی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی گشتییە.

یەکی ئایار ڕۆژی ناڕەزایەتییە دژی نیزامی سەرمایەداری، ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای ئازادی مرۆڤایەتییە. چینی ئێمە بۆ لغاوکردنی کۆنەپەرستی سەرمایە و لەپێناو کردنەوەی ئاسۆی سەرکەوتنی کرێکاریدا پێویستە یەکبگرێت. چینی ئێمە دەبێت لە هەر گۆشەیەکی جیهاندا دەستبەکاری پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی خۆی بێت وەکو ئامڕازی حەیاتی و فەوریی بۆ سازماندانی شۆڕشی کرێکاری. چینی ئێمە دەبێت لە نێو کۆبونەوە گشتییەکان و ڕێکخراوە شوراییەکان و ئۆرگانەکانی کاری ڕاستەوخۆی جەماوەریدا یەکگرتوو بێت. چینی ئێمە پێویستی بە نەخشە ڕێگای ڕۆشن هەیە بۆ سەرکەوتنێکی شۆڕشگێڕانە لەنێو سیاقی قەیرانی ئابوری و کێشمەکێشە جیهانییەکان و ناوچەییەکاندا.

یەکی ئایار ڕۆژی جەختکردنەوەیە لەسەر هەوییەتی چینایەتی – ئینتەرناسیونالیستی چینی کرێکار. چینی کرێکار لە ئێران، لە یەکی ئایاردا هاوپشتی ئینتەرناسیونالیستی خۆی لەگەل تەواوی بەشەکانی دیکەی چینی کرێکاری جیهانی ڕادەگەیەنێت. هەروەها جەختدەکاتەوە کە یەکێتی و ڕێکخراوبون و خەباتی یەکگرتوانەی کارگەری، کلیلی کۆتاییهێنانە بە هەژاری و گرانی و برسێتی و ئیستیبدادی مەوجود. ڕادەگەیەنێت ژیانی ژێر هێڵی هەژاری لانی کەمی کرێی دیاریکراوی جمهوری ئیسلامی قبوڵناکات. لەسەر زیادکردنی هەقدەستی جێگا مەبەستی کرێکاران، دابینکردنی بیمەی بێکاری تێروتەسەل بۆ هەمو کەسانی ئامادە بەکار و هاوڵاتیانی ئامادە بۆ کار، مافی مانگرتن و ڕێکخراوبون و ئازادی زیندانیانی سیاسی و ئازادی تەواوی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و زیندانی و سەرجەمی خواستە دەستبەجێ ئابوری و سیاسییەکانی چینی کرێکار پێدادەگرێت.

یەکی ئایار ڕۆژی تەرحکردن و هێنانەمەیدانی ئەڵتەرناتیڤی سیاسی چینی کرێکارە بۆ ئازادی کۆمەڵگا! لە یەکی ئایاری ئەمساڵدا، سەد ساڵ دوای شۆڕشی کارگەری ئۆکتۆبەر، ڕایگەیەنین؛ جیهان پێویستی بە ئۆکتۆبەرێکی دیکە هەیە! لە یەکی ئایاردا ڕایگەیەنین؛ سەرمایەداری هۆکار و خولقێنەری سەرجەمی نەهامەتییەکانی ئینسانی ئەمڕۆیە، شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالیزم تەنیا ڕێگای ڕزگاریی بەشەرییەتە!

کرێکارانی جیهان یەکگرن!

ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کارگه‌ری!

حزبی کۆمۆنیستی کارگه‌ری  – حکمەتیست

۲۴ فه روه ردینی ۱۳۹۶

١٣ نیسان ٢٠١٧