نهاد مبارزه توده ای و کارگری کردستان – پیش بسوی ایجاد مرکز مبارزاتی

بەرەو پێکهێنانی ناوەندەکانی خەبات

ناوەندی خەباتی جەماوەری و کرێکاری لە کوردستان

ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە ڕادەستکردنەوەی شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بە سوپایەک کە مێژوویەکی خوێناوی هەیە لە سەرکوت، لە ئەنفال و کیمیایی و ئاوارەکردن و قەتڵوعامی خەڵکی کوردستان، بە سوپایەک کە هێزێکی میلیشیای تائیفی پێش خۆی داوە بەناوی “حەشدی شەعبی”ەوە، کە بەواقعی “داعش”ێکی شیعە مەزهەبە، بەڵێ ڕادەستکردنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە، وە بە دیاریکراوی لەلایەن “یەکیەتی” و “پارتی”یەوە، چ بە ساتوسەودای ژێربەژێر لە پشت سەری خەڵکی کوردستانەوە و چ بە پاشەکشەیەکی شەرمەزارانە و ئابڕووبەرانە، بارودۆخێکی قەیراناوی هەمەلایەنە و تڕاژیدیایەکی ئینسانی هێناوەتە ئاراوە لە کوردستانی عێڕاقدا.

لەم بارودۆخەدا، هاوڕای دەرپەڕاندن و ماڵ سوتاندن لەلایەن سوپا و حەشدی وەحشیەوە، ئاوارەیی سەدان هەزاری، گیان لەدەستدانی سەدان، لەگەڵیشیا داخرانی ئاسۆی دەرچون لە برسیەتی و فەقروفەلاکەتی ئابووری، ئیحساس بە شکانی شکۆ، ئیحساس بە تەنهایی و میحنەت، باڵیانکێشاوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەسەڵاتی گەندەڵ و برسیکەری خەڵک، دەسەڵاتی سەرکوتگەر و دژە ئازادی هەرێم، نەک هەر هێزی سەربازی و توانای ئابووری لەدەستداوە، بەڵکو هەرچی زیاتریش سوک و ڕیسوا بووە و هیچ ئیعتیبارێکی نەماوە.

لەم نێوەدا، قەڵەم بەدەستانی لیبڕاڵ، ئۆپۆزیسیۆنی تازە شکڵگرتوو “نەوەی نوێ”، وە نیوە ئۆپۆزیسیۆنی قەدیم و ڕیسوابووی قەومی-ئیسلامی، (گۆڕان و کۆمەڵ)، هەمو ئەمانە دەیانەوێت بەناوی فشارهێنان بۆ دەسەڵات و ناچارکردنی “حوکمەتی هەرێم” و “بارزانی” بە دەست لەکار کێشانەوە، “حوکمەتێکی ڕزگاری نیشتمانی” پێکبهێنن و هەر ئەوەی کە بڕیارە ئەم “حوکمەتی هەرێم”ە و “بارزانی” سەرشۆڕانە بچن لە بەغدا ئیمزا لە شکست و دۆڕاوی خۆیان بدەن لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا، ئەمانە بەناوی “ڕزگاری نیشتمانی” و نوێنەرایەتی “میللەتی کورد”ەوە هەڵسن پێی. بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە برسیەتی و چاوەڕوانیدا ڕاگرن و ڕێگر بن لەوەی ئەو جەماوەرە کارێکی سەربەخۆ ئەنجام بدات بۆ خۆڕێکخستن، بۆ وەستانەوە دژی برسیەتی و دەخالەتکردنیان لە چارەنوسی سیاسی خۆیاندا.

کرێکاران، زەحمەت کێشان، جەماوەری ئازادیخواز، نابێ نەک هەر ڕێگە بدرێت ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دژە ئازادی و ملکەچکەرە جارێکی تر خۆی ڕێکبخاتەوە و دەسەڵاتی نەگریسی دووبارە بەسەر سەرماندا قایم بکاتەوە، بەڵکو وێڕای دادگایی کردنی بەرپرسانی ئەم ڕۆژڕەشیە و دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامانەکانیان کە بە گەندەڵی و دزینی سامانی گشتی بەدەستیان هێناوە، لە هەمانکاتیشدا نابێ ڕێگە بدرێت بەناوی “حوکمەتی ڕزگاری نیشتمانی”ەوە، بە ئاڵوگۆرێکی ڕوکەش و لە سەرەوەڕا، کۆمەڵێک حزب و لایەنی سیاسی تر بێن و خەڵکی لە چاوەڕوانی و برسیەتیدا ڕاگرن، تا مۆدێلێک لە حوکمڕانی بیست و شەش (۲۶) ساڵە ئەمجارە بە شکڵ و شێوازی “ڕزگاری نیشتمانی” درێژە پێبدەنەوە.

دەبێ ئەم ئەزمونە لە حوکمڕانی بە هەموو شکڵ و شێوازێکیەوە، چ دوو ئیدارەیی، چ حوکمەتی هاوپەیمانەتی “پارتی و یەکیەتی”، چ “حکومەتی بنکە فراوان” و “تەکنۆکرات” وە چ لە ئێستادا بەناوی “حوکمەتی ڕزگاری نیشتیمانی”ەوە لە ڕیشەوە بنەبڕ بکرێت، وە سیستم و مۆدێلێک لە حوکمرانی لە کوردستاندا جێگەی بگرێتەوە کە لەسەر بنەمای ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکاری و زەحمەتکێشی کوردستان دامەزرا بێت.

کرێکارانی پێشڕەو، هەڵسوڕاوانی سۆشیالیست، جەماوەری ئازادیخواز! ئەمڕۆ ڕۆژی دەستپێشکەری و هاتنەمەیدانە بۆ ڕێکخراوکردنی جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەکێشی کوردستان، بۆ بەرجەستەکردنەوەی خواستەکانیان، بۆ پێدانی ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ دەخالەت لە چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگە و چەکدار بوون بۆ داسەپاندنی ئیرادەی خۆیان.

جا بەبێ یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی ڕیزەکانی خۆمان، ڕێکخراوکردنی جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەتکێش وە ئاسۆدارکردنیان و هێنانەمەیدانیان بۆ دەخالەت لە چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگەدا کارێکی سەختە، بۆیە کاری دەستبەجێ و هەنوکەیی لەمڕۆدا پەیوەندی گرتنی خۆمانە بە یەکتریەوە و هێنانەدی ناوەندەکانی خەباتە لە شار و شارۆچکەکاندا، لە شوێنی کار و گەڕەکەکاندا. لەو ناوەندانەدا کار و پلانی هاوبەش بخرێتە دەستوری کارەوە بۆ ڕابەرایەتی کردنی ناڕەزایەتیەکان و ئاسۆدارکردنیان، بۆ دەستبەکاربوون بۆ هێنانەدی ئۆڕگانەکانی ئیرادەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە شۆرا و ڕێکخراوەکانیاندا.

۲۳-۱۰-۲۰۱۷

نوشتن نظر



HOME